* نەوژین، سومەیە ساڵح
لە کاتێکدا چارەسەری بایۆلۆجی بۆ شێرپەنجە وەردەگرێت، 'خۆشی' بڕیاریدا ئەزمونی روبەڕوبونەوەی نەخۆشییەکەی بکاتە کتێبێک، کتێبی ‘لە ئەزمونەوە بۆ هیوا’ بەرهەمی تێڕامانی ئەم کچەیە لە هۆڵەکانی نەخۆشخانەی هیوا، کە تێیدا بۆی دەرکەوتوە هێزی دەرونی چەکێکی سەرەکییە لەم جەنگەدا.
خۆشی حەمەڕەحیم، تەمەنی ٣٢ ساڵ و دەرچوی پەیمانگای کۆمپیوتەوە لە سلێمانی و دانیشتوی هەمان شارە، ماوەی ساڵێکە توشی یەکێک لە جۆرەکانی شێرپەنجە بوە و هێشتا بەردەوامە لە وەرگرتنی چارەسەر.
چیرۆکەکە لە هۆڵەکانی نەخۆشخانەی هیواوە دەستی پێکردوە. خۆشی لەوێ بە وردی سەرنجی کاریگەریی باری دەرونیی لەسەر نەخۆشەکان داوە و بۆی دەرکەوتوە کە "بیرکردنەوەی ئەرێنی" تەنها دروشم نییە، بەڵکو چەکێکی کاریگەرە لەم جەنگەدا. وەکخۆی دەڵێت: ئەم تێبینییە بوە بزوێنەری سەرەکیی کتێبەکەم.
خۆشی دەڵێت: کتێبی ‘لە ئەزمونەوە بۆ هیوا’ تەنها گێڕانەوەی یادەوەری نییە، بەڵکو نەخشە رێگایەکە کە لە چوار وێستگەی سەرەکی پێکدێت: یەکەم، گەشتە تایبەت و بوێرانەکەی خۆم لەگەڵ نەخۆشییەکە، دوەم، شیکردنەوەی هێزی بیرکردنەوەی ئەرێنی و کاریگەرییەکانی، سێیەم، بە بەڵگەی زانستی و وتەی پزیشکانی نەخۆشخانەی هیوا، گرنگیی لایەنی دەرونی پشتڕاست دەکاتەوە، لە کۆتاییشدا، چیرۆکی چەند پاڵەوانێکی تر دەگێڕمەوە کە بەسەر شێرپەنجەدا سەرکەوتون.
کتێبەکە لە ١٢٨ لاپەڕە پێکدێت و لەئێستادا لە کتێبخانەی سولی بوک بەردەستە، وەک خۆشی دەڵێت: کتێبەکە تەنها بۆ توشبوان نییە، بەڵکو بۆ هەر کەسێکە کە لە ژیانیدا روبەڕوی ناخۆشییەک بوەتەوە، “دەمەوێت خوێنەر باوەڕ بکات کە لەدوای هەر کەوتنێک، هەستانەوەیەک هەیە”.
پەیامی خۆشی تەنها لەنێو لاپەڕەکاندا نامێنێتەوە، ئەو لەڕێگەی ئەکاونتێکی تایبەت لە سۆشیاڵمیدیا، رۆژانە بە شێوەی ڤیدیۆ بەردەوامە لە هاندان و بڵاوکردنەوەی وزەی ئەرێنی.