ژنێکی کورد لە سوید کتێبێک دەربارەی خواردنی کوردی دەنوسێت

2023/05/23    498 جار بینراوە

 

* نەوژین

ژنێکی کوردی دانیشتوی سوید، کتێبێک دەربارەی خواردنی کوردی دەنوسێت و دەڵێت: ویستم کلتوری خواردنی کوردی بۆ داهاتو بمێنێتەوە.

لاوێن موکری، لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بوە و لە سوید دەژی، هاوسەرگیری کردوە و دایکی کوڕێکە، کتێبێکی تایبەتی دەربارەی خواردنی کوردی بە ناوی (I mitt kurdiska kök) نوسیوە و بڵاویکردوەتەوە.

سەرەتا لە دروستکردنی پەیجێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستگرام، دەستی پێکردوە، تێیدا فێرکاری دروستکردنی خواردنە کوردەواریەکانی بڵاوکردوەتەوە، دەڵێت: لەڕێگەیەوە کەسانێکی زۆر سەیری ڤیدیۆکانیان دەکرد و لێمەوە فێردەبون، تەنانەت بەشێک لەوانە سویدی بون و لەڕێگەی منە فێری دروستکردنی خواردنی کوردەواری دەبون و دروستیان دەکرد.

دوای بڵاوبونەوەی ڤیدیۆکانی، چاپخانەیەکی سویدی داوای لە لاوێن کردوە تاوەکو فێرکاریەکانی بە زمانی سویدی و کوردی لایتنی بنوسێتەوە و ئەوانیش بۆی چاپدەکەن.

دەڵێت: بە داواکەیان رازیبوم بۆ ئەوەی ببمە هۆکارێک تاوەکو کلتوری خواردنی کوردی بۆ داهاتو بمێنێتەوە و بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی لە کوردستانیش گەورەنابن شارەزاییان لە خواردنە کوردیەکان هەبێت. 

وتیشی: لە کتێبەکە دا نەخشەی کوردستانم بەکارهێناوە و باسم لە کوردیش کردوە، تاوەکو ئەو کەسانەی دەیخوێننەوە بزانن ئەم خواردنانە کوردین.

زۆرینەی خواردنەکانی نێو کتێبەکەی لاوێن خواردنەکانی رۆژهەڵات و باشوری کوردستانن، لەگەڵی دا خواردنی کوردستانی باکور و رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بونیان هەیە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,343,025     ژمارەی میوان 583

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە