تایلەر سویفت چۆن لەڕێگەی گۆرانی وتنەوە بو بە ملیاردێر؟

2024/04/05    185 جار بینراوە

 

* نەوژین

خانمە گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری ئەمریکی، تایلەر سویفت، بو بە ملیاردێر و ناوی چوە ریزی دەوڵەمەندترین مرۆڤەکانی جیهان، ئەوەش لە سایەی گەشتە موزیکیە گەورە جیهانییەکانی کە ئەنجامی داون و هێشتا بەردەوامە لێی.

بەپێی لیستی ملیاردێرەکانی جیهان کە گۆڤاری فۆربس بڵاویان دەکاتەوە، تایلەر سویفت، گۆرانیبێژی ئەمریکی ناوی چوەتە ریزی ملیاردێرەکانی جیهان، بەوپێیەی خاوەنی یەک ملیار و ١٠٠ ملیۆن دۆلارە.

گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری ئەمریکی: تایلۆر ئەلیسۆن سویفت، لە (١٣ـی کانونی دوەمی ١٩٨٩) لە دایکبوە، لە تەمەنی ١٤ ساڵییەوە دەستی بە کاری هونەری کردوە و گۆرانی نوسیوەتەوە، داکۆکیکارە لە مافی هونەرمەندان و بانگەشە بۆ بەهێزبونی ژنان دەکات.

تەمەنی تەنها ١٥ ساڵ بو، کاتێک گرێبەستی لەگەڵ سۆنی، گەورە کۆمپانیای بواری بەرهەمهێنانی میوزیک واژۆ کرد، لە ئێستاش دا خاوەنی ١٠ ئەلبومی ستۆدیۆ و لیستێکی دورودرێژە لە نازناوی باشترین خانمە هونەرمەندی هەفتە، هەوادارانیشی بە ملیۆنان کەسن و نازناوی "سویفتییەکان"ـیان لە خۆیان ناوە.

ئەم خانمە هونەرمەندە خاوەنی ١٤ خەڵاتی گرامییە، لەوانە چوار خەڵات بۆ باشترین ئەلبومی ساڵ، کە لە مێژوی موزیکدا زیاترین خەڵاتی گرامییە هونەرمەندێکی گۆرانیبێژ پێی گەیشتبێت.

چۆن بو بە ملیاردێر؟

لە مانگی ١١ـی ساڵی رابردو، سویفت ٥٦ کۆنسێرتی لە شارەکانی ئەمریکا و مەکسیک ئەنجامدا، بەتێکڕایی گەشتە موزیکییەکەی، ٧٨٠ ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە، هەر لە هەمان مانگ دا، فیلمێکی سینەمایی، سەبارەت بە گەشتە موزیکییەکەی لە ئاستی سینەماکان دا نمایشکرا، چەند هەفتەیەک پێش نمایشکردنی فیلمەکە، تایلەر بە بڵاوکردنەوەی بلیتی فیلمەکە، توانی زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە و ببێت بە تۆمارێکی مێژویی بۆ بۆکس ئۆفیسی ئەمریکا.

دواتر بە نمایشی گشتی فیلمەکە لە ئاستی جیهانیی دا، توانی زیاتر لە ٢٦٠ ملیۆن دۆلار کۆبکاتەوە، پاشانیش بە فرۆشتنەوەی مافی پەخشکردنی فیلمەکە بە کۆمپانیای دیزنی، ٧٥ ملیۆن دۆلاری دیکەی پەیداکرد.

پاش گەشتە مانگییەکەی لە ئەمریکا و مەکسیک، تایلەر نەوەستا و بەردەوامی بە گەشتەکەی دا، بۆ ئەمجارە روی لە وڵاتانی: ئەرجەنتین، بەڕازیل، ژاپۆن، ئوسترالیا و سەنگاپور کردوە، ئێستاش پلانەکەی بەردەوامی هەیە و بڕیارە لە کیشوەرەکانی ئەوروپا و ئەمریکا بەردەوامبێت. 

دەوترێت لە روی داهاتەوە لەو ماوەیە دا تایلەر هێندەی داهاتی چەند مانگێکی وڵاتێکی بچوک پارەی قازانجکردوە، ئەو نەک تەنها قازانجی تاک، بەڵکو سەردانی هەر شارێکی کردوە شارەکەش لەڕوی ئابوریەوە گەشەی ئابوری کردوە، ئەوەش لە داهاتی هۆتێلەکان و زیادبونی خەرجییەکانی سەردانکەران، کە وەک میدیا جیهانییەکان ئاماژەیان پێکردوە، لەو روەشەوە ژمارەیەکی پێوانەیی شکاندوە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,366,830     ژمارەی میوان 143

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە