لە کتێبێک دا ئامارەکان سەبارەت بە بەشداری ژنان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دەخرێتەڕو

2024/05/13    228 جار بینراوە

 

* نەوژین

ژنان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەشداریان چۆن بوە و چەند دەنگیان بەدەستهێناوە؟ لەکوێ زۆرترین و لەکوێ کەمترین دەنگیان بەدەستهێناوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە و چەندین ئاماری دیکەی پەیوەست بەم پرسە لە کتێبێکی رۆژنامەنوسێکی کورددا بڵاوکرایەوە.

"دەنگی مێینە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ٢٠١٣" ناوی نوێترین بەرهەمی (رێبین فەتاح)ـی رۆژنامەنوسە، کە تێیدا لەڕێگەی ژمارەکانەوە باس لە بەشداریی ژنان لەو هەڵبژاردنەدا دەکات.

نوسەر لە کتێبەکەدا و لەڕێگەی دروستکردنی زیاتر لە (٤٠) خشتەوە، دۆخی ژنانی بەشدار لە هەڵبژاردنەکەی لەچوارچێوەی لیست، هاوپەیمانێتییەکان و بەشێوەی سەربەخۆ خستوەتەڕو، وەکخۆی دەڵێت: تا ئەو جێیەی ئاگاداربم، ئەم کتێبە تاکە ئیشی پەیوەست بە ژنە لەدوا هەڵبژاردنی عێراق، کە روماڵی دۆخی ژن لە هەڵبژاردنەکانی هەر (١٥) پارێزگاکەی عێراق دەکات. 

دەشڵێت: لە کتێبەکە دا بە وردی دۆخی ژن لە هەڵبژاردنەکە باسکراوە، لە کاندیدکردنەوە تا بە دەنگەکانیان و دیاریکردنی رێژەی دەنگی دەنگدەران لە پارێزگاکانی عێراق کە بە کاندیدانی ژن دراون، ئەو راستییەشم رونکردوەتەوە کە رێژەیەکی کەم لە دەنگدەرانی عێراقی دەنگ بە کاندیدانی ژن دەدەن، هەروەک ئەوەشم خستوەتەڕو، لە کەرکوک بەرزترین دەنگی بەدەستهاتوی کاندیدانی مێینە لە چوارچێوەی لیستە کوردییەکانە.

کتێبەکە لەسەر ئەرکی ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی چاپ کراوە و بۆ سەر زمانی ئینگلیزیش وەرگێڕدراوە؛ هەردو دەقە کوردی و ئینگلیزییەکە لەدوتوێی یەک کتێب دا بڵاوکراونەتەوە.

رێبین فەتاح، نوسەری کتێبەکە، ئاماژە بەوەشدەکات: بەپێچەوانەی ئەو تێگەیشتنە باوەی کە سیستەمی کۆتا لایەنی کەمی بەشداری ژنان مسۆگەر دەکات، کتێبەکە رونکردنەوەی ئەو راستییەیە کە سیستەمی کۆتا بە پێچەوانەوە لایەنی زۆری بەشداری ژنان دیاری دەکات و رێگە نادات رێژەی ژن نەک لە ٢٥٪ کەمتر بێت، بەڵکو دەرفەت نادات لەو رێژەیە زیاتر بێت.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,536,331     ژمارەی میوان 2116

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە