* نەوژین
دوای هەشت ساڵ لە کۆمەڵکوژی ئێزیدییەکان، بڕیارە هەفتەی داهاتو یەکەم وەجبەی ژنان و کچانی رزگاربوی دەستی داعش موچە وەربگرن، کە ژمارەیان ٤٠٠ کەسە.
دوای ئەوەی لە مانگی ئازاری ساڵی رابردو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای ‘ژنان و کچانی رزگاربوی دەستی دعش’ـی پەسەندکرد، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوەوە موچە وەربگرن.
پێشتر و لەمانگی کانونی دوەمی ساڵی رابردو سەراب ئەلیاس، بەڕێوبەری گشتی کاروباری رزگاربوان لە پارێزگای نەینەوا بە نەوژینی رایگەیاندبو: بەپێی یاساکە هەمو رزگاربویەک قەرەبو دەکرێتەوە.
بڕیارە هەفتەی داهاتو یەکەم وەجبەیان کە ژمارەیان ٤٠٠ کەسە موچە وەربگرن، بەپێی زانیاریەکانیش موچەکە سەرەتا تەنها ژنان و کچانی سەرو ١٨ ساڵ دەگرێتەوە و بڕەکەیشی ٥٠٠ هەزار دیناری عێراقی دەبێت.
لە 3ـی ئابی ساڵی 2014 لەگەڵ هێرشی خۆی بۆ سەر شەنگال لە رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا، داعش 6417 کەسی ئێزیدی رفاند و لەنێویان دا (3548) کەسیان لە رەگەزی مێ بون و لەم ژمارەیەش تاکو ئێستا 1262ـیان چارەنوسیان نادیارە.