'نور' بە دەمانچەیەکی "علوج" کۆتایی بە ژیانی هات

2023/08/07    1337 جار بینراوە

 

* نەوژین

لە ناحیەی رزگاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان کچێک بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەست دا، بەرپرسی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی ناحیەکەش دەڵێت: لەسەر روداوەکە کەس دەستگیر نەکراوە.

ئێوارەی دوێنێ (٦ـی ئاب) کچێکی دانیشتوی گەڕەکی گەرمیان لە ناحیەی رزگاری بە ناوی (نور عەقیل)، تەمەن ١٧ ساڵ بەهۆی بەرکەوتنی فیشەکەوە گیانی لەدەست دا.

لەبارەی روداوەکەوە عادل حەمەساڵح، بەرپرسی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان لە رزگاری، بە نەوژینی وت: دایک و باوکی نور لەکاتی ئیفادەدا وتویانە نور هیچ کێشەیەکی نەبوە، لەدوای نوێژی ئێوارە رۆیشتوەتە ژورێک و لەپڕ گوێمان لەدەنگی گولە بوە و کە رۆشتوین بینیومانە خۆی کوشتوە.

هاوکات سەرچاوەیەک لە پۆلیسی گەرمیان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە نەوژینی وت: فیشەکەکە بەر سنگی (نور) کەوتوە.

ئەو چەکەی بەهۆیەوە نور کۆتایی بەژیانی هات لەجۆرێکە کەپێی دەوترێت (علوج) و زۆربەیان بێ مۆڵەتن و لەلایەن پۆلیسەوە دەستی بەسەر دا گیراوە، ئەوەش بە وتەی عادل حەمەساڵح.

بەرپرسی نوسینگەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی رزگاری هەروەها وتیشی: نور پێشتر هیچ سکاڵایەکی یاسایی دژ بە هیچ کەسێک لای ئێمە تۆمارنەکردوە، هەروەک بەهۆی روداوەکەشەوە هێشتا هیچ کەس دەستگیرنەکراوە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,378,215     ژمارەی میوان 1229

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە