راپەڕین: فیستیڤاڵێک دەنگی ژنانی شاعیری کۆکردەوە

2025/06/27    99 جار بینراوە


* نەوژین، فاتیمە فاروق

بۆ ماوەی دو رۆژ، شاری رانیە بوە پایتەختی شیعری ژنان؛ ١٧ شاعیر لە شار و شارۆچکە جیاوازەکانی کوردستانەوە، لە فیستیڤاڵێکدا کۆبونەوە کە نەک هەر سەکۆیەک بو بۆ خوێندنەوەی بەرهەمەکانیان، بەڵکو دەرفەتێک بو بۆ باسکردن لە خەم و هیوا و ئەو ئاستەنگانەی روبەڕوی قەڵەمەکانیان دەبێتەوە. فیستیڤاڵەکە کە بیرۆکەکەی هی ژنێک بو، دەرگایەکی نوێی بەڕوی ئەدەبی ژناندا لە دەڤەرەکە کردەوە.

فیستیڤاڵەکە رۆژانی (٢٤ و ٢٥ـی ئەم مانگە)، بە بەشداریی ١٧ ژنە شاعیر لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بەڕێوەچو، چالاکیەکە بوبە سەکۆیەک بۆ ناساندنی بەرهەمی ژنانی شاعیر و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزمون و پتەوکردنی پەیوەندییە ئەدەبییەکان لەنێوانیاندا.

"بیرۆکەکە هی ژنێک بو"

هیوا مستەفا، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری راپەڕین، لە لێدوانێکدا بۆ نەوژین رایگەیاند: ماوەیەکی زۆر بو ئامادەکاریمان دەکرد بۆ ئەم فیستیڤاڵە، بیرۆکەی سەرەکیی کارەکە لەلایەن خاتونێکی فەرمانبەر لە بنکەی رۆشنبیری  وهونەری چوارقوڕنە بەناوی بەناز محمد،  پێشنیار کرا و خۆشبەختانە ئەمساڵ توانیمان جێبەجێی بکەین، فیستیڤاڵەکە دەنگدانەوەیەکی زۆر باشی هەبو و تێیدا ژنانی شاعیر لە شارە جیاوازەکانەوە بەشداربون.

لەبارەی چالاکیەکانی نێو فیستیڤاڵەکەش وتی: جگە لە شیعر خوێندنەوە، چالاکییەکان موزیک و ناساندنی ئەو کتێبانەی لەلایەن ژنانەوە چاپکرابون لەخۆگرتبو، هەروەها ئێوارەخوانێکمان بۆ بەشداربوان رێکخست کە بوە دەرفەتێک بۆ ئەوەی زیاتر یەکتر بناسن و گفتوگۆ لەبارەی داهاتوی ئەدەبی خۆیانەوە بکەن.

لە کۆتایی فیستیڤاڵەکەدا، خەڵاتی رێزلێنان بەسەر سەرجەم شاعیرە بەشداربوەکان و تیمە هونەرییەکاندا دابەشکرا، بەڕێوەبەری رۆشنبیری راپەڕین جەختیکردەوە، “گرنگە ژنان لە هەمو بوارەکاندا پشتیوانی بکرێن و سەکۆی تایبەتیان بۆ بڕەخسێنرێت، چونکە چەندین ژنی بەتوانا و رۆشنبیرمان هەیە کە پێویستە زیاتر گرنگییان پێبدرێت و بەرهەمەکانیان بخوێنرێتەوە”.

حەبیبە بابان، یەکێک لە شاعیرە بەشداربوەکانی فیستیڤاڵەکە تیشکی خستە سەر رۆڵ و ئاستەنگەکانی بەردەم ژنی کورد لە بواری ئەدەبدا.

وتی: ژنان شان بە شانی پیاوان توانیویانە لەڕێگەی قەڵەمەوە شوێنپەنجەی خۆیان لەناو ئەدەبدا دیاری بکەن، بەتایبەتی دوای راپەڕین کە دەرفەتی زیاتریان بۆ رەخسا، ژنان خەون و خولیای جوانیان هەیە و دەتوانن لەڕێگەی شیعرەوە ئەو جیهانە ناوەکییەی خۆیان دەرببڕن.

بەڵام وادیارە رێگەکە ئاسان نییە، وەک حەبیبە ئاماژەی پێکرد: ژنان لەناو کۆمەڵگایەکی چەق بەستودا روبەڕوی ئاستەنگی زۆر دەبنەوە، هێشتا ژن و پیاو لەڕوی ئازادیی دەربڕینەوە یەکسان نیین. ژن هەمیشە سنورێکی بۆ کێشراوە و زۆرجار روبەڕوی رەخنەی بێ بنەما دەبێتەوە، بەڵام سەرباری ئەمانە، ژنان توانیویانە لەڕێگەی وێنە و وشەی شیعرییەوە پەیامەکانی خۆیان بگەیەنن و کۆمەڵگا لەو کێشانە هۆشیار بکەنەوە کە روبەڕوی مێینە دەبێتەوە.



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,587,966     ژمارەی میوان 1416

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە