لە هەولێر ژنێک پاش ئەشکەنجەدانی؛ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا

2025/07/13    168 جار بینراوە


* نەوژین

لە هەولێر ژنێک پاش ئەشکەنجەدانی؛ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە چەند گوللەیەک کوژرا، بەوتەی کەسوکارەکەیشی: لەماوەکانی رابردوی بەر لە کوشتنی، هاوسەرەکەی چەندجارێک توندوتیژی جەستەیی بەرامبەری ئەنجامداوە.

روداوەکە شەوی رابردو (١٢ـی تەموز) لە چۆڵەوانیەکی ناحیەی شاوێس رویداوە، بە وتەی کەسوکاری، هاوسەرەکەی پاش ئەشکەنجەدانی بە زیاد لە نۆ گوللە کۆتایی بە ژیانی (فریشتە سەعدی) هێناوە و تەرمەکەی فڕێداوە.

کەسوکاری کە قسەیان بۆ کەناڵی ‘روداو’ کردوە، باسیان لەوەشکرد: ماوەی زیاد لە سێ ساڵە، فریشتە لەگەڵ هاوسەرەکەی کێشەی خێزانیان هەیە و چەند جارێک توندوتیژی جەستەیی و دەرونی بەرامبەر ئەنجامداوە، هەر بەوهۆیە سێ جار دەستگیرکراوە.

ئاماژەیان بەوەشکرد: ماوەی ١٨ رۆژ بو بەهۆی کێشەکانی، فریشتە گەڕابوەوە ماڵی باوکی و داوای جیابونەوەی کردبو، بەڵام بەر لە دو رۆژ بۆ لای هاوسەرەکەی گەڕاوەتەوە؛ جەختیشیانکردەوە: تازە زانیومانە هاوسەرەکەی بەر لە ماوەیەک هەڕەشەی کوشتنی کەسوکاری لە فریشتە کردوە و هەر بەوهۆیە و لە ترسی گیانی کەسوکاری گەڕاوەتەوە لای هاوسەری.

بەپێی زانیارییەکانی نەوژین، لەدوای روداوەکە تۆمەتبار ویستویەتی بۆ سنوری شاری دهۆک هەڵبێت، بەڵام لەڕێگە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵی سەبارەت بە روداوەکە دەستیپێکردوە.



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,613,014     ژمارەی میوان 172

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە