* نه‌وژین
ژنه یاریزانێكى تۆپی پێ له ئیسپانیا، رهدیكردهوه خوله‌كێك به بێده‌نگیی بۆ رێزلێنان له ئه‌ستێره‌ى كۆچكردوى تۆپی پێ (مارادۆنا) بوه‌ستێت، به‌ڵكو له بری ئه‌وه دانیشت!
پاولا دابینا، ژنه یاریزانێكى تیپی "ڤیگاس ئیتریز"ـه، له یاریی یانه‌كه‌ى به‌رامبه‌ر به یانه‌ى "دیپۆرتیڤۆ لاكه‌رۆنیا" له خولی پله سێی ئیسپانی بۆ تۆپی پێی ژنان، له پێش ده‌ستپێكردنى یارییه‌كه ئاماده نه‌بو هاوشێوه‌ى یاریزانه‌كانى دیكه خوله‌كێك بۆ رۆحی یاریزانی ئهرژهنیتینی دیگۆ ئارماندۆ مارادۆنا بوه‌ستێت، به‌ڵكه له بری ئه‌وه دانیشت.
پاولا، هۆكارى ره‌فتاره‌كه‌ى گه‌ڕانده‌وه بۆ هه‌ڵوێستى به‌رامبه‌ر به‌و توندوتیژیه‌ى كه مارادۆنا به‌رامبه‌ر به كچه هاوڕێیه‌كى ئه‌نجامیی داوه.
مارادۆنا له ساڵی 2014 له‌لایه‌ن كچه هاوڕێیه‌كیه‌وه تۆمه‌تبار كرا به‌وه‌ى توندوتیژی به‌رامبه‌ر كراوه و لێی دراوه، ئه‌م تۆمه‌ته‌ش له‌لایه‌ن یاریزانه ئهرژهنیتینیهكهوه ره‌د كرایه‌وه.
ئه‌گه‌رچی مارادۆنا له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌ته سزاى وه‌رنه‌گرت، به‌ڵام وه‌كو خاڵێكى سلبی له‌سه‌ر ئه‌و تۆمار كرا، هه‌ر ئه‌مه‌ش پاڵی به یاریزانه ئیسپانیهكهوه نا كه ئاماده نه‌بێت خوله‌كێك به بێده‌نگی بۆ رۆحی ئه‌و یاریزانه بوه‌ستێت.
پاولا، له‌مباره‌یه‌وه ده‌ڵێت: پێموایه دوڕوییه ئه‌گه‌ر خوله‌كێك به بێده‌نگی بۆ رۆحی مارادۆنا بوه‌ستین، له‌كاتێكدا ئه‌و تۆمه‌تباره به ئه‌نجامدانى توندوتیژی دژ به ژنان.
مارادۆنا هه‌فته‌ى رابردو له ته‌مه‌نى 60 ساڵی دا به جه‌ڵته‌ى دڵ كۆچی دوایی كرد.