* نەوژین، هاوژین محەمەد
هاوین هات و پرسیاری سەرەکی هەمو خانمێک ئەوەیە: چۆن پێستم لە زیانەکانی خۆر بپارێزم؟ ئایا بەکارهێنانی دژەخۆر بە تەنها بەسە؟ یان نهێنییەکە لە شوێنێکی دیکەدایە؟
زۆربەی کات وەڵامەکان لەنێوان ریکلامی بازرگانی و ئامۆژگاریی نازانستیدا ون دەبن. بۆ زانینی راستیە زانستیەکان لەبارەی ئەم پرسە، ماڵپەڕی نەوژین دیدارێکی لەگەڵ د. رێبوار سامی قەرەداغی، ئەنجامداوە و ئەو راستییانەتان پێ دەڵێت کە پێویستە بیزانن.
- با لە باوترین پرسیارەوە دەست پێ بکەین، گەورەترین هەڵە چییە کە خانمان لە وەرزی هاویندا لەکاتی بەکارهێنانی دژەخۆردا دەیکەن؟
گەورەترین هەڵەتێگەیشتن ئەوەیە کە دژەخۆر وەک چارەسەرێک بۆ پەڵە بەکاردەهێنن، لە راستیدا لەسەر هیچ دژەخۆرێکی ستاندارد نەنوسراوە "دژە پەڵە”، کاری سەرەکیی دژەخۆر رێگریکردن نییە لە رەشبونی کاتیی پێست، بەڵکو پاراستنی چینە قوڵەکانی پێستە لە تێکشکانی کۆلاجین و ئیلاستین.
بە واتایەکی تر، دژەخۆر بۆ رێگری لە پیربونە، نەک بۆ رێگری لە پەڵە. کاتێک تۆ دژەخۆر بەکاردەهێنیت، لەوانەیە هێشتا پێستت کەمێک رەنگ بگرێت، بەڵام پایەکانی ژێر پێستت دەپارێزیت، ئەمە وەبەرهێنانێکی درێژخایەنە بۆ دواخستنی چرچ و لۆچی.
- بۆچی زیانەکانی خۆر زیاتر لەسەر پێستی خانمان جەختی لێ دەکرێتەوە؟ هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبونی پەڵە و چرچ و لۆچی چین؟
پێستی خانمان بەهۆی گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکانەوە هەستیارترە، بەتایبەت بۆ دروستبونی پەڵە (Melasma). تیشکی خۆر دو زیانی سەرەکی دەگەیەنێت:
پەڵە: تیشکی (UV) خانەکانی رەنگدانەوە هان دەدات تا رەنگی میلانین زیاتر بەرهەم بهێنن. ئەم زیاد بەرهەمهێنانە لە هەندێک شوێندا کۆدەبێتەوە و دەبێتە هۆی دروستبونی پەڵەی قاوەیی، کە یەکێکە لە کێشە هەرە باوەکانی خانمان.
چرچ و لۆچی: تیشکی خۆر وەک دوژمنی ژمارە یەکی کۆلاجین وایە. ئەو ریشاڵانەی کە بەرپرسن لە توندی و گەنجیی پێست، لەژێر کاریگەریی خۆردا دەشکێن و کورت دەبنەوە. ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی دەرکەوتنی چرچیی ورد و دواجار پیریی پێشوەخت.
- ئەم زیانە جوانکارییانە دەکرێت مەترسیی گەورەتریان لەپشتەوە بێت؟ ئایا خۆر هۆکاری سەرەکیی شێرپەنجەی پێستە؟
بەڵێ بێگومان، تیشکی سەرو بنەوشەیی هۆکاری سەرەکیی توشبونە بە شێرپەنجەی پێست، کە باوترین جۆری شێرپەنجەیە لە جیهاندا، مەترسییەکە بۆ ئەو کەسانە زیاترە کە پێستیان سپییە، چاویان رەنگاوڕەنگە و قژیان کاڵە، چونکە پارێزگاریی سروشتیی پێستیان کەمترە. ئەمە مانای ئەوە نییە کە پێست ئەسمەرەکان پارێزراون، بەڵام ئەگەری توشبونیان کەمترە.
- زۆرێک لە خانمان لەم دوڕیانەدا ماونەتەوە: چۆن ڤیتامین D لە خۆر وەربگرین و لە هەمان کاتدا پێستیان پارێزراوبێت؟
باشترین رێگەچارە "بەرکەوتنی زیرەکانە”ـیە. پێویست ناکات دەموچاوت بخەیتە بەر خۆر کە ناسکترین بەشە، لەبری ئەوە دەتوانیت هەفتەی دو بۆ سێ جار، بۆ ماوەی ١٠-١٥ خولەک، ئەو بەشانەی جەستەت بخەیتە بەر خۆر کە کەمتر دیارن، وەک پشت، سک، یان ڕانەکان. ئەم بەشانە روبەری چەوریی زیاتریان هەیە و بۆ دروستکردنی ڤیتامین D زۆر باشن، لە هەمان کاتدا دەموچاوت لە زیان دەپارێزیت.
- ئایا بەکارهێنانی فاوندەیشن و پاودەری رۆژانە بەسن بۆ پاراستن؟
تەنها لە یەک حاڵەتدا: ئەگەر لەسەر بەرهەمەکە بە رونی نووسرابێت کە فاکتەری پاراستن لە خۆر (SPF)ـی تێدایە و رێژەکەشی دیاری کرابێت (بۆ نمونە SPF 30 یان زیاتر). ئەگەرنا، فاوندەیشنی ئاسایی هیچ پارێزگارییەکی ئەوتۆ دابین ناکات.
- وەک کۆتا پرسیار، سێ ئامۆژگاریی زێڕینت بۆ خانمان چییە تا لەم هاوینەدا پێستێکی تەندروست و جوانیان هەبێت؟
دژەخۆر و کڵاو بکەنە هاوڕێی هەمیشەییتان: دژەخۆر بنەمایە، بەڵام کڵاوی لێوار پان پارێزگارییەکی فیزیایی نایاب بۆ دەموچاو و مل دابین دەکات.
خۆراکی "دژە خۆر" بخۆن: خواردنی سەوزەوات و میوەی رەنگاوڕەنگ (وەک تەماتە، گێزەر، سپێناخ) کە دەوڵەمەندن بە دژەئۆکسان، یارمەتیی پێست دەدەن لەناوەوە بەرگری لە خۆی بکات. خواردنی تەندروست رەنگدانەوەی راستەوخۆی لەسەر پێست هەیە.
لە بەکارهێنانی ماددەی پاککەرەوەی توند دورکەونەوە: لە هاویندا پێست خۆی وشک دەبێتەوە. بەکارهێنانی غسول و سابونی توند، چینی پارێزەری سروشتیی پێست لادەبات و زیاتر هەستیاری دەکات. پاککەرەوەی نەرم و شێدارکەرەوەی گونجاو بەکاربهێنن.