"كاپتن فایزه‌" یه‌كه‌م ژنه‌ راهێنه‌رى تیپێكى كوڕان

2020/11/12    381 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
بۆ یه‌كه‌مجار له‌ وڵاتى میسر، ژنه‌ وه‌رزشكارێك ده‌بێته‌ راهێنه‌رى تیپێكى تۆپی پێی كوڕان، له‌ پێشهاتێكدا كه‌ پێشتر له‌و وڵاته‌ بونى نه‌بوه‌.
 
فائیزه‌ حه‌یده‌ر، 36 ساڵ، به‌وه‌ راهاتوه‌ كه‌ به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ كوڕاندا یاریی بكات، هه‌ربۆیه‌ گوێی به‌و قسه‌ و قسه‌ڵۆكانه‌ش نه‌داوه‌ كاتێك بوه‌ به‌ راهێنه‌ر.
 
له‌ لێدوانى بۆ پێگه‌ى (ARD)ى ئه‌ڵمانى، فایزه‌ باس له‌وه‌ده‌كات له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌مو كه‌س دژی یاریكردنى ئه‌و بون، له‌نێویاندا خێزانه‌كه‌ى و به‌تایبه‌تى دایكی، وایلێهاتوه‌ دایكی پاره‌ى لێگرتوه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى نه‌چێت بۆ وه‌رزش، به‌ڵام ئه‌و به‌رده‌وام بوه‌ له‌سه‌ر حه‌ز و خولیاكه‌ى و  به‌ تێپه‌ڕینی كات هه‌مویان بون به‌ پشتیوانی.
 
 
میسر له‌و وڵاتانه‌یه‌ كه‌ له‌ دواى ساڵى 1997ـه‌وه‌ هه‌ڵبژارده‌ى تۆپی پێی ژنانى هه‌یه‌ و گرنگیی به‌ به‌شداریی ژنان به‌ وه‌رزش داوه‌، له‌مچوارچێوه‌یه‌شدا یه‌كێتى تۆپی پێی ئه‌و وڵاته‌ داواى له‌ یانه‌كان كردوه‌ كه‌ تیپی تایبه‌ت به‌ ژنان دروست بكه‌ن و له‌ وه‌رزی داهاتوه‌وه‌ خولی تایبه‌تیش بۆ ئه‌وان ده‌كرێته‌وه‌.
 
 
ئه‌ركى راهێنه‌ریی تیپێكى كوڕان بۆ ژنێك له‌ سه‌ره‌تادا ئاسان نه‌بوه‌، چونكه‌ به‌شێك له‌ یاریزانه‌كان به‌وهۆیه‌ى ئه‌و ژن بوه‌، زۆر به‌ هه‌ند وه‌ریان نه‌گرتوه‌ و ته‌نانه‌ت نوكته‌شیان له‌سه‌ر كردوه‌ و تانه‌ و ته‌شه‌ریان لێداوه‌، به‌ڵام ئه‌م ره‌وشه‌ گۆڕاوه‌ كاتێك ناواخن و ئاستى ئه‌ویان بۆ ده‌ركه‌وتوه‌.
 
ئه‌و جگه‌ له‌وه‌ى خۆی یاریزان بوه‌، هاوكات دواتر چه‌ندین خولی له‌ باره‌ى شێوازى راهێنه‌رایه‌تى له‌ وڵاتانى وه‌كو ئینگلته‌را و ئیسپانیا و هۆڵه‌ندا بینیوه‌.
 
سه‌رباری ئه‌وه‌ى یاریی تۆپی پێ به‌ یاریه‌كى "نێرانه‌" ناودێر ده‌كرێت، به‌ڵام پێیوایه‌ هیچ هۆكارێك نیه‌ كه‌ ژنان له‌م بواره‌دا كه‌متر بن له‌ پیاوان، له‌وباره‌وه‌ ده‌َڵێت: "ره‌گه‌زی یاریزانه‌كه‌ هیچ رۆڵێكى نیه‌، هه‌روه‌ك چۆن ره‌نگی پێست یان بیروباوه‌ڕى ئاینی رۆڵی نیه‌".
 

 

 



ئەرشیفی نەوژین | دەربارە | پەیوەندی
Newjin.net - 2021
دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە
ژمارەی سەردان 314,399     ژمارەی میوان 18