لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵا دژی قەدەغەکردنی فرەژنی لە هەرێمى کوردستان تۆماردەکرێت

2024/03/23    228 جار بینراوە

 

* نەوژین

پارێزەرێک لە دادگای فیدڕاڵی عێراق، سکاڵا بۆ هەڵوەشاندنەوەى چەند مەرجێک بۆ هێنانى ژنی دوەم لە هەرێمى کوردستان تۆماردەکات و دەڵێت: سکاڵاکەم لەسەر ئەو بنەمایەیە کە ئەو هەموارە لەدژى دەستورى عێراقە. 

پارێزەر: بەرهەم رەئوف، لە دژی سەرۆکى پارلەمانى کوردستان سکاڵایەکی لە دادگەى باڵاى فیدراڵی عێراق تۆمارکردوە و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی هەموارێکى یاساى بارى کەسێتى لە پارلەمانى کوردستان دەکات، کە لە ساڵی ٢٠٠٨ کراوە و تایبەتە بە فرە ژنی.

بەگوێرەى ئەو هەموارە حەوت مەرج دیاریکراوە بۆ ئەوەى کەسێک بتوانێت ژنی دوەم بهێنێت، ئەگەرنا سزا دەدرێت بە بەندکردن بۆ ماوەى ساڵێک و ١٠ ملیۆن دیناریش سزاى پێبژاردن دەدرێت. 
 
ئەوەش لەکاتێک دا ئەو مەرج و سزایانە لە یاسای بارى کەسێتى ژمار ١٨٨ـی ساڵى ١٩٥٩ـدا نییە، کە لە عێراق کارى پێدەکرێت. 

پارێزەرەکە لەمیانی رونکردنەوەی هۆکاری تۆمارکردنی سکاڵاکەی دەڵێت: سکاڵاکەم لەسەر ئەو بنەمایەیە کە ئەو هەموارە لەدژى دەستورى عێراقە و لە دەستوردا هاتوە نابێت هیچ یاسایەک دەربچوێندرێت، کە پێچەوانەى بنەماکانى ئایینى ئیسلام بێت.
 
مادەى ٧ لە یاساى بارى کەسێتى کە لە پارێزگاکانى دیکەى عێراق کارى پێدەکرێت، تەنها دو مەرج هەیە بۆ ئەوەى ژنی دوەم بهێندرێت کە ئەویش بریتیە لەوەی گەیشتبێتە تەمەنى 18 ساڵى و دادوەریش رێگە بە هاوسەرگیرییەکە بدات.

هاوکات لەبارەی سکالاکەوە، شەرمین بەهجەت، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتی کاروبارى یاسایی پارلەمانى کوردستان، دەڵێت: دادگاى باڵاى فیدراڵی عێراق لە سکاڵاکە ئاگاداریان کردوینەتەوە و داواى لە نوێنەرى یاسایی پارلەمان کردوە کە وەڵامى نوسراوى خۆى بۆ ئەو سکاڵایە ئامادەبکات.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,363,445     ژمارەی میوان 13

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە