* نەوژین
سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، ئاشکرایدەکات ژنان یەک لەسەر شەشی کۆی رۆژنامەنوسانی سنورەکە پێکدەهێنن.
بەپێی لێدوانی عومەر تینو، سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان، لە کۆی نزیکەی ٦٠ رۆژنامەنوس کە لە ئێستادا ئەندامی پابەندی سەندیکان لە نوسینگەی گەرمیان، زیاتر لە ١٠ کەسیان لە رەگەزی مێ ـن. ئەم رێژەیە نزیکەی یەک لەسەر شەشی کۆی گشتیی رۆژنامەنوسانی سنورەکە پێکدەهێنێت و لە هەمو کەناڵەکانی بینراو، بیستراو و نوسراودا چالاکن.
سەرۆکی لقی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم ژمارەیە تەنها شارەکانی کەلار، کفری و رزگاری دەگرێتەوە. ناوبراو هۆکاری کەمبونەوەی ژمارەی گشتی ئەندامانی بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٢ (کە ٢٥٠ ئەندام بون) بۆ جیابونەوەی لقی خانەقین گەڕاندەوە، نەک کشانەوەی رۆژنامەنوسان لە کارەکەیان.
سەبارەت بە دۆخی سەلامەتیی رۆژنامەنوسان، عومەر تینو جەختی کردەوە: خۆشبەختانە تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی توندوتیژی دژی رۆژنامەنوسانی ژن لە سنورەکە تۆمار نەکراوە، بەڵام چەندین جار سکاڵای یاسایی لەسەر رۆژنامەنوسانی پیاو هەبوە کە سەندیکا رۆڵی خۆی لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە دادگا بینیوە و پشتیوانیی تەواوی لە ئەندامەکانی کردوە.