نوێترین زانیاری دەربارەی کەیسی (نور)

2023/08/14    1870 جار بینراوە

 

* نەوژین

دوای ئەوەی کچێک لە ناحیەی رزگاری لە گەرمیان هەفتەی رابردو بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەست دا، نەوژین زانیاری ورد لەسەر روداوەکە بڵاودەکاتەوە.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە (٦ـی ئاب) کچێکی دانیشتوی گەڕەکی گەرمیان لە ناحیەی رزگاریی سەر بە ئیدارەی گەرمیان بە ناوی (نور عەقیل)، تەمەن ١٧ ساڵ بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکێک بە سنگی گیانی لەدەست دا.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی رزگاریی لە گەرمیان، بە نەوژینی راگەیاند: لێکۆڵینەوەکان لە کەیسەکە ئەوەیان ئاشکراکردوە، روداوکە خۆکوژی بوە و کچەکە بە دەمانچەی باوکی لەنێو ژوری میوانی ماڵەکەیان کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

وتیشی: سەرەتا وەک هەمو کەیسێکی دیکە گومان لە کەسە نزیکەکانی دەکرێت و بۆ ئەم مەبەستەش گومان لە باوکی کرا، بەڵام بە سەیرکردنی کامێراکانی چاودێریی بۆمان دەرکەوت لەو کاتەدا باوکی لەوێ نەبوە و دواتر و دوای روداوەکە رۆیشتوەتە ئەو ژورەی کە کچەکەی تێیدا خۆی کوشتوە. 

ئەو چەکەی کە نور کۆتایی بەژیانی خۆی پێ هێنا لەجۆرێکە کەپێی دەوترێت (علوج) و زۆربەیان بێ مۆڵەتن، بەڵام وەک سەرچاوەکەی پۆلیسی رزگاری باسی لێوەکرد: چەکەکە هی باوکی بوە، چونکە باوکی پێشمەرگەیە، بۆیە چەکی هەبوە، هەروەک مۆڵەتیشی هەبوە.

هەر ئەوکات بەرپرسی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی رزگاری بە نەوژینی وت: نور پێشتر هیچ سکاڵایەکی یاسایی دژ بە هیچ کەسێک لای ئێمە تۆمارنەکردوە.

تاوەکو ئێستا دیار نییە نور بە چ هۆکارێک خۆی کوشتوە.

سەرچاوەکەی پۆلیسی رزگاری، وتی: تاوەکو ئێستا و بەپێی لێکۆڵینەوەکان هیچ هۆکارێک دەرنەکەوتەوە کە بوبێتە هۆی خۆ کوشتنی (نور)، هەروەک ئەمڕۆ ئیفادەی دایک و باوکی خراوەتە بەردەستی دادوەر، کە تێیدا دەڵێن: نور هیچ کێشەیەکی نەبوە، لەدوای نوێژی ئێوارە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

نور، فێرخوازی پۆلی یانزەی ئامادەیی بو لە خوێندنگەی ئامادەیی (شەهید بورهانی حەمەی مینا). 

لەبارەی کۆچی دوایی نورەوە، خوێندنگەکەی لە راگەیەندراوێکدا ئەوکات وتیان: نور یەکێک بوە لە خوێندکارە سەنگین و زیرەکەکانی خوێندنگەکە.
 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,377,638     ژمارەی میوان 721

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە