سارا عومەر تاجی لۆریاڵی زێرینى لەسەر نا

2020/11/20    1144 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
ژنه‌ نوسه‌رى دانیماركی به‌ره‌گه‌ز كورد: سارا عومه‌ر، لە شاری کۆپنھاگن لە وڵاتی دانیمارک، خەڵاتی ئەدەبی "لۆریاڵی زێڕین  The Golden Laure"ى پێبەخشرا.
 
سارا عومه‌ر، ساڵی ١٩٨٦ شاری سلێمانی لەدایکبوە، ئێستا لە دانیمارک نیشتەجێیە، پێشتر شیعر‌ و نوسینی ئەدەبی بە‌زمانی کوردی بڵاوکردوه‌تەوە، بەڵام رۆمانی "مردوشۆر"ی بەزمانی دانیمارکی بڵاوکردەوە کە بەوهۆیەوە بوە هەڵگری نازناوی ژنی ساڵی ٢٠١٩.
 
 "لۆریاڵی زێڕین" خەڵاتێکی ئەدەبیی دانیمارکییە، کە لە ساڵی ١٩٤٩دا دامەزرێندراوە، ھەمو ساڵێکیش بە یەکێک لە نوسەرەکانی وڵاتی دانیمارک دەبەخشرێت، نوسەری براوە کەسێکە زۆرترین خوێنەری ھەبوە و کتێبەکە بە شێوەیەکی بەربڵاو بەناو کۆمەڵگادا بڵاوبۆتەوە ھەر نوسەرێکیش دەتوانێت یەکجار لە ژیانیدا ئەم خەڵاتە وەربگرێت. 
 
هەروەک سارا دەبێتە یەکەمین نوسەری کورد کە ئەو خەڵاتە وەربگرێت، ھەروەھا یەکەمین نوسەرێکی پەناھەندەیە لە ھەمانکاتدا گەنجترین نوسەرە خەڵاتەکەی پێبەخشرابێت.
 
”کتێبەکانم بۆنی خوێنیان لێدێت“
 
سارا، لە وتارەکەی لە شاری کۆپنھاگن جەختی لەوەکردوە: بەرگریکردن لە ئازادی نوسین و رادەربڕین بابەتی ھەرە گرنگیی ئەم سەردەمەیە و ئەم ئازادییە لە ئێستادا لەژێر ھەڕەشەیەکی بەردەوام و ھەمەلایەندایە، ئەدەبی من و خۆشەویستیم بۆ نوسین، بون بە شمشێرێک دژ بە نادادپەروەریی و سەرکوتکردن، لە ھەمانکاتدا خوێنەرەکانم بون بە سوپا و بەو جەنگاوەرانەی، کە هەمان جەنگی من درێژە پێدەدەن. 
 
کتێبەکانی سارا وه‌كخۆی ده‌ڵێت "بۆنی خوێنیان لێدێت"، خۆی وەڵامی ئەوە دەداتەوە و دەڵێت: بپرسن ئەو خوێنە هی کێیە، من وەڵامتان دەدەمەوە بۆنی خوێنی ئەو ژن و کچانەیە کە رۆژانە بە تۆمەتی جیاواز دەکوژرێن و لەدوای مردنیشیانەوە گۆڕێکیان پێ ڕەوا نابینرێت. 
 
لە کۆتایشدا وتی: ھیوادارم ئەم خەڵاتە شتێک لە ئومێد و باوەڕ لەناو ئەو کچ و ژنانەدا بچێنێت، کە وەک من لە رۆژگارێکدا بێدەنگ و بێکەسایەتی کراون، بەڵام بەپێداگرتن لەسەر تەسلیم نەبون و لەسەر بەرەنگاربونەوە، دەبنە خاوەنی دەنگی خۆیان، دەنگێک، کە دەشێت دنیا بیبیسێت و دانی پێدابنێت.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,361,775     ژمارەی میوان 319

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە