خانمانی دهۆک بونە پاڵەوانی خولی فوتساڵی کوردستان

2025/05/27    66 جار بینراوە

* نەوژین

دوای بردنەوەیان لە خانمانی هەولێر، خانمانی دهۆک بۆ سێیەمجار لە مێژودا، بون بە پاڵەوانی خولی فوتساڵی کوردستان. 

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە (٢٧ـی ئایار) کاتژمێر سێی دوانیوەڕۆ، هەردو یانەی خانمانی دهۆک و هەولێر لە یاریگای یانەی دهۆک لە یاری کۆتایی خولی فوتساڵی خانمانی کوردستان روبەڕوی یەک بونەوە و لە ئەنجامدا خانمانی دهۆک توانیان بە (٦ گۆڵ بەرامبەر بە ٥ گۆڵ) یارییەکە ببەنەوە و ببنە پاڵەوانی ئەم وەرزە.

ئەم وەرزە خولی فوتساڵی کچانی کوردستان بە بەشداریی ٨ یانە کە بەسەر دو کۆمەڵەدا دابەش بوبون بەڕێوەچو، بەراورد بە ساڵانی رابردو ژمارەی تیپەکان کەمکرابونەوە و شێوازی یاریەکانیش کرابو بە شێوازی هاتن و چون، بەشێوەیەک هەر یانەیەک لە قۆناغی یەکەم شەش یاری ئەنجامدا، سێ یاری لە یاریگای خۆی و سێ یاری لە دەرەوەی یاریگای خۆی، خاوەنی پلەکانی یەکەم و دوەمی هەر کۆمەڵەیەك گەیشتنە چوار گۆشەی زێڕین.

لە كۆمەڵەی یەكەم یانەكانی ئافرەتانی هەولێر و سیروانی هەڵەبجە، لە كۆمەڵەی دوەمیش یانەکانی ئافرەتانی دهۆک و چەمچەماڵ گەیشتنە قۆناغی چوارگۆشەی زێرین، لە چوار گۆشەی زێڕین یانەی ئافرەتانی هەولێر بەسەر سیروان و دهۆکیش بەسەر چەمچەماڵ سەرکەوتن.

یانەی دهۆک بەم سەرکەوتنەی بۆ سێیەمجار لە مێژودا بوبە پاڵەوانی خولەکە، لەبەرامبەریشدا هەولێر بەهەمان شێوە سێ جار بوە بە پاڵەوان. هەروەک کچە یاریزانی یانەی دهۆک سیپەل شکور بە تۆمارکردنی ٢٩ گۆڵ بو بە گۆڵکاری خول. 
 



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,536,266     ژمارەی میوان 35

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە