ژنان بەرامبەر کۆسپەکانی بەردەمیان دەجەنگن ‏

2021/03/09    906 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
 
ژنان لە گەرمیان هەنگاوێکی ئەرێنیان ناوە بۆ بەدەست هێنان و ماف و کارو یەکسانی لەگەڵ کۆسپەکانی بەردەمیان دەجەنگن، بەڵام لە ناوەندی ‏بڕیاری سیاسیی  حزبەکان لە ناوچەکە رەونەقیان ونەو لە بەڕێوبەردنی حکومەتیش  بە رێژەیەی کەمتر لە ١٥٪ بەشدارن، لەگەڵ ئەمانەشدا ‏توندوتیژیەکان و کوشتنی ژنان بە ناوی شەرەف بەردەوامە، پارێزەرێکیش جەختدەکاتەوە توندوتیژی لێدان و بەشودانی پێشوەختەی کچان ‏ئاستێکی بەرزدایە.‏
 
 
ئابوری سەربەخۆ و لەمپەرەکانی بەردەم ژنان
 
 
لە گەرمیان ژنان بۆ سەربەخۆیی ئابوری هەنگاوێکی ئەرێنیان ناوە، بەڵام گرفت و لەمپەر دێتەڕێگەیان، بە وتەی چالاکوانێک ”تانیان ‏لێدەدرێت“ نوێنەرانی سەندیکای کرێکارانیش باسلەوەدەکەن دەستیانکردوە بەدواداچون بۆ کاری ژنان و هاوکاریکردنیان لە روبەڕوبونەوەی ‏کێشەکانیان.‏
 
 
‏”ژنێک لە گەرمیان کاربکات تانەیی لێدەدرێت پێی دەوترێت ئەوە پیاوەکەت ناتوانێت نانت بدات، یان پیاو کە ژنەکەی دەیەوێت ئابوری ‏سەربەخۆ بەدەست بهێنیت واهەستدەکات کە دەسەڵاتی لە ناو خێزان دەکەوێتە لێژیەوە رێگری لە کارکردنی ژنەکەی دەکات“خەڵات ساڵەح، ‏ئەندامی رێکخراوی وادی ئەڵمانی، وادەڵێت.‏
 
 
لە بەرامبەردا خەرمان محمود، ئەندامی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لقی گەرمیان، دەڵیت: ئێمە ماوەی مانگێکە لە سەندیکا دەستبکاربوین، ‏پلانمان هەیە بە دو شێواز هاوکاری ژنان بین، یەکەم: رەخساندنی دەرفەتی کارە لە رێگەی کردنەوی خولی پیشەیی و دابینکردنیی کەرەستەی ‏سەرەتایی بۆ کارەکەیان، کە بڕی تێچوەکەی چەند رێکخراوێکی بیانی گرتویانەتە ئەستۆ، دوەم: سەردانی کردنی شوێنی کاری ژنانە بۆ ئەوەی ‏بزانین تا چەند مافیان پارێزراوە لە کاتی بونی کێشە هەوڵی چارەسەرکردنیی دەدەین.‏
 
 
ئەوەی جێگەی پرسیارە ژنان بەشێکی زۆریان نازانن سەندیکا هەیە و داکۆکی لە مافیان دەکات وەک نوێنەرەکەی سەندیکا خودی خۆشی دان ‏بەوەراستیەدادەنێت کە سەندیکا لە ماوەی رابردودا نەیتوانیوە داکۆکیکاری مافی ژنان بێت و دەڵێت: ”کە بە مەیدانی سەردانی ژنان دەکەین ‏هەندێکیان لێمان دەپرسن سەندیکا چیە؟“.‏
 
 
‏”ئەو ژنانەی هاوسەرەکانیان لەدەستداوە لە باردۆخێکی سەختی ئابوریدان“‏
 
 
‏”ئەو ژنانەی کە هاوسەرەکانیان لە ژیان نەماوە یاخود جیابونەوەتەوە مناڵیان هەیە، لە بارودۆخێکی سەختی ئابوریدان، کۆمەڵگاش روبەڕویان ‏دەبێتە کە دەیانەوێت کاربکەن“. بانە محەمەد، نوێنەری سەندیکای کرێکاران و پیشەوەران ئەمە دەڵێت.‏
 
 
بۆ چارەسەرکردنی ئاماژەبەوەدەکات: دەبێت رێکخراوەکان رۆڵیان هەبێت بۆ گۆڕینی ئەو دیدگایەی کە دژ بە کارکردنی ئەم چینەی ژنانە.‏
 
 
مێزگردی 'نەوژین' بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رەوشی ژنان لە گەرمیان
 
توندوتیژیەکانی لێدان و بەشودانی پێشوەختەی کچان لە ئاستێکی بەرزدایە
 
 
پارێزەرێک ئاشکرای دەکات، سکاڵاکردنی ژنان لە دادگا بە هۆی توندوتیژی و لێدانەوە لە ئاستێکی بەرزدایە.‏
 
 
نەورەس ئیسماعیل، پارێزەرو ئەندامی رێکخرای وادەی ئەڵمانی، ئاماژە بە دو جۆر لە توندوتیژی دەکات کە بەرامبەر ژنان لە گەرمیان ‏دەکرێت و وتی: ئامارەکانی لێدانی ژنان لە دادگاکانی گەرمیان لە ئاستێکی بەرزدایە، بەنمونە منداڵ لەسەربان کەوتۆتە خوارەوە کەچی ‏باوکەکەی توندوتیژی بەرامبەر دایکی کردوە“.‏
 
 
بەشدوانی پشێوەختەی کچانیش بە یەکێکی دیکە لە دیاردەکانی توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەبینێت ودەڵێت: دیاردەی بەشودانیی پێشوەختە زۆرە ‏لەگەڵ ئەوەشدا لە داگا جیابونەوە لەم تەمەنە زۆر زۆرە“.‏
 
 
وتیشی :زۆرگرنگە دادگاکان سەنتەری رێنمایی و هۆشیاری تایبەتت بە پرۆسەی هاوسەرگیری بکەنەوە، سەرۆکی دادگای گەرمیان دەتوانێت ‏بۆ ئەمە داوا لەسەروی خۆی بکات.‏
 
 
 پلانی نوێ بۆ روبەڕوبونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمایی جێندەر
 
 
رێکخراوەکان وەک ژمارە زۆرن، چالاکوانان و هاوڵاتیان کارەکانیان بەلاواز دەبینن، ئەندامێکی رێکخراوی (‏P.D.O‏) رایدەگەیەنێت ‏پلانەکانیان گۆڕیوە بۆ روبەڕوبونەوەی توندوتیژی لەسەر بنەمایی جێندەر.‏
 
 
هەودا محەمەد، کارمەندی  رێکخراوی (‏P.D.O‏) وتی: توندوتیژیەکان بەرامبەر ژنان گۆراوە بەتایبەت دوای هاتنی سۆشیاڵ میدیا و قەیرانی ‏ئابوری، لەگەڵ ئەوەشدا  یاساکان لاوازن لە بەرامبەر توندوتیژیەکان.‏
 
 
لە بارەی هەوڵەکانیان بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان 'هەودا' ئاماژەی بەوەکرد: پلانێکی نوێیان بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنان پیاودەکردوە ئەویش لە ‏سەنتەرەکەیان کە سەنتەری 'پەنایە' خولی پیشەی بۆ ژنان دەکەنەوە بۆ ئەوەی فێری پیشەی جیاوازبن، لەگەڵ خولەکانیشدا رۆژانە کاتژمێرێک ‏سیمینار و بابەتی هۆشیاریان دەبێت.‏
 
 
وەک خۆی دەڵێت: ئەمەش وادەکات ئەو ژنانە بتوانێت لە ماڵ بێنە دەروە، چونکە ئەگەر وانەبێت رێگەیان پێنادرێت بێتە دەروە بۆ بینینی خولی ‏هۆشیاری، سەرئەنجام لەوکاتانە چەندین کەیس ئاشکرا دەبن و دەست دەکەین بە چارەسەرکردنی.‏
 
 
‏”کۆرۆنا ئاشکرایکرد ژنان لە ماڵەکانیان ئارامنین“‏
 
 
‏”ئاماری توندوتیژیەکان لە مانگەکانی کۆرۆناو کاتی کەرەنتینە دەریخست ژنان لە ماڵەکانیان ئارامنین“. ئەمە قسەکانی هەودا محەمەدە، ئەو ‏دەڵێت: ژنان لە ناوخێزانەکانیان توندوتیژی زۆریان بەرامبەر کرا لە کاتی کەرەنتینە، بە لێدان و بە قسەپێوتن.‏
 
 
باسیلەوەشکرد، لەو کاتەدا رێکخراوەکەیان ژمارەیەکی بڵاوکردبوەوە بۆ ئەوەی ژنان توندوتیژیان بەرامبەر کرا پەیوەندیی بکەن”بەوەدا بۆمان ‏دەرکەوت توندوتیژیەکان لە ماڵەکان بەرامبەر ژنان زۆر زۆرە“.‏
 
کوشتنی ژنان و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان
 
 
پارێزەرێک ئاشکرای دەکات تاوەکو ئێستا تیمی لێکۆڵینەوەی تاوان لە گەرمیان چەندین ئامێری گرنگی لێکۆڵینەوەی لە روداوەکان و کوشتن ‏نیە، بۆیە دەبینین دۆسیەکان رەوتی لێکۆڵینەوەی وەک پێویست نیە چالاکوانێکیش ئاشکرای دەکات دادگا رۆڵی لە کەیسەکانی کوشتنی ژنان وەک ‏پێوست نیە.‏
 
 
پارێزەرنەورەس ئیسماعیل، وتی: رەوتی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی تاوانی کوشتن پێویستی بە چەند ئامێر و پێدویستیەکە کە لە گەرمیان نیە، ‏لەکاتێکدا بەو ئامێرانە بە زانستی بکەرانی تاوانەکان ئاشکرادەبن.‏
 
 
وتیشی: ئێمە چەند دۆسیەمان هەیە لە گەرمیان کە بەوهۆیەوە بکەرانیی سزایان وەرنەگرتوە دۆسیەیی سوتانی ژنێک لە ناحیەیی رزگاری لە ‏گەرمیان بەوشێوەیە داخرا کە نەزانرا چۆن سوتاوە.‏
 
 
هاوکات سزاکانی تاوانبارنی کوشتنی ژنان نیگەرانی لەلای چالاکوانان دروستکردوە، بەنمونە کوشتنی ژنێک لە گوندی ساڵح ئاغا لە ساڵی ‏‏٢٠٢٠ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە دادگا ٧ ساڵ سزای زیندانی کردنی بۆ دەرکرد، بە بیانوی ئەوەی شایەت نیە لە روداوەکە، لە کاتێکدا بەبەڵگە ‏ژنەکەی کوژراوە و لەکاتی روداوەکە تەنها ئەم لە شوێنەکە بوە.‏
 
 
هەودا محەمەد، ئاماژەی بەوەکرد: بۆ دۆسیەکانی کوشتنی ژنان دادگا وەک پیویست رۆڵی نیە بەنمونە ”یەکێک لەو قەزیانە دوای چوار کاتژمێر ‏داوەر وەڵامی پەیوەندەی داوەتەوە بۆ ئەوەی پۆلیسی لێکۆڵەر بچێتە شوێنی روداوکە کە مردنی کچێک بوە لە قەزای کەلار لە روداوێکی سەیر ‏لە ماڵەکەی خۆیاندا!“.‏
 
‏”ئەرکی حکومەتە لەرێگەی پەروەردەوە توندوتیژی کەمبکاتەوە“‏
 
 
چاوان محەمەد، خوێندکاری زانکۆ، لە بەشی یاسا، ئاماژەبەوەدەکات کە ئەرکی حکومەتە لە رێگەی وەزارەتە پەیوەندەیارەکان بە ‏پەرورەدەکردن هۆشیاری لەسەر دورکەتنەوە لە توندوتیژی بڵاوبکاتەوە.‏
 
 
وتیشی: ”لە ئێستادا توندوتیژی ئەلیکترۆنی هەڕەشەیە بۆ سەرر ژنان دەکرێت لە رێگەی پەروەردەوە ئەوە بخرێتە بەرنامەی خوێندن تاوەکو ‏کاریگەریەکانی کەمبکرێتەوە هەروەها کتێبی تایبەت بە توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر بخاتە سیستەمی پەروەردەوە“.‏
 
 
مێزگردی 'نەوژین' بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رەوشی ژنان لە گەرمیان
 
ژنانی گوندەکانی گەرمیان لە بارودۆخێکی سەختی توندوتیژین
 
 
خەڵات ساڵەح، ئەندامی تیمی وادی ئەڵمانی، لە گوندەکانی گەرمیان کاردەکەن لەسەر پرسەکانی ژنان باسلەوەدەکات، ژنانی گوندەکانی گەرمیان ‏بارودۆخیان سەختە و روبەڕوی توندوتیژی جۆراوجۆر دەبنەوە.‏
 
 
وتی: ژنە هەبوە لە گوندەکانی گەرمیان، توشی باردۆخی سەختی دەرونی بوە هاوسەرەکەی پێی وتوە خۆت باشەکەیت یان بچم ژنیکی دیکە ‏بهێنم! لە بری ئەوەی سەردانی دکتۆری پێبکات هەڕەشەی کردوە لە ژنەکەی کە هەر لە ئەنجامی توندوتیژی ئەو ژنە وای بەسەر هاتبو، ئەو ‏گرفتە دەرونیانە وادەکات کەسەکە خەمەکانی کەڵەکەبن سەرئەنجام سەربکێشێت بۆ روداوی دڵ تەزێن وەک خۆکوشتن.‏
 
 
بۆ چارەسەرکردنی ئەوەیخستەڕو کە دەکرێت حکومەت بۆ روبەڕوبونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان تیمی تایبەتی هەبێت، سەردانی گوندەکان ‏بکات. ‏
 
 
ژنان لە هونەر و رۆشنبیری
 
 
ژنان لە بواری هونەر شوێنی دەستی خۆیان دیاریکردوە لە نواندن، شێوەکاری، مۆسیقا بەڵام لە گۆرانیدا هیچ خانمێکی تێدا هەڵنەکەوتوە، لە ‏بواری رۆشنبیریش بە وتەی هونەرمەندێک وەک پێویست بەشدارنین.‏
 
 
بێریڤان محەمەد، خانمە هونەرمەندی شێوەکار، دەڵێت: ”ژنانی گەرمیان لە کایەیی رۆشنبیری رۆڵیان نیە، لە دیدار و دیبەتیەکانی ئەو بوارە ‏نابینرێن، ئەو کچ و ژنانەشی کە لە بواری هونەر کاردەکەن سنوردارن“.‏
 
 
ناوبراو نمونەی ئەوەشی هێنایەوە پێشەنگایان هەبوە لە شارەکانی موسڵ، بەغداد، هەولێر یان دەروەی وڵات کەچی خێزانەکانیان رێگربون ‏هاوڕێکانم پێیان وتوم ”تابلۆکانمان ببەن، بەڵام خۆمان نایەین“ بۆیە ئەمە گرفتێکی گەورویە.‏
 
 
لە بارەی چارەسەرکردنیشیەوە باسیلەوەکرد: ئەو ژنانەی کە ئازادیان بەدەست هێناوە بە هەوڵدان و داکۆکی خۆیان بوە دەکرێت رۆڵێکی ‏گەورەببینین بۆ ئەوەی هەریەکەیان بتوانن کاریگەری لەسەر چەند کچ و ژن و خێزان دروست بکەن بۆ ئەوەی باردۆخی ژنان لەم قاڵبە بێتە ‏دەروە.‏
 
 
مێزگردی 'نەوژین' بۆ گفتوگۆکردن لەسەر رەوشی ژنان لە گەرمیان
 
‎* ‎ئەم راپۆرتە لە ئەنجامی مێزگردێکی میدیایی (نەوژین) تایبەت بە ٨ى مارس ئامادەکراوە، بەشداربوانی مێزگردەکە پێکهاتبون ‏لە:(نەورەس ئیسماعیل، پارێزەرو ئەندامی رێکخراوی وادی ئەڵمانی لە گەرمیان)، (بانە محەمەد، ئەندامی سەندیکای کرێکاران و ‏پیشەوەران لقی گەرمیان)، (هەودا ئەحمەد، کارمەندی رێکخرای ‏P.D.O‏)، (بێریڤان محمود، هونەرمەندی شێوەکار)،(خەڵات ساڵح، ‏ئەندامی رێکخراوی وادی ئەڵمانی، لقی گەرمیان)، (خەرمان محمود، نوێنەری سەندیکاری کرێکاران و پیشەوەران) و(چاوان محەمەد، ‏خوێندکاری زانکۆ)‏
 
 

 

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,361,754     ژمارەی میوان 298

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە