* نەوژین, دێژین صدقی
د. وارژین کە پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیە دەرونییەکانە دەڵێت: لەدوای تەمەنی ٣٠ ساڵی زۆرینەی ئەوانەی توشی نەخۆشیە دەرونییەکان دەبن ژنانن، دەشڵێت: شێوازی مامەڵەی خێزان و کۆمەڵگە لەگەڵیان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانە بۆ ئەمە.
لە سنوری پارێزگای دهۆک، تەنها یەک ژنە پزیشکی دەرونی هەیە، ئەویش د. وارژین یاسین، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیە دەرونییەکانە، نەوژین لەبارەی هۆکاری نەبونی ژنە پزیشکی تایبەتمەند لە بوارەکە لە ناوچەکە و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە نەخۆشیە دەرونیەکان کە زیاتر روبەڕوی ژنان دەبێتەوە، دیدارێکی لەگەڵ ئەم خانمە پزیشکە ئەنجامداوە.
* چۆن بو وەک یەکەم ژنە پسپۆڕ لە بوارەکە، بڕیاری کردنەوەی کلینیکی تایبەت بە خۆت دا لە شاری دهۆک؟
هەستمکرد نەبونی ژنە پزیشک لەبوارەکە وایکردوە ژنانی ناوچەکە دوای توشبونیان بە نەخۆشی دەرونی لەبری چارەسەر خۆیان پشت گوێ دەخست، بۆیە دوای بەدەستهێنانی بڕوانامە لە بوارەکە، بڕیارم دا من ئەو بۆشاییە پڕبکەمەوە و کلینیکێکم کردەوە.
* چی بەهۆکاری نەبونی پزیشکی ژنی تایبەتمەند بە نەخۆشیە دەرونیەکان لە دهۆک دەبینیت؟
بۆ ئەمە زۆر هۆکار هەن، سەرەکیترینیان ئەوەیە مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشانی دەرونی شتێکی ئاسان نییە و دەبێت پزیشکەکە زۆر لەسەرخۆ و هاوکار بێت، چونکە نەخۆشەکان کەسانی ئاسایی نیین، هۆکاری دیکە کەمی داهاتی پیشەکەیە، پزیشکانی ژن لێرە زیاتر بیریان لای ئەوەیە ببنە پسپۆڕی ژنان و مناڵ بون، ئەمەش چونکە داهاتێکی زۆری هەیە بەراورد بە بوارەکانی دیکەی پزیشکی، لەلایەکی دیکە وەک چۆن نەخۆشەکان شەرم دەکەن لەوەی توشبوی نەخۆشی دەرونیین، پزیشکانی بوارەکەش بەهەمان شێوە دەکەونە ژێرم ئەم کاریگەرییە، بۆیە زۆرکات خۆیانی لێ بەدور دەگرن.
* کێ زۆرتر توشی نەخۆشی دەرونی دەبێت، ژنان یاخود پیاوان؟
لەنێو ئەو کەسانەی سەرو تەمەنی ٣٠ ساڵن، ژنان زیاتر توشبون، هۆکار بۆ ئەمە سوڕی مانگانە، دوگیانی و مناڵبونە کە هۆرمۆنی جەستەیان تێکدەدات، لەلایەکی دیکە ئەو هەڵسوکەوتە نەرێنییەی هەر لە مناڵیەوە لەگەڵ رەگەزی مێینە دەکرێت هۆکارە، بەڵام لەنێو ئەو کەسانەی خوار تەمەنی ٣٠ ساڵی زیاتر مناڵی کوڕ توش دەبن.
* بەپێی ئەوەی باستلەوەکرد بەپێی ئەزمونی تۆ ژنان زیاتر توشبون، کەواتە پێمان بڵێ لای ئەوان تاوەکو چەند گرنگە ئەو پزیشکەی کە سەردانی دەکەن ژن بێت؟
ژنان لەو بڕوایەدان کە پزیشکی ژن زیاتر لێیان تێدەگات، نزیکی ناخ و دەرونیان دەبێت، دەست لە سەر برینیان دادەنێت و چارەیان دەکات. هۆکاری دیکە ژنان زۆرکات کێشەی سێکسیان گرێدراوە بە نەخۆشیە دەرونیەکەیان بۆیە وا مورتاحن کە لەگەڵ ژنێک ئەم باسە بکەن، لەلایەکی دیکە کۆمەڵگەی ئێمە زیاتر وا راهاتوە ژن لەگەڵ ژن هەڵسوکەوت بکات، بۆیە زۆرکات دایک و باوکان کچەکانیان دەهێننە لای ئێمە.
* کەسێک چۆن بزانێت یاخود هەست بکات توشی نەخۆشی دەرونی بوە؟
کاتێک هەستی بە هەندێک گۆرین لە هزر و هەست و هەڵسوکەوتی کرد بەشێوەیەک گۆڕانکارییەکە کار لە ژیانی رۆژانەی بکات و نەتوانێت وەکو پێشتر ئیش و کاری رۆژانەی خۆی ئەنجام بدات، لە روی کۆمەڵایەتییەوە دور و گۆشەگیر بێت و تاقەتی قسەکردن و تێکەڵاوی خەڵکی نەبێت ئاماژەن بە توشبونی نەخۆشی دەرونی و هەر نەخۆشێک جۆرێکی جیا و بە ئاستی جیاواز توش دەبێت، بەڵام گرنگە زۆر بەزویی هەوڵی چارەسەر بدەن چونکە هاوکاری زو چاکبونەوەیان دەبێت.
* دەوروبەر بۆ نمونە دایک وباوک چۆن بزانن کەسێک لە خێزانەکەیان توشبوە بە نەخۆشیە دەرونییەکان؟
کەسەکە هەڵسوکەوتی دەگۆڕدرێت، بەشێوەیەک پێشتر وانەبوە، توڕە و گۆشەگیر دەبێت، جوڵەی نامۆ دەکات و زۆرکات قسە لەگەڵ خۆی دەکات.

* هۆکارەکانی توشبون بە نەخۆشییە دەرونیەکان چین؟
زۆر کات هۆکاری توشبون بە نەخۆشی دەرونی دیاریکراو نیین، بەڵام بەگشتی سێ هۆکار دیاریکراون: بایۆلوجی و گۆرینی ماددەکانی ناو لەشی مرۆڤ بە تایبەت مێشک، کۆمەڵگا و ماندویەتی دەرون.
* بەراورد بە رابردو توشبو بە نەخۆشیە دەرونییەکان زیاد یاخود کەمیکردوە؟
لەگەڵ ئەوەی تاوەکو ئێستا هیچ ئامارێکی زانستی نییە کە رێژەی نەخۆشییەکە لەم سەردەمەدا دیاریکات، بەڵام بە پێی ژمارەی سەردانکردنی نەخۆشەکان بۆکلینیکی نەخۆشییە دەرونیەکان و بە پێی تێبینی بزیشک و بسپۆرەکان وا دەردەکەوێت کە سەردەمی ئێستا زۆرتر مرۆڤەکان توشی نەخۆشی دەرونی ببن بەراورد بە رابردو، جا هۆکار دەکرێت هۆشیاربون بێت یانیش هەر ژمارەکە زیادی کردبێت بەهۆی کەمبونی تێکەڵاوی و دەردە دڵکردن، قورسی ژیان، قەلەقی و ئاواتی گەیشتن بە ئامانجی زۆر و تاوەکو دوایی…
*چۆن دەتواندرێت حاڵەتەکان کەمبکرێنەوە؟ ئایا رێگەیەکی پزیشکی بۆ ئەمە هەیە؟
وەکو لایەنی پزیشکی ئەوەی هەیە تەنها بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەرونی لەوانەیە کاریگەری هەبێت، وەکو لایەنی گشتی پێموایە دەکرێت لەڕێگەی خول و هۆشیاریەوە کاریگەری دروستبکرێت.
* چارەسەرەکان بۆ توشبوانی نەخۆشیە دەرونیەکان چین؟
چارەسەر بە رێگەی دەرمان و دانیشتنی دەرونی و جەلسەی کارەبایی ئی سی تی جۆرە بەربڵاوەکانی چارەسەری نەخۆشی دەرونین کە بەپێی جۆر و ئاستی نەخۆشیەکە چارەسەریان دەکەین، بە نمونە گەر حاڵەتەکە سوک بێت بە جەلسەی دەرونی چارەسەر دەکرێت، ئەگەر سودی نەبو دەرمان بەکاردەهێنین و هەندێک جار هەردوکیان پێکەوە بە نەخۆش دەدەین، گەر هەر سودی نەبو ئەوکات پەنا دەبەینە بەر جەلسەی ئی سی تی.
* وەرنەگرتنی چارەسەر لەلایەن نەخۆشانەوە، چ کاریگەرییەکی خراپ لەسەر نەخۆشەکە و دەوروبەری دروستدەکات؟
بە تێپەڕینی کات کاریگەری خراپ لەسەر نەخۆشەکە دروست دەبێت، بەشێوەیەک دوای ماوەیەک کەسەکە توشی خەمۆکیەکی قوڵ دەبێت، یاخود توشی شیزۆفیرینا دەبێت کە لەوانەیە بەوهۆیە خۆی یان کەسانی دەوروبەری ئازار بدات تەنانەت لەوانەیە بگاتە رادەی خۆکوشتن یان کوشتنی کەسی بەرامبەر، جگە لەمانە دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ هەمیشە دەرونی تێبچێت و چاکنەبێتەوە و بەردەوام پێویستی بە دەرمان هەبێت.