فەیروز، بۆچی و چۆن کوژرا؟

2024/04/17    2176 جار بینراوە

 

* نەوژین

بەیانی ئەمڕۆ کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵ، لەجێگەی نوستنەکەی لەنێو ماڵەکەی خۆی لەلایەن کەسوکاریەوە درایە بەر دەستڕێژی گوللە و کوژرا، ئەم کچە هەمان ئەو کچە بو کە بەر لە شەش مانگ، لە یەکێک لە پڕۆژە نیشتەجێبونەکانی هەولێر لەلایەن دو کەسەوە لە پەنجەرەوە فڕێدرایە خوارەوە و بە سەختی بریندار بو.

فەیروز ئازاد، ٢٠ ساڵ، دانیشتوی شاری هەولێر بو، کچی ماڵەوە بو و کاری نەدەکرد، لەگەڵ  لەگەڵ دایکی و زڕ باوکی و خوشک و براکانی دەژیا، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە دایکی فەیروز لە هاوسەرەکەی جیابوەتەوە و دادگاش مافی بەخێوکردنی فەیروزی بە دایکی دابو.

چیرۆکی خستنەخوارەوەی فەیروز لە شوقە چیە؟

بەرەبەیانی رۆژی (١٧ـی ١١ـی ٢٠٢٣)، لە شوقەیەک لە ئیسکان (فەیروز ئازاد)، کە کچێکی تەمەن ١٩ ساڵان بو، لەلایەن دو کەسەوە فڕێدرایە خوارەوە و بەهۆیەوە بە سەختی بریندار بو، کە بەوتەی زڕ باوکی (رانی و قاچی شکابون، هەروەها حەوز و بڕبڕەی پشتی درزیان تێبوبو).

راستەوخۆ دوای روداوەکە ئاسایش رایگەیاند: هەردو کەسەکەیان دەستگیرکردوە کە دو کەسی دەرکەوتوی سۆشیاڵمیدیان، وتیشی: فەیروز لەلایەن یەکێک لە ئەوانە دوای ئازاردان و دەستدرێژیکردنەسەری فڕێدراوەتە خوارەوە.

هەر ئەوکات ئاسایش هۆکاری فڕێدانەکەی رونکردەوە و رایگەیاند: (ف. ز. ص) دوای ئەوەی خۆی دەستدرێژی سێکسی کردوەتە سەری داوایکردوە رێگە بدات هاوڕێکەیشی واتا (م. أ.ع)یش دەستدرێژی بکاتە سەر، کاتێک فەیروز بەوە رازی نەبوە خستویەتیە خوارەوە.

ئاسایش رونیشیکردوە: فەیروز و هەردو تۆمەتبارەکەش، لەکاتی روداوەکە لەژێر کاریگەری مادەی کحول دا بون. 

فەیروز ئازاد بۆچی ئەو شەوە لە شوقەکە بو؟  

دایکی فەیروز لەبارەی ئەو شەوەوە دەڵێت: من و هاوسەرەکەم (زڕ باوکی فەیروز)، لەماڵ نەبوین، فەیروز و خوشک و برا بچوکەکانی بەتەنها لەماڵ بون، ئەم دو کەسە سەرەتا بە نامە هەڵیان خەڵەتاند بو و وتبویان وەرە پێکەوە لەسەر بابەتێک قسە دەکەین، دواتر هاتبونە بەردەرگا و لەگەڵ خۆیان بردبویانە شوقەکە.

کێ بون ئەوانەی کە ئەمڕۆ کوشتیان چۆن و بۆچی کوشتیان؟

دایکی فەیروز، چەند کاتژمێرێک دوای کوژرانی کچەکەی، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ئەنجامدا و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد: بەیانی کاتژمێر حەوت و نیو، حەوت کەس بەسەر ماڵەکەمانیان دا کە بریتیبون لە (باوک، برا، پورزا، ئامۆزا، خاڵ و خاڵۆزای) فەیروز، راستەوخۆ هەر لەسەر جێگەی خەوەکەی دەستڕێژی گوللەیان لە کچەکەم کرد و حەوت گوللەی بەرکەوت و مرد، نازانم کامەیان تەقەیکرد و کوشتی، چونکە منیش ئەو کاتە خەوتبوم و بەدەنگی تەقە بەخەبەر هاتم.

لەبارەی هۆکاری کوشتنەکەیشیەوە، وتی: ئازادی باوکی فەیروز، زۆر توڕەبو کاتێک زانی دو تۆمەتبارەکە ئازاد بون، وتی: گەر ئەوان وێنە و ڤیدیۆی خۆیان بڵاوبکەنەوە و باسی ئازادبونیان بکەن من فەیروز دەکوژم.

وتیشی: زۆر تکامان کرد، کە ئەوان ئەو کارە نەکەن، بەڵام گوێیان لێ نەگرتین و ڤیدیۆی خۆیان لەکاتی ئازادبون بڵاوکردەوە و بەوهۆیەش کچەکەم کوژرا.

دەنگۆیەک هەیە، بکوژی سەرەکی روداوەکە کە برای فەیروزە دەستگیرکرابێت، بەڵام هەتاوەکو کاتی ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە پۆلیس و ئاسایشی هەولێر، لەمبارەیەوە هیچ راگەیەندراو و لێدوانێکی فەرمیان بڵاونەکردوەتەوە، لەبارەی هۆکاری ئازادکردنی دو تۆمەتباری خستنەخوارەوەی فەیروزیش هیچ رونکردنەوەیەک نییە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,368,135     ژمارەی میوان 764

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە