دەستڕاگەیشتنی نایەکسان بە خزمەتگوزاریەکان پەیوەست بە مەمۆگرافی بۆ شێرپەنجەی مەمک
2025/10/23 , بینین : 126


ئارێز محەمەدی

مەمۆگرافی وەک ئامرازێکی پزیشکی بۆ زو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک دیاری دەکرێت، بەڵام پەیویستیشە کە بە وردی لێی بڕوانین و بزانین کە ئەم پرۆسە تەنها پەیوەندی بە جەستە و نەخۆشییەوە نییە، بەڵکو هاوکاتیش بەستراوەتەوە بە سیاسەت، پرسی چینایەتی و دەسەڵاتەوە، کە کام لە ژنان دەتوانن سوودمەند بن لە خزمەتگوزارییەکانی مەمۆگرافی لە کاتی خۆیدا و کام لە ژنان ناتوانن!. 

زۆرێک لە ژنان لە ئێران و کوردستان، بە تایبەت لە ناوچە پەراوێز خراوەکان، بە هۆکاری ئابوری، کولتوری و بناغەی هەڵە، لە دەستڕاگەیشتن بە مەمۆگرافی بێبەشن. هەژاری، نەبونی سەنتەری پزیشکی لەبار، شوێن و مەودای جوگرافی، زۆرێک لە ژنان لە سەرەتاییترین ئەگەری گرنگیدان بە جەستەیان دور دەخاتەوە.

لە سیستەمی تەندروستیی ئەمڕۆدا هێشتا جەستەی ژنان پەراوێزخراوە. زۆرجار سیاسەتەکانی تەندروستی گشتی لە ڕوانگەی پیاوانەوە داڕێژراون، وەک ئەوە وایە جەستەی ژنان تەنیا کاتێک کە پەیوەندی بە زاوزێ یان دایکایەتییەوە هەبێت، شتێکی سەرنجڕاکێش بێت. لە پێکهاتەیەکی لەو جۆرەدا تەندروستی ژنان نەک وەک مافێکی کۆمەڵایەتی بەڵکوو وەک بابەتێکی کەسی و تایبەت سەیر دەکرێت. شتێک کە ژنان خۆیان دەبێت بەڕێوەی بەرن، تەنانەت ئەگەر پێکهاتە ئابووری و سیاسییەکانیش ڕێگری لەم کارە بکەن.
جگە لەوەش لە زۆرێک لە کۆمەڵگاکاندا، لەوانەش کۆمەڵگەی کوردستان، تابۆی کولتووری و شوورەییە پرسە کۆمەڵایەتییەکانی سەر جەستەی ژنان، بەهێز ماونەتەوە. قسەکردن لەسەر مەمک، دەست لێدان لە جەستە، یان چوون بۆ لای پزیشک بۆ پشکنین هێشتا پەیوەندی بە بێدەنگی یان ترسەوە هەیە لە زۆرێک لە بنەماڵەکاندا. ئەم بێدەنگییە هەم پەیوەندی بە نەریتەوە هەیە هەم دەرئەنجامی مێژویی چەوساندنەوەی جەستەی ژنانە لە سیستەمی پیاوسالاریدا، کە جەستەی ئەوان هەمیشە ئۆبژەی کۆنترۆڵ بووە نەک گرنگیدان.

لە لایەکی دیکەوە سیستەمی تەندروستی بە دەگمەن بەرپرسیارێتی ئەم نایەکسانییە قبوڵ دەکات. کاتێک دەوترێت کە ژنان دەبێ "زیاتر هۆشیار بن"، ئەم لێدوانە لە ڕووکەشدا ئەرێنییە، بەڵام لە واقیعدا بارگرانی بەرپرسیارێتی لە پێکهاتە دەگۆڕێت و دەیخاتە سەر شانی ژنان. هۆشیاری پێویستە، بەڵام بەس نییە. چۆن چاوەڕوان دەکرێت ژنێک کە لە گوندێکی دوورەدەست دەژی و داهاتێکی کەمی هەیە و ڕووبەڕووی کولتوورێک دەبێتەوە کە جەستەی بە "تابو" دەزانێت، مەمۆگرامی بەردەوامی بۆ بکرێت؟

هەر لەبەر ئەم هۆکارەش پێویستە بە تەنیا لە "پەروەردە" تێپەڕین بۆ چەمکی یەکسانی تەندروستی. یەکسانی کە تەنها بە مانای پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری نییە، بەڵکوو لابردنی بەربەستە ئابووری و جوگرافی و کولتوورییەکانیشە. تا ئەو کاتەی دەستڕاگەیشتن بە مەمۆگرافی بەستراوەتەوە بە چین و شوێنەوە، جەستەی ژنان بەردەوامە لە پشتگوێخستنی پێکهاتەیی.

لە کوردستاندا چیرۆکی تەندروستی ژنان بەشێکە لە هەمان واقیعی گەورەتر: ناوەند و پەراوێز. وەک چۆن سەرمایە و گەشەپێدان و میدیا لە ناوەنددا چڕبوونەتەوە، تەندروستیش بە هەمان شێوە. ژنانی پەراوێز، سەرەڕای بارگرانییەکی قورسی کاری ناوماڵ و کۆمەڵایەتی، زۆرجار بەبێ هیچ گرنگییەک دەژین. زۆرێکیان تەنها کاتێک شێرپەنجەی مەمک دەناسنەوە کە نەخۆشییەکە لە قۆناغێکی پێشکەوتوودایە و چارەسەری نەماوە.

بۆیە شەڕ بۆ تەندروستی ژنان بەشێکە لە شەڕی یەکسانی کۆمەڵایەتی. سیاسەتی تەندروستی دەبێت جەستەی ژن بناسێت، نەک وەک شتێکی چارەسەرکراو، بەڵکوو وەک بابەتێکی خاوەن ماف. 

 

زۆرترین بینراوەکان