توێژینەوەیەکی ئەمریکی: شێرپەنجەی ملی مناڵدان لە خانمانی بەتەمەن مەترسیدارە

2023/01/29    627 جار بینراوە

 

 * نەوژین

ناوەندی شێرپەنجەی زانکۆی یو سی دەیڤس لە ئەمریکا ئاشکرایدەکات: بەهۆی دەرنەکەوتنی شێرپەنجەی ملی مناڵدان لە پشکنینەکاندا و ئەنجامنەدانی پشکنینی پێشوەختە، مەترسی گیان لەدەستدان بە شێرپەنجەی ملی مناڵدان لە خانمانی سەرو تەمەن 65 ساڵ زیاترە. 
 
توێژینەوەکە لە گۆڤاری پشتگیریکردن لە شێرپەنجە بڵاوکراوەتەوە و ئاشکرایدەکات: لە ساڵانی نێوان 2009 تاکو 2018 یەکێک لە پێنج توشبوی شێرپەنجەی ملی مناڵدان تەمەن 65 ساڵ بوە و (71%)ـی توشبوان لە قۆناخە پێشکەوتوەکانی شێرپەنجەکەدا دەستنیشانکراون، ئەمەش رێژەی گیان لەدەستدانی لەو تەمەنەدا زیادکردوە. 

رونیشیکردوەتەوە: پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی ملی مناڵدان بە ناوی 'PAP Smear' یاخود پشکنینی ڤایرۆسی HPV مەترسی و رێژەی گیان لەدەستدان بە نەخۆشییەکە کەمدەکاتەوە، بەشێوەیەک هەر خانمێک دوای تەمەنی 20 ساڵی دەتوانێت ئەو پشکنینانە بکات. 
 
هاوکات توێژینەوەکە ئەوەشی پشتراستکردوەتەوە: هەڵچونی تەمەن دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی ملی مناڵدان قورس و ئاڵۆزتر دەکات، پشکنینەکان بۆ خانمانی سەرو 65 ساڵان گرنگییەکی ئەوتۆیان نییە و لەگەڵ هەڵچونی تەمەن وردی لە ئەنجامەکان کەمدەبێتەوە.
 
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، شێرپەنجەی ملی مناڵدان لە جیهاندا چوارەم جۆری شێرپەنجەی باوە و لە ساڵی 2020 نزیکەی 604 هەزار توشبو و 342 هەزار حاڵەتی گیان لەدەستدان تۆمارکراون.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,798,778     ژمارەی میوان 1816

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە