ژنێك شیعری كوردیی ده‌گه‌یه‌نێته‌ خوێنه‌رانى بیانی

2020/10/30    1073 جار بینراوە
 
* نه‌وژین
 
خانمێكى كورد ئه‌ركێكى قورسی له‌م روه‌وه‌ له‌كۆڵ ناوه‌و ده‌یه‌وێت داهێنان و دونیابینی و دیدگاى نوسه‌رانى كورد بۆ خوێنه‌رى بیانی و به‌تایبه‌ت ئینگلیزی زمان بگوازێته‌وه‌، له‌م پێناوه‌شدا هه‌وڵه‌كانى به‌ زایه‌ ناچن و کارەکانی به‌ پێزانینه‌وه‌ له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌ رۆشنبیریه‌كانه‌وه‌ وه‌رده‌گیرێت و به‌ڵكو خه‌ڵاتیش ده‌كرێت.
 
چۆمان هه‌ردی، سه‌رباری ئه‌وه‌ى خۆی نوسه‌ر و شاعیره‌ و كارى مامۆستایه‌تیش ده‌كات، به‌ڵام كارێكى تریشی خستوه‌ته‌ ئه‌ستۆی خۆی، ئه‌ویش وه‌رگێڕانى شیعری كوردییه‌ بۆ زمانى ئینگلیزیی.
 
ئه‌و ئه‌گه‌رچی ئه‌م كاره‌ى زۆر به‌ به‌رفراوانى نه‌كردوه‌، به‌ڵام به‌ سه‌لیقه‌و ورده‌كاریه‌كه‌وه‌ كردوه‌، كه‌ له‌ناوه‌نده‌ رۆشنبیریه‌كانى بریتانیا ببێته‌ جێی په‌سه‌ندبون.
 
له‌ماوه‌ى رابردودا، هه‌ستا به‌وه‌رگێڕانى قه‌سیده‌ى "ده‌ربه‌ندی په‌پوله‌"ى شاعیری ناسراوى كورد (شێركۆ بێكه‌س).
 
ئه‌م وه‌رگێڕانه‌ى كه‌ بۆ دیوانه‌كه‌ى (شێركۆ) كردویه‌تى، ده‌نگێكى باشی داوه‌ته‌وه‌و به‌ وه‌رگێڕانێكى جوان و ئاست به‌رز هه‌ژمار كراوه‌، هه‌ربۆیه‌ خه‌ڵاتێكى له‌مڕوه‌وه‌ پێده‌به‌خشرێت. ئه‌و خه‌ڵاته‌ش، "خەڵاتی قەڵەمی وەرگێڕان"ی ئینگلیزیه‌ و له‌لایه‌ن "قه‌ڵه‌مى ئینگلیزی = ئینگلیش پێن"ه‌وه‌ ده‌به‌خشرێت.
 
ئەم خه‌ڵاته‌ داننانە بە مافی وەرگێڕە باشەكان“
 
له‌باره‌ى گرنگیی خه‌ڵاته‌كه‌ و كاریگه‌رییه‌كانى، خودى (چۆمان هەردی)، به‌ سایتی (ئاوێنه)ى وتوه‌: ئەو خەڵاتەكە لەساڵێكدا 2 جار دەدرێت بەو بەرهەمانەی كە وەرگێڕدراون و چاپخانەكان بەر لە بڵاوكردنەوەیان دەیاننێرن بۆ پێشبڕكێ لەو جۆرە خەڵاتانەدا.
وتیشی: "ئەمە داننانێكە بە مافی وەرگێڕە باشەكان دا".
 
چۆمان هه‌ردی، كچى شاعیری ناسراوى كورد (ئه‌حمه‌د هه‌ردی)یه‌، خۆیشی رێچكه‌كه‌ى باوكی گرتوه‌ له‌ شیعر نوسین دا، به‌ڵام كه‌متر ده‌ركه‌وتوه‌ به‌وپێیه‌ى زۆرتر به‌ زمانى ئینگلیزیی شیعری نوسیوه‌، به‌ڵام ئینگلیزه‌كان زیاتر له‌ كورد گرنگییان به‌م شاعیره‌ داوه‌و خاوه‌نى پێگه‌و ناوێكى شیاوه‌ له‌و وڵاته‌.
 
سه‌رباری ئه‌وه‌ش، وه‌كو لێكۆڵه‌ر له‌ بوارى جێنده‌ر و ژنان كاریكردوه‌، خاوه‌نى لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى مه‌یدانییه‌ له‌سه‌ر ئه‌نفال، چه‌ندین رۆژ و مانگ له‌ناوچه‌ى گه‌رمیاندا ماوه‌ته‌وه‌و حیكایه‌ت و خه‌مه‌كانى به‌جێماوانى تاوانه‌كه‌ى نوسیوه‌ته‌وه‌و دواتر كردویه‌تى به‌ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى دورودرێژ.
 
ئه‌و ئێستا له‌ كوردستان ده‌ژێت و له‌ زانكۆی ئه‌مریكی له‌ عێراق – سلێمانى، مامۆستایه‌.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,664,904     ژمارەی میوان 164

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە