ژنانی گەرمیان لەنێوان نەریتی كۆمەڵایەتی‌ و سیاسەتی نێرسالارانەدا؛ ناتوانن ببنە چاودێری سیاسی
راپۆرت
2025/07/24 , بینین : 2,250


* نەوژین، سێوە زۆراب 

بۆچی ژنانی چاودێری سیاسی لە گەرمیان ونن؟ وەڵامەکە تێکەڵەیەکە لە نەریتێکی کۆمەڵایەتی کە "بۆچونی ژن پشتگوێ دەخات،" سیستمێکی سیاسی کە "مۆرکێکی پیاوانەی هەیە،" و پەراوێزخستنی جوگرافیی ناوچەکە، لەم راپۆرتەدا تیشک دەخەینە سەر چۆنیەتی کارلێکی ئەم هۆکارانە پێکەوە.

چاودێران و چالاکوانان بۆ نەوژین باس لەوە دەکەن، کۆمەڵێک هۆکاری چین لەسەر چین وایانکردوە ژنانی گەرمیان لەم بوارەدا رۆڵێکی بەرچاویان نەبێت؛ لە کۆتوبەندی کۆمەڵایەتییەوە بگرە تا دەگاتە سروشتی پیاوسالارانەی سیاسەت لە کوردستاندا.

بە وتەی چالاکێکی ژنان، یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکان لە بەردەم ژنانی گەرمیان دا، ئەو ژینگە کۆمەڵایەتی و کلتورییە داخراوەیە کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەڵبژاردنەکانی ژیان و پیشەیان هەیە.

هەیفا مەجید، چالاکی ژنان و هاوکات بەڕێوەبەری رێکخراوی شۆخی ژنان، بە نەوژینی وت: کۆمەڵگا و دابونەریتی ناوچەکە کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر دورکەوتنەوەی ژنان لە سیاسەت، لە گەرمیان خەڵک زۆر گوێ بە بۆچونی ژن نادەن و گرنگیی پێ نادەن، ئەم پشتگوێخستنە وا دەکات ژن متمانەی بەخۆی نەمێنێت تا بچێتە نێو بوارێکی پڕ کێبڕکێی وەک سیاسەتەوە.

کاری چاودێری سیاسی تەنها دانیشتن و نوسین نییە، بەڵکو پێویستی بە تێکەڵاویی بەردەوام، دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ سیاسییەکان ‘کە زۆرینەیان پیاون’ و ئامادەبون لە کۆڕ و کۆبونەوەکاندا هەیە، هەیفا مەجید دەڵێت: ئەم تێکەڵاوییە لە کۆمەڵگەی گەرمیاندا بۆ ژن ئاسان نییە و رەنگە خێزانەکان رێگر بن یان خودی ژنەکە لەبەر قسەی خەڵک نەتوانێت بەو ئازادییە کار بکات.

تەنانەت ئەگەر ژنێک بتوانێت بەربەستی کۆمەڵایەتیش ببڕێت، روبەڕوی سیستەمێکی سیاسی دەبێتەوە کە لە بنەڕەتدا پیاوانە داڕێژراوە، ئەمە بۆچونی ژنە چالاکێکی دیکەیە.

نیگار رەشید، چالاکی ژنان، پێی وایە کێشەکە گشتییە و تەنها تایبەت نییە بە گەرمیان، ئەو بە نەوژین دەڵێت: سیاسەت لە هەرێمی کوردستان بە گشتی مۆرکێکی پیاوانە و نێرانەی هەیە، هەمو بڕیار و یاساکان لە بەرژەوەندیی سیستمی نێرسالاریدان.

بە بڕوای نیگار، بونی ژن لە پۆستەکان و پارلەماندا زیاتر ‘چەندێتی’ـیە نەک ‘چۆنێتی’، ژمارەیان زیاد کراوە بۆ جوانکردنی دیمەنی سیستەمەکە، بەڵام دەسەڵاتی راستەقینەیان نییە بۆ گۆڕانکاری، پێیشی وایە: ژنی ناو سیاسەتی ئێمە لە خزمەتی سیستمی نێرسالاریدایە و رۆڵی راستەقینەی خۆی ناگێڕێت، چونکە هێشتا لە دیدی کۆمەڵگا و سیستمی سیاسیدا رۆڵی جەستەیی تێنەپەڕاندوە.

زیاتر وتی: ژن لێرە بڕوای بە سیستمە سیاسیەکە نییە، بۆیە نەیتوانیوە ببێتە چاودێرێکی چالاک تێیدا.

بەبڕوای رۆژنامەنوسێک پەراوێزخستنی جوگرافی ناوچەکە، هۆکارێکی دیکەیە کە وایکردوە ژنان لەم بوارە چالاک نەبن، دڵشاد ئەنوەر وتی: گەرمیان ناوچەیەکی کەنارە و وەک شارە گەورەکانی تر نییە کە مێژویەکی دور و درێژیان لە کاری سیاسی و ململانێدا هەیە، بە وتەی ئەو، لە کاتێکدا شارەکانی وەک سلێمانی و هەولێر دەیان ساڵە ناوەندی بڕیاری سیاسی بون، خەڵکی گەرمیان تازە بە تازە تێکەڵی سیاسەت دەبن و شارەزا دەبن، ئەوانیش زیاتر پیاوانن.

ئەم دواکەوتنە مێژوییە بۆشاییەکی گەورەی لەڕوی ئەزمونەوە دروست کردوە، چاودێری سیاسی پێویستی بە بڕوانامە، شارەزاییەکی قوڵ لە مێژوی سیاسی، و توانای شیکردنەوەی ئاڵۆزییەکان هەیە. دڵشاد ئەنوەر دەڵێت: بەهۆی ئەوەی لە رابردودا زەمینەسازی نەکراوە، ژنان ئەو ئەزمون و توانایەیان نییە و لەو روەوە فەراغێکی گەورەمان هەیە.

خودی ژنان؛ قوربانی سیستەم یان کەمتەرخەم؟

لەگەڵ هەمو ئەو هۆکارانەی سەرەوە، زۆرکات بەشێک لە رەخنەکان ئاراستەی خودی ژنان دەکرێن، بەڵام نیگار رەشید، ئەمە بە دەرئەنجامی هۆکارەکانی تر دەزانێت نەک هۆکاری سەرەکی.

جەختیکردەوە: پێگەی ژن، سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی دیاری دەکات لەگەڵ ئاگایی خودی ژن، بەداخەوە لێرە کۆی سیاسەت و کۆمەڵگا لە خزمەتی سەرکوتکردنی ژنانن تا ئاگاییان گەشە نەکات.

“کاتێک ژنێک لە مناڵییەوە فێر دەکرێت کە بۆچونەکانی گرنگ نین و سیاسەت کاری ئەوان نییە، لە گەورەبونیشدا سیستەمێکی سیاسیی پیاوسالار دێتە پێشوازیی، دروستبونی ئیرادە و متمانە بۆ بون بە چاودێرێکی سیاسیی بوێر و رەخنەگر، کارێکی ئەستەم دەبێت”. نیگار وا دەڵێت.

دەشڵێت: بۆیە، غیابی ژنی چاودێری سیاسی لە گەرمیان، چیرۆکی تاکەکەسێک نییە کە حەزی لە سیاسەت نییە، بەڵکو ئاوێنەی کۆمەڵگە و سیستەمێکە کە هێشتا نەیتوانیوە ژن وەک هاوبەشێکی یەکسان و خاوەن بۆچون لە پرۆسەی سیاسیدا قبوڵ بکات.

 

زۆرترین بینراوەکان