خەڵاتی ئاڵتونیی 'کارین' بە پێنج ژنی لە ئەنفال بەجێماو بەخشرا

2024/04/21    186 جار بینراوە

 

* نەوژین

لە مەراسیمێک دا لە ناحیەی رزگاریی، شەشەمین خەڵاتی ئاڵتونی 'کارین' بەخشرایە پێنج ژنی لە ئەنفال بەجێماو، کە لەدوای لەدەستدانی هاوسەرەکانیان توانیویانە مناڵەکانیان سەرکەوتوانە پێبگەیەنن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (٢١ـی نیسان) لە مەراسیمێک دا لە ناحیەی رزگاریی سەر بە کەلار، شەشەمین خەڵاتی ئاڵتونی 'کارین' بەخشرایە پێنج ژنی لە ئەنفال بەجێماو، کە توانیویانە دوای پرۆسەی تاوانی ئەنفال و لەدەستدانی هاوسەر و ژمارەیەک لە کەسوکاریان، مناڵەکانیان سەرکەوتوانە پەروەردە بکەن و پێیان بگەیەنن.

خەڵاتی ئاڵتونی کارین، پرۆژەیەکی ساڵانەی رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانیە، ساڵانە مەدالیای ئاڵتونی بە ٥ لە ژنانی ئەنفال دەبەخشێت، بەتایبەتی ئەو دایکانەی دوای تاوانی ئەنفال و لەدەستدانی هاوسەرەکانیان، مناڵەکانیان گەورە کردوە.

کارین ملۆدۆخ، ژنێکی بە رەگەز ئەڵمانییە، مامۆستای زانکۆی بەرلینە، دکتۆرای لەدەرونناسی دا هەیە و تێزی دکتۆراکەشی لەسەر ژنانی ئەنفالە بوە. ماوەی ٣٣ ساڵە لە گەرمیان کار دەکات بەتایبەت لەبواری ئەنفالدا و سەرپەرشتیاری گشتی رێکخراوی هاوکاری ئەڵمانییە، کە رێکخراوێکی چالاکی سنورەکەیە.

ئەمساڵ کە وەرزی شەشەمی دابەشکردنی خەڵاتەکە بو، مەدالیا بە هەریەک لە: (شوكریه حەسەن حسێن، هەنار نوری غێدان، سەعدیه محەمەد رەحیم، قەدریه عەلی جەوهەر، ئامینه عەلی حەمه ئەمین) بەخشرا، کە پێنج ژنی بەجێماوی ئەنفالن لە پێنج گوند و ناوچەی جیاوازی گەرمیان.

لەخوارەوە کورتەیەک دەربارەی ژیانی هەریەک لەو ژنانە دەخەینەڕو: 

- شوكریه حەسەن حسێن: ئەم دایكه ساڵی ١٩٤٣ لەدایکبوە، لەکاتی پرۆسەی ئەنفال دا له گوندی نەوجول بون، هاوسەرەکەی و ٢ کوڕی بەر پڕۆسەی ئەنفال کەوتون، برایەك و ٣ برازای شەهیدی سەنگەرن، دوای پڕۆسەی ئەنفال توانیویەتی سەربەرزانە ٥ مناڵ بەجوانی پەروەرده بكات. له ئێستادا له (دوزخورماتو) دادەنیشێت. 

- هەنار نوری غێدان: ئەم دایكه له ساڵی ١٩٦٩ لەدایكبوه، لەكاتی پرۆسەی ئەنفال دا لە زینانه بوە، تەمەنی ئەوکات تەنها ٢١ ساڵ بوە، مێردەكەی و دو برای ئەنفال بون، سەرباری کەمی تەمەنی توانی دوای پرۆسەی ئەنفال سەربەرزانه هەردو جگەرگۆشەکەی گەوره بكات تا تەواوكردنی قۆناغەكانی خوێندن، له ئێستادا هەردو جگەرگۆشەکەی وەك مامۆستا خزمەت بەشاری كفری دەکەن. 

- سەعدیه محەمەد رەحیم: لەدایکبوی ١٩٦٣ـیە، لەپڕۆسەی ئەنفال دا مێردەکەی و دو کوڕ و کچێکی لەدەستداوە، هەروەها برایەکیش شەهید بوە، ماوەیەک له زیندانی نوگرەسەلمان زیندان بوه. 
ئەم دایكه دوای پرۆسەی ئەنفال توانی بەسەربەرزی مناڵەكانی گەوره بكات و شان بداته بەر سەختییەكانی ژیانی دوای پرۆسەی ئەنفال . 

- قەدریه عەلی جەوهەر: له ساڵی ١٩٦٢، له گوندی قەواڵی لەدایكبوه، مێردەكەی و ٣ برای و خوشكێكی بەر پرۆسەی ئەنفال كەوتون، بۆ ماوەی ٦ مانگ له زیندانی تۆپزاوه زیندانی بوە و هەر لە ناو زیندان مناڵێكی لەدایكبوه. 
ئەم دایكه توانیویەتی دوای پرۆسەی ئەنفال ٣ مناڵ گەوره بكات. 

- ئامینه عەلی حەمه ئەمین: لەساڵی ١٩٦٠ له گوندی سپی سەر لەدایكبوه، جگه له مێردەكەی برایەكیشی شەهیدی سەنگەره، نزیكەی 80 كەسی بنەماڵەكەی بەر شاڵاوی ئەنفال كەوتون، هاوکات یەكێكه لە ژنه هەره چالاكەكانی پرسی ئەنفال له گەرمیان.
تەمەنێكی سەختی بەڕێكرد تاوەكو توانیویەتی ٥ مناڵەكەی بەبێ باوك گەوره بكات.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,371,405     ژمارەی میوان 505

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە