
ژیمان عەبولرەحمان
لە ١٩ـی ئەیلولی ساڵی ١٨٩٣ دا ، نیوزلەندا بوە یەکەم وڵاتی خۆبەڕێوبەری لە جیهان دا کە مافی دەنگدانی بە ژنان لە هەڵبژاردنی پەرلەمان دا بەخشی. دوای ١٣٢ ساڵ، بەپێی راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان زۆربەی وڵاتان هێشتا لەسەر رێڕەوی گەیشتن بە یەکسانی جێندەری لە سیاسەت دا نین، بەپێی ڕاپۆرتەکانی نێردەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکای عێراق و کۆمیسیۆنی ئابوری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕۆژئاوای ئاسیا، وڵاتی عیراق لە پلەی ٧٠هەمینی جیهاندایە لەڕوی نوێنەرایەتی ژنان لە پەڕلەمان، لە هەرێمی کوردستان لە شەش خولی پەرلەمان لە کۆی ٧٣٠ ئەندام، ٥٤٦ ئەندامیان پیاو بون و تەنها ١٨٤ ئەندامیان ژن بون .
هەرێمی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ـەەوە تا ئەم ساڵ، شەش هەڵبژاردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەنجامداوە، بەڵام تا ئێستا ژنان بە سیستمی کۆتا دەبنە ئەندامی پەڕلەمان، بەپێی مادەی( ٢٢-١)ـیی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ـی ساڵی ١٩٩٢ی هەموارکراو، نابێت ژمارەی ئەندامانی ژن لە پەرلەمانی کوردستان لە ٣٠%کەمتر بێت.
لە هەڵبژاردنی خولی یەکەمی پەرلەمان، لە ساڵی ١٩٩٢ دا، نۆ سەد و٦٧هەزار و ٢٢٩ کەس دەنگیانداوە، لە کۆی ١١١ کورسی پەرلەمان تەنها ٦ ژن لەلایەن حزبەکانیانەوە نێردراونەتە پەرلەمان. لە هەڵبژاردنی ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، دو ملیۆن و ٨٧ هەزار و ٩٧٢ کەس دەنگیانداوە ،لە کۆی ٣٦٨ کاندیدی ژن تەنها ٨ کاندید دەنگی پێویستی بۆ پەرلەمان بەدەست هێناوە ،٢٢ کاندیدی دیکەی ژن بە سیستمی کۆتا بوون بە ئەندام پەرلەمان .
ئەوەی جێگای پرسیارە بۆچی دوای ٣٣ ساڵ ئەگەر سیستمی کۆتا نەبێت کەمترین کاندیدی ژن دەبێت بە پەرلەمانتار ؟
- هێزە سیاسییەکان خۆیان هۆکارن
لە دوای هەڵبژاردن کەمی دەنگی کاندیدە ژنەکان بابەتی سەرەکی گفتوگۆی نێوان ژنانی میدیاکار و چالاکوانان بوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان دا، بەشێکیان پێیان وایە هێشتا لەلای حزبەکان بابەتی بەشداری کارای ژنان لە پێگە سیاسیەکاندا بابەتێکی ڕوکەشە و لە چوارچێوەی باوەڕبونیان بە تواناکانی ژنان نیە، بەشداریکردنی ژن لە پەرلەمان تەنها ژمارەیە، بە پشت بەستنیان بە سیستمی کۆتا لە دیاریکردنی کاندیدەکان یان دەرچوونیان، بەرژەوەندی کەسی و حزبی لەبەرچاودەگرن نەك تواناکانی ژن، بۆیە بەشێك لە ژنە پەرلەمانتارەکان تەنها لە هەڵمەتی هەڵبژاردن دەردەکەون ڕۆڵی کارایان نییە لە پەرلەمان ،ژنان کەمتر لە سەرۆکایەتی لیژنە هەستیارەکانی پەڕلەمان و پێشکەشکردنی پڕۆژە یاسا و بەشداریکردن لە هەموارکردنەوەی یاساکان دا دەبینرێن ،ئەوەش کاریگەری لەسەر دەنگدەر دەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتودا .
- جیاوازی رەگەزی لە ڕووماڵی میدیا دا
کارکردنی میدیا کاریگەری گەورەی لەسەر کۆمەڵگاو دەنگدەر هەیە، ڕوماڵی میدیایی پێش هەڵبژاردن و لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن دا ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە هەڵسەنگاندنی کاندیدی نێر و مێدا، زۆرجار ڕاپۆرتی میدیاکان لەسەر ژنە سیاسەتمەدارەکان یان ژنە کاندیدەکان کەمتر لەبارە بەراورد لە پیاوان، لەبەرئەوەی زیاتر گرنگی بە ڕواڵەتە جەستەیی و ژیانی تایبەتی دەدرێت و کەمتر گرنگی بە تواناکانی لە پرسە سیاسیەکان و سیفەتەکانی سەرکردایەتی دەدرێت، بەشێوەیەکی سەرەکی ئەو بیروباوەڕە کۆنەپەرستانەی پێشتر هەبوون سەبارەت بە ڕەگەز بەهێزتر دەکات واپیشان دەدات کە پیاوان بەتواناترن لە پرسە هەستیارەکانی وەك ئابوری و بەرگری و سیاسەتی دەرەوە، ژنان زیاتر لەگەڵ کەرتی پەروەردە و فێرکردن دەگونجێن.
لایەنگری جێندەری لە بڕ و جۆری روماڵکردنی میدیایی سیاسییەکان بابەتێکی گرنگە ،لەبەرئەوەی ئێستا دەنگدەران بە گشتی تەنها پشت بە میدیا دەبەستن وەك سەرچاوەی زانیارییەکان، بۆیە ڕاپۆرت و ڕووماڵی میدیاکان دەتوانێ زیان بە چانسی هەڵبژاردنی ژنە کاندیدەکان بگەیەنێت.
بەشێوەیەکی گشتی سێکسسیزم باڵی بەسەر میدیای کوردیدا کێشاوە، بەوەش توانای ژنی لە بوارەکانی جوانکاری و مۆدێڵ و نمایش دا بەرجەستەکردووە، نەیتوانیوە ژن وەك ڕۆڵ مۆدێڵێکی کاریگەر لە پرسە سیاسی و هەستیارەکانی کۆمەڵگا دەربخات، میدیای سێکسی بەشدارە لە کەم نوێنەرایەتیکردنی ژنان لە سیاسەت دا، توێژینەوەکان لەبارەی بەشداری ژن لە سیاسەت دا، ئەوە دەسەلمێنن تا سێکسیزم لە میدیاکان دا زیاتر بێت، کاندیدی ژن کەمتر دەبێتەوە. میدیا کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەر دەنگدەران هەیە و جیاوازی جێندەری لە ڕووماڵکردنی میدیادا دەتوانێت لێکەوتەی راستەقینەی هەڵبژاردنی هەبێت.
- بە ئامانج گرتنی کاندیدی ژن لە هەڵمەتی هەڵبژاردن دا
ژنان لە سیاسەت دا ئاستێکی بەرزی توندوتیژی ،بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست، سوکایەتیکردن ئەزموون دەکەن، لە ئێستا دا بەهۆی بەربڵاوی بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا لەلایەن پارتە ڕکابەرەکانەوە کاندیدی ژن دەکرێتە ئامانج بە بڵاوکردنەوەی "سکانداڵ"سەبارەت بە ژیانی تایبەتی خۆی، دروستکردنی وێنەو ڤیدیۆی سێکسی و هاککردنی هەژماری تایبەت ، بۆ نمونە لە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عیراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٨دا، بەشێکی زۆر لە کاندیدی ژن ڕوبەروی ناوزڕاندن بوونەوە، گرتەی سێکسی ناراستیان لەسەربڵاوکرایەوە، بەوهۆیەش چەند ژنە کاندیدێک لە پڕۆسەی هەڵبژاردن کشانەوە، بڵاوکردنەوەی گرتەی سێکسی و ناوزڕاندن تا ئێستا دەتوانێت ڕۆڵی هەبێت لە گۆڕینی ئاڕاستەی هەڵبژاردن، لەو کۆمەڵگایانەی کە داب و نەریتە باوەکان بەسەریاندا زاڵە زیاتر کاریگەری دەبێت، وێنەیەکی قبوڵنەکراو لەسەر بەشداری ژن لە پڕۆسەی سیاسی دا لە بەرچاوی دەنگدەر دروست دەکات.
- ژن بۆ سیاسەت نابێت
لەگەڵ کۆی ئەو هۆکارانەی لەسەرەوە باسکرا هێشتا ئەو باوەڕە زاڵە کە دەڵێت " ژن ناسکە.. بۆ سیاسەت نابێت "، ئەم بیروباوەڕە ڕەگێکی قوڵی مێژووی هەیە کە تا ئێستا ژنانی جیهان بە دەستیەوە دەناڵێنن.بە درێژایی مێژوو بەهۆی نەریتە باوەکانەوە پیاوان خێزان و وڵاتیان بەڕێوە بردووە لێرەوە بیروباوەڕی سیاسەت و دەوڵەتداری بۆ پیاوان گەشەی کردووە. بە پێی ڕاپۆرتێکی شیکاری )UNDP( کە زانیاری ٧٥ وڵا لەخۆدەگرێت کە زیاتر لە ٨٠%ی دانیشتوانی جیهان دەگرێتەوە، سەرەڕای دەیان ساڵ پێشکەوتن لە داخستنی بۆشایی یەکسانی نێوان ژن و پیاو ، نزیکەی ٩٠%ی ژن و پیاو جۆرێك لایەنگیریان لە دژی ژنان هەیە، نیوەی پیاوان و ژنانی جیهان پێیان وایە پیاوان سەرکردەی سیاسی باشترن لە ژنان، واتە ئەم بابەتە گشتگیرە هێشتا کۆمەڵگا متمانەی بە ژن نیە ،بە پێی ڕاپۆرتی دامەزراوەی ژنانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان ،لە ٢٠٢٤ دا، ژنان لە ٢٧%ی کورسی پەرلەمانە نیشتیمانییەکان و ٣٥%ی کورسییەکانی حکومەتە خۆجێییەکانیان بەدەستەوەیە.
تەنها لە شەش وڵاتدا ڕێژەی ژن لە پەرلەمان نیوە یاخود زیاترە. نایەکسانی جێندەری لە نوێنەرایەتی سیاسیدا پرسێکی بەردەوامە لە سەرانسەری جیهاندا،پێشکەوتن بۆ یەکسانی جێندەری خاو و نایەکسانە،هێشتا ژنان لە سیاسەت و پەرلەمان و ژیانی گشتی دا کەمن، سەرهەڵدانی قەیرانە جیهانیەکان، لە شەڕەکانەوە بۆ پەتا و گۆڕانی کەش وهەوا کاریگەرییەکی ناڕێژەیی لەسەر ژیانی ژنان هەیە و پێشکەوتن بەرەو یەکسانی جێندەری زیاتر دەوەستێنێ ،ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەبەوەدەکەن، بە پێی ڕێڕەوی ئێستا ١٣٠ ساڵ دەخایەنێت تا یەکسانی جێندەری لە بەرزترین پۆستەکانی دەسەڵاتدا بەدەست بهێنرێت، واتە هێشتا خەباتێكی درێژ و نەبڕاوە لەبەردەمی ژناندا ماوە.