ژنان لە فیلمە کوردییەکان دا رۆڵی سەرەکیان پێنادرێت

2023/02/18    782 جار بینراوە

 

* نەوژین، هۆزان فەریق

لەنێو دراما و فیلمە سینەماییە کوردیەکان بەزۆری رۆڵی سەرەکی بە پیاوان دەدرێت و ژنان بەکەمی ئەم رۆڵە ده‌گێڕن، بەشێک لە خانمانی ئەکتەریش نیگەرانن لەمە و دەڵێن: دەرهێنەرەکان گرنگی بەتوانای ژنانی ئەکتەر نادەن.

خانمانی ئەکتەر نیگەرانن لەوەی رۆڵی سەرەکی نێو دراما و فیلم و کارە شانۆییەکان بەردەوام لای پیاوانە و بۆ ئەمەش دەرهێنەرەکان تۆمەتبار دەکەن و دەڵێن: ئەوان گرنگی بە کەسە بەنێوبانگەکان دەدەن، نەوەک ئەکتەرە لێهاتوەکان.
 
خانمە ئەکتەر: بەیان زەریفی، لە بارەی کەمی پێدانی رۆڵی سەرەکی بە ژنان بۆ نەوژین وتی: لێرە بەهۆی ئەوەی هچ بنەمایەک نیە بۆ دیاریکردنی رۆڵی ژنان لە دراما و فیلمەکاندا، زۆرکات بە روکەش بڕیاردەدرێت و سەیری روخسار و بەژن و باڵا و جوانی خانمەکان دەکرێت، نەک توانا و لێهاتوییان لە نواندندا، ئەمەش بوەتە هۆی ئەوەی ژنان بەبێ توانا ببینرێن و رۆڵی سەرەکیان پێنەدرێت.


 

لەبەرامبەردا خانمە دەرهێنەرێک پێیوایە هۆکارەکە پەیوەندی بە رابردوی سینەمای کوردیەوە هەیە، چونکە پێشتر تەنها پیاوان کاری سینەماییان کردوە.

ھێشو فاتیح، دەرھێنەر، بۆ نەوژین وتی: ئێمە لە کوردستان ماوەیەکی ئەوەندە زۆر نییە کاری سینەمایی دەکەین، لە سەرەتاشدا کاری سینەمایی بەتەنها لەلایەن پیاوانەوە ئەنجام دەدرا، ژنان لێرە لە دوای کردنەوەی بەشی فیلمسازی لە زانکۆی سلێمانی دەستیان بە کاری نواندن کردوە، ئەگەرنا پیشوتر پیاوان رۆڵی ژنیشیان دەبینی، بۆیە ئەمە بەشێکە لە هۆکارەکە کە تاکو ئێستا پیاوان رۆڵیان زیاترە بەراورد بە ژنان.

ئەو خانمە دەرهێنەرە پێشیوایە کۆمەڵگەش بەشێکی دیکەی هۆکارەکەیە، وتی: خێزان و کۆمەڵگە بەشێکی دیکەن لە هۆکارەکان، چونکە ئێستاش خێزانەکان رێگری دەکەن لەوەی کچەکانیان بڕۆنە بەشی هونەرە جوانەکان، کۆمەڵگەش هەمیشە راهاتوە هێزی ژن کپ بکاتەوە.

 

 

هاوکات خانمە ئەکتەرێکی بواری شانۆ ئاماژە بەوەدەکات کێشەی ئێستا کەمی بەشداری ژنان نیە، بەڵکو کەمی بەشداری گەنجان و بەتایبەت کچانی گەنجە لەکارە سینەماییەکان. 

خەرمان ھیرانی، ئەکتەری بواری شانۆ وتی: ئێمە خاوەنی چەندین ئەکتەری ژنی بەتواناین و خاوەنی چەندین دراماو فیلمی سینەماین کە ژنان رۆڵی سەرەکی تێدا دەبینن، لەم روەوە سینەمای کوردی باشە، بەڵام کێشەی ئێمە کەمی بەشداری گەنجان و بەتایبەت کچانی گەنجە لەبواری شانۆ و دراما دا.
 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,306,695     ژمارەی میوان 52

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە