* نەوژین، مەریەم خالد
بۆ زۆرێک لە ژنان جیابونەوە تەنها کۆتاییهێنان بە پەیوەندییەکی هاوسەری نییە، بەڵکو سەرەتای روبەڕوبونەوەیەکی سەختە لەگەڵ واقیعێکی تاڵدا، ئەمەش لە غیابی بیمەی کۆمەڵایەتی و کەمتەرخەمی حکومەت لە دابینکردنی مافی نیشتەجێبون.
ئهمڕۆ (23ـى حوزهیران)، رۆژی جیهانى بێوهژنانه، ئهمهش بهمهبهستى تیشكخستنهسهر كۆژانى ئهو توێژهى كۆمهڵگا كه له زۆر رو و له زۆر لاینهوه بێبهش و پهراوێزدهخرێت و روبهڕوى ئالهنگاریی زۆر دهبێتهوه.
مژدە مەحمود، چالاکی ژنان، رەخنەی توند لە حکومەت دەگرێت و دەڵێت: حکومەت نە شوێنی مانەوە بۆ ئەم ژنانە دابین دەکات و نە بیمەی کۆمەڵایەتی، ئەمەش ژنان ناچار دەکات بە هەمو کەموکوڕی و قورسییەکانەوە لە ژیانێکی هاوسەریی پڕ لە توندوتیژیدا بمێننەوە، تەنها لەبەرئەوەی لە ئاستەنگەکانی دوای جیابونەوە دەترسن.
بەڵگەی ئەم بۆشاییەش لە ئامارەکاندا رەنگدەداتەوە. بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری کۆمەڵایەتی گەرمیان، تا ساڵی ٢٠١٥ نزیکەی (٣٥٠٠) بێوەژن موچەیان وەردەگرت، بەڵام لە دوای ئەو ساڵەوە ئەم موچەیە بڕاوە، کە ئەمەش بارگرانییەکی زۆری بۆ سەر ژیانیان دروست کردوە.
یاسا ماف دەدات، بەڵام واقیع شتێکی ترە
لە کاتێکدا ژنان لە واقیعدا روبەڕوی ئەم هەمو ئاستەنگییە دەبنەوە، یاسا هەندێک مافی بۆ داناون. پارێزەر، سوعاد حەبیب، ئاماژە بەوە دەکات کە مافەکانی ژن لە یاسای باری کەسێتی عێراقدا کە بەزۆری سەرچاوەکەی شەریعەتی ئیسلامە، بەم شێوەیە دیاریکراوە:
- مافی بژێوی (نەفەقە): ئەمەش سێ جۆرە؛ بژێوی کاتی (لە کاتی داواکاری جیابونەوە تا یەکلابونەوەی)، بژێوی رابردو (بۆ ماوەی تۆران و جێهێشتنی ماڵی مێرد)، و بژێوی بەردەوام کە دوای بڕیاری دادگا دەدرێت تا کاتی تەڵاقدان.
- مافی وەرگرتنی مارەیی: ژن دوای جیابونەوە مافی وەرگرتنی مارەیی پاشەکی هەیە.
- مافی قەرەبوی تەڵاقی ناڕەوا: ئەگەر تەڵاقەکە بە ویستی پیاو و بەبێ هۆکارێکی یاسایی بێت، دادوەر دەتوانێت بڕیاربدات بە قەرەبوکردنەوەی ژنەکە بە بڕی نەفەقەی (٢) تا (٥) ساڵ.
مافی نیشتەجێبون: بەپێی یاسای ژمارە ٧٧ـی ساڵی ١٩٨٣، ژنی جیابوەوە دەتوانێت تا سێ ساڵ لەو خانوەدا بمێنێتەوە کە موڵکی هاوسەری پێشویەتی، بەمەرجێک خۆی خاوەنی خانو نەبێت.
سەرباری بونی ئەم مافانە لەسەر کاغەز، جێبەجێکردنیان لە واقیعدا پڕۆسەیەکی ئاڵۆز و درێژخایەنە و زۆرکات لە بەرژەوەندی ژن نابێت. وەک ڤیان سابیر، چالاکی ژنان دەڵێت: ئێمە هەرچەندە لەچەند خاڵێکی یاساکەش تێبینیمان هەیە و داوامان هەیە باشتر بکرێت، بەڵام دەبینین لە دادگاکان هێشتا ئەو مافانەش بە ژنانی بێ هاوژین نادرێت، بەردەوام لەدادگاکان ئەو کێشەیەمان هەیە کە لەدۆسیەکانی تایبەت بە ژنان ورد نیین، دۆسیە هەبوە چاودێریمان کردوە بینیومانە فێڵ لە ژنەکە کراوە و مافی خوراوە.
فاتمە؛ نمونەیەک لە خۆڕاگری بەهۆی سەربەخۆیی ئابورییەوە
لەناو ئەم هەمو قورسییەدا، چیرۆکی "فاتمە" کە ناوێکی خوازراوە، هیوایەک دەبەخشێت، ئەو دوای هەشت ساڵ هاوسەرگیری لە هاوسەرەکەی جیابوەتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی خاوەنی پیشەی خۆی بوە، توانیویەتی بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بێت.
ئەو دەڵێت: کاتێک لەگەڵ هاوسەرەکەم دەژیام، سەرقاڵی کاری دەستی بوم و لەسەر پێی خۆم وەستابوم. بۆیە کاتێک جیابومەوە، لەڕوی مادییەوە توشی کێشەیەکی گەورە نەبوم، سەرەتا لەگەڵ ماڵی دایکم دەژیام، بەڵام دواتر بۆ داهاتوی کچەکەم، خانویەکی سەربەخۆم بە کرێ گرت، ئێستا بە کارەکەم بژێوی خۆم و کچەکەم دابین دەکەم و کچەکەشم لەلای خۆمە.
سەرباری بونی نمونەی وەک فاتمە، وێنە گشتییەکە جێگەی نیگەرانییە.
ڤیان سابیر، پێیوایە دۆخی ژنان بە گشتی و بێوەژنان بە تایبەتی، بەرەو خراپتربون دەچێت، دەڵێت: دۆخی بێوەژنان بەراورد بە ساڵانی پێشو خراپتر بوە. پێشتر دەنگی ژنان بۆ داواکردنی مافەکانیان بەرزتر بو، بەڵام ئێستا تا دێت دەنگیان نزم دەکرێتەوە و ژمارەی رێکخراو و چالاکییەکانیش لەم بوارەدا رو لە کەمبونەوە دەکەن.