پزیشکێکی دادوەری: زۆرترین حاڵەت کە دێتەلامان ئیهانە کردنی ئافرەتانە لەسەر پەردەی کچێنی

2021/02/22    2164 جار بینراوە
 
* نەوژین، پەرژین کامەران
 
 
پزیشکێکی داوەری رایدەگەیەنێت، حاڵەتەکانی هێنانی ئافرەتان بۆ پزیشکی دادوەری بە بیانوی نەمانی پەردەی کچێنی هێندە زۆرە لە ژماردن نایەت، دەشڵێت ژنان بون بە قوربانی ناهۆشیاری ئەوانەشی روبەڕوی ئەمە دەبنەوە بەشی زۆری ناچار بە جیابونەوە دەکرێت، لە بارەی کەیسەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنانیشەوە دەڵێت”شەرەف بوە بە چەکی کوشتنی ژنان“.
 
 
دیلمان ئازاد، پسپۆری پزیشکی دادوەری و مامۆستای زانکۆ لە دیدارێکی نەوژیندا، کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە ژنان و پەیوەندیدار بە پزیشکی دادوەری دەخاتەڕو.
 
 
* چ کێشەیەک ژنان دەهێنێتە پزیشکی دادوەری؟
 
 
هێنانی ئافرەت و ئیهانە کردنی لەسەر پەردەی کچێنی بۆ پزیشکی دادوەری هێندە زۆرە لە ژمارە نایەن.
 
 
* لە کاتی ئەم کێشانە چی رودەدات؟
 
 
بەهۆی نەبونی هۆشیاریەوە پەردەی کچێنی کێشەی زۆر گەورە دروست دەکات لەناو خێزانەکان، لە بنەڕەتدا ئەمە کەشتێکی زۆر هەڵەو بێمانایه کۆمەڵگا بڕیار لە پاکیزەی کچ دەدات لەسەر پەردەی کچێنی، کێشەکان لەم پرسە بەڕادەیەک زۆرن کە خێزان لە یەک جیادەبنەوە، یان هەرزەکارە دەکەوێتە شەڵتەر، هۆکاری ئەم توندوتیژیانەش پیاو نیە بەتەنها، بەڵکو دەیگەڕێنمەوە بۆ ئافرەتان خۆیان، چونکە ئەوان پیاو پەروەردە دەکەن.
 
 
 
* لە حاڵەتەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان کە دەهێندرێنە پزیشکی دادوەری خێزانەکانیان چۆن مامەڵە دەکەن؟
 
 
”کوشتنی ئافرەت لەکۆمەڵگای ئێمە بە بیانوی شەرەفە“لەو حاڵەتانە دەبینین تەرمی ئەو ئافرەتانە فڕێ دەدرێتە لایەک ،کەس خۆی بە خاوەنیان ناکات دەڵێن لەسەر شەرەف کوژراوە.
 
 
”پزیشکی دادوەری بە پشکنینەکانی یەکسەر دەزانێت ژنێک کوژراوە یان خۆی کوشتوە“
 
 
* پزیشکی دادوەری دەسەڵاتی یەکلاکردنەوەی کەیسەکانی کوشتن و خۆکشتنی ژنانی هەیە؟
 
 
ئەو تەرمەی دێتە لای ئێمە بەهۆی زانستی پزیشکیەوە دەزانین خۆی کوشتوە یان کوژراوە ، بەڵام ناتوانین دیاری بکەین لە راپۆرتەکان، تەنها چەند بەڵگەیەکی زانستی دەنوسین و دەیدەین بە دادوەر، لەگەڵ بەڵگەکانی دیکە دادوەر بڕیاری لەسەردەدات خۆی کوشتوە یان کوژراوە.
 
 
 
”هەر کەیسێک دەنوسمەوە لە حاڵەتەوە بوە بە دیاردە“
 
* هەندێک جار دکتۆر دیلیمان، چیرۆکی روداوەکانی ناو پزیشکی دادوەری دەگێڕێتەوە و بڵاوی دەکاتەوە پەیامت لەوە چیە ؟
 
هەر کەیسێک دەنوسمەوە لە حاڵەتەوە بوە بە دیاردە، دەبەێت ئەمانە ئاشكرابکرێت، چونکە باسکردنی ئەم شتانە لەناو کۆمەڵگا بە شەرم لە قەڵەم ئەدرێت  گرنگە باسبکرێت و هۆشیاری بدرێت لەبارەیەوە، دایک و باوک بەرچاویان رون دەبێت، تازە پێگەشتوان نازانن ئەو کێشانە چیە سەرەتا، بەڵام کە دەخوێنێتەوە ترسی بۆ دروست دەبێت، ئەو کات وەکو هۆشیار کردنەوەی لێدێت بۆ تاکەکان لەناو کۆمەڵگە و کێشەکان بەرەو کەمی دەڕۆن، چونکە کێشە گەورەکانی کۆمەڵگا دێتە لای  ئێمە و لە ناو کۆمەڵگا پەردەپۆش دەکرێت.
 
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,360,813     ژمارەی میوان 2953

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە