پسپۆرێکی نەخۆشیەکانی ژنان: ئەو ژنانەی خەتەنەکراون توشی کێشەی خێزانی دەبنەوە

2023/02/15    632 جار بینراوە

 

* نەوژین

پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی ژنان و مناڵبون، باس لە زیانەکانی خەتەنەکردن دەکات و ئاماژە بەوەدەکات: زۆر لەو خانمانەی خەتەنە کراون توشی گرفتی دەرونی و کێشەی خێزانی بونەتەوە.

د.شلێر مەجید، پزیشکی پسپۆری نەخۆشیەکانی ژنان و مناڵبون و نەزۆکی، لەمیانەی بەرنامەی (تەمەن دروستی)ـی رادیۆی دەنگ باسی لە  خەتەنەکردنی مێینە و زیانەکانی کرد.

خەتەنەکردن ئەو نەشتەرگەریەیە کە بەشێک یان زیاتری ئەندامی مێینە دەبڕدرێت و لێدەکرێتەوە، بەشێوەیەکی گشتیش بۆ لابردنی ئامێرێکی تیژ بەکاردەهێنرێت وەک: گوێزان، چەقۆ، مەقەست، شوشە و بەردی تیژ.

لەبارەی هۆکارەکانی ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەریە، د.شلێر، وتی: هۆکارەکەی بەزۆری دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری کۆمەڵایەتی و ئاینی یان بە پاساوی سودگەیاندن وەکو ئامادەکردن بۆ شوکردن کە لە ساڵانی زو دا ئەم کارە کراوە. 
  
هاوکات باسی لە بەشێک لەو زیانانە کرد کە لەدوای ئەنجامدانی خەتەنە توشی کچان و ژنان دەبن و وتی: خەتەنەکردن زیانی کاتی و درێژخایەنی زۆرە، وەکو: خوێنبەربون، ئاوسان، ئازار، هەوکردن و دروستبونی گۆشتپارە لە شوێنی بڕانەکەدا، بچوکبونەوەی دەمی زێ، گیروگرفتی سێکسی، مناڵبونی سروشتی و نەزۆکی. 
 
هەروەک ئاماژەی بەوەشکرد: چوار جۆر خەتەنەکردن هەیە ئەو جۆرەی کە هەمو ئەندامی دەرەوەی زێ لادەبرێت، بە فیرعەونی ناسراوە و خراپترین جۆرە. 
 
ئەو خانمە پزیشکە باسی لەوەشکرد: زۆر لەو خانمانەی خەتەنەکراون توشی گیروگرفتی دەرونی و کێشەی خێزانی بونەتەوە. 

خەتەنەکردنی مێینە لە کوردستان هێشتا بونی ماوە، بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی وادی ئەڵمانی ساڵی رابردو لە هەرێمی کوردستان ١٤٧ کەیسی خەتەنەکردنی کچان تۆمارکراوە کە تەمەنیان لەنێوان (١ رۆژ بۆ ١٨ ساڵ) بوە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,336,344     ژمارەی میوان 738

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە