میراتی کۆتا لە عێراق دوای ٢٠ ساڵ؛ ژنی سیاسەتمەدار یان ژنی حزب؟

2025/07/14    40 جار بینراوە


* نەوژین

نزیکەی دو دەیە لەمەوبەر، کۆتای ژنان وەک چارەسەرێکی "کاتی" بۆ هاتنە پێشەوەی ژنان بۆ نێو دەسەڵاتی یاسادانان لە عێراق چەسپێنرا، ئەمڕۆ ئەو چارەسەرە کاتیە بوەتە واقیعێکی هەمیشەیی، بەڵام ئاسۆی نوێنەرایەتییەکی کاریگەر هێشتا لێڵە، لەکاتێکدا ژمارەی ژنانی پارلەمانتار مسۆگەرە، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کۆتا بوەتە هۆی بەهێزکردنی ژن، یان بەپێچەوانەوە، بوەتە ئامرازێک بۆ حزبەکان تا نوێنەرایەتی ژن لە قاڵب بدەن و بیکەنە پاشکۆی خۆیان؟.

کۆتا لە پارلەمانی عێراق (ئەنجومەنی نوێنەران): سیستمی کۆتا لەگەڵ دەستوری هەمیشەیی عێراقدا لە ساڵی ٢٠٠٥ چەسپێنرا، بەپێی ماددەی (٤٩)ـی دەستور، یاسای هەڵبژاردن دەبێت گەرەنتی ئەوە بکات کە رێژەی نوێنەرایەتیی ژنان لە ٢٥٪ کەمتر نەبێت.

لە زیادکردنی ژمارەوە بۆ دروستکردنی کاریگەری

لە سەرەتادا، کۆتا وەک هەنگاوێکی شۆڕشگێڕانە چاوی لێدەکرا، پێشتر بونی ژن لە دەسەڵاتی یاساداناندا خەونێک بو، بەڵام ئەم سیستمە حزبە سیاسییەکانی ناچار کرد دان بە بونی ژندا بنێن، بینینی بەردەوامی ژنان لە هۆڵی پارلەمان و میدیاکاندا، وردە وردە ئەو رێچکەیەی شکاند کە سیاسەت تەنها بۆ پیاوانە و رێگەی بۆ نەوەیەکی نوێ خۆش کرد.

کۆتا؛ دەرفەت یان قەفەسی حزبی؟

ئارام جەمال، شارەزای بواری هەڵبژاردن، بۆ نەوژین دەڵێت: کۆتا لەڕوی چەندایەتییەوە ئامادەیی ژنی مسۆگەر کرد، بەڵام لەڕوی چۆنایەتییەوە پێشکەوتنێکی کەمی بەخشی، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە: ئەم کۆتایە بەسەر دەستە باڵاکانی حزبە سیاسییەکاندا نەسەپێنرا، کە ئەکتەری سەرەکیی پرۆسەی هەڵبژاردنن.

بە بڕوای ئارام جەمال، عەقڵیەتی زاڵی ناو سەرکردایەتی پارتەکان رێگرە لەبەردەم دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار بۆ پێشخستنی تواناکانی رەگەزی نێرینە، چ جای رەگەزی مێینە. لەلایەکی ترەوە: ئەم سیستمە ناسناوێکی نەرێنیی وەک "پارلەمانتاری کۆتا”ـی دروست کردوە، تەنانەت ئەو ژنانەی بە دەنگی بەرزی خۆیان و بە شایستەیی سەردەکەون، زۆرجار بەم چاوە سەیر دەکرێن، کە ئەمەش لە بەهای کارەکانیان کەم دەکاتەوە.

کۆتا تا کەی؟

ئایا کاتی ئەوە هاتوە کۆتایی بەم سیستمە بهێنرێت؟ شۆخان ئەحمەد، پارێزەری راوێژکار و چالاکی بواری ژنان، لەم بارەیەوە بە نەوژینی وت: سیستمی کۆتا لە بنەمادا بۆ ماوەیەکی کاتییە تا ژن دەتوانێت بە دەنگی خۆی دەربچێت.

ئەو ئاماژە بە ئەزمونی "بۆسنە و هەرسک" وەک نمونەیەکی سەرکەوتو بۆ کۆتاییهێنان بە کۆتا دەکات و دەڵێت: "لەوێ مەرج بۆ لیستەکان دانراوە کە دەبێت ٤٠٪ـی پێکهاتەکەیان ژن بێت و سەرۆک یان جێگری لیستەکەش دەبێت ژن بێت." ئەمە وادەکات حزبەکان ناچار بن ژنی بەتوانا بهێننە پێشەوە بۆ رکابەری.

لەگەڵ ئەوەشدا، شۆخان ئەحمەد پێی وایە هێشتا زوە بۆ هەڵگرتنی کۆتا لە عێراق و هەرێمی کوردستان: پێمانوایە هێشتا کۆمەڵگە بیروڕای تەواوەتی نییە کە ژن وەک پیاو بەشداریی پرۆسەی سیاسی بکات، هەرچەند لەگەڵ بەردەوامی کۆتاشدا نەبین، بەڵام پێداویستیی کۆمەڵگەی ئێمە وا دەخوازێت جارێ بەردەوام بێت.

هاوکات لەگەڵ تێپەڕینی دو دەیە بەسەر چەسپاندنی کۆتا، بڕیارە هەر لەمساڵدا هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامبدرێت، چالاکوانانی مافی ژنان هیوادارن ئەم هەڵبژاردنە سەلمێنەری ئەوە بێت کە پێویستمان بە کۆتا نەماوە.

شیلان عەلی، چالاکی ژنان بە نەوژینی وت: چاوەڕوانی گۆڕانکاریین ئەم هەڵبژاردنە، ئومێدمان بە کاندیدە ژنەکان هەیە، هاوشێوەی هەڵبژاردنی پێشو ژمارەیەکی زۆریان بە دەنگی خۆیان دەربچن، پێموایە شارەزایی ئەوان لە سیاسەت و ناوبانگیان لەنێو خەڵکدا، کار ئاسانی بۆ ئەمە دەکات.

لە هەڵبژاردنی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامدرا، ٥٨ ژنە کاندید توانیان بە دەنگی خۆیان و بێ پێویستی سیستمی کۆتا دەربچن، کۆی گشتی ژمارەی ژنانی دەرچو لەو هەڵبژاردنەدا 97 ژن بو، بەپێی سیستەمی کۆتا، دەبو لانیکەم ٨٣ ژن (کە دەکاتە 25%ـی کورسییەکان) لە پارلەماندا هەبن، بەوهۆیەش جگە لەو ٥٨ ژنەی کە بە دەنگی خۆیان دەرچون، ٣٩ ژنی دیکە لەڕێگەی سیستەمی کۆتاوە کورسییەکانیان مسۆگەر کرد.
 



Newjin.net - 2025
ژمارەی سەردان 2,613,028     ژمارەی میوان 185

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە