د.میدیا: گرنگە کچان و ژنان شەش مانگ جارێک سەردانی پزیشک بکەن

2023/02/18    745 جار بینراوە

 

* نەوژین، مەریەم خالد

پزیشکێکی پسپۆری نەخۆشیەکانی ژنان و مناڵبون ئاشکرایدەکات: گرنگە کچان و ژنان لەپێناو هەبونی تەندروستیەکی باش لانیکەم ساڵێک جارێک سەردانی پزیشک بکەن.

دکتۆر میدیا ئیبراهیم، پسپۆری نەخۆشیەکانی ژنان و مناڵبون لە دیدارێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی نەوژین ئاشکرایکرد: ژنان و کچان گەر بێت و لەدۆخێکی تەندروستی جێگیریشدا بن، پێویستە شەش مانگ  تا ساڵێک جارێک سەردانی پزیشک بکەن، بەڵام گەر هەندێک نیشانەی نەخۆشیان تێدابێت ئەوە پێویستە بەردەوام سەردانی پزیشک بکەن. 

باسی لەوەشکرد: گرنگە کچان لەکاتی بونی کێشە لە سوڕی مانگانەیان یاخود هەبونی ئازار لە مناڵدان دا سەردانی پزیشک بکەن، چونکە هۆکارەکەی هەندێک کات بونی کیسی هێلکەدانە هەروەک ئەم کێشانە گەر زو چارەسەر نەکرێن لێکەوتەی خراپیان دەبێت.

ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشکرد: دایکان دەبێت وریابن، کچان لەدوای تەمەنی هەشت ساڵیەوە تەمەنی باڵغ بونیانە، گەر کچەکە سوڕی مانگانەی رێک نەبێت یان ئیلتیهابی هەبێت، دەبێت بە زوی بهێنرێنە لای پزیشک تاکو چارەسەر وەربگرێت، بەڵام گەر بێت و کچەکە باڵغ نەبوبێت گەر تەمەنی ١٥ ساڵیش بێت باشترە ببرێتە لای پزیشکی مناڵان. 

“لەنێو جۆرەکانی شێرپەنجەدا شێرپەنجەی مناڵدان لەکچان دا کەمترە بەراورد بە ژنان، هەروەک لە ژنانی تەمەن گەورەتردا زیاتر دەردەکەوێت، هاوکات شێرپەنجەی مەمک باوترین جۆری شێرپەنجەیە لەنێوان جۆرەکانی دیکەی شێرپەنجە کە ژنان توشی دەبن”، دکتۆر میدیا وای وت. 

هاوکات بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی هەرێمیش شێرپەنجەی مەمک باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە کوردستان، بەپێی ئامارەکانی هەمان وەزارەت ١٨.٥٧%ـی توشبوانی شێرپەنجە لە هەرێم توشبوی شێرپەنجەی مەمکن. 

دکتۆر میدیا، لەبارەی چۆنیەتی خۆپاراستنی کچان و ژنان لە نەخۆشیەکانی شێرپەنجە وتی: بۆ خۆپاراستن خواردنی تەندروست و وەرزشکردنی بەردەوام گرنگە، هەروەک گرنگیشە جلی ژێرەوەیان بە پاکی رابگرن.

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,360,612     ژمارەی میوان 2755

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە