خانمە نوسەرێکی کورد رۆمانێک بۆ نەوجەوانان دەنوسێت

2023/01/11    1371 جار بینراوە

 

* نەوژین

خانمە نوسەرێکی شاری سلێمانی رۆمانێک تایبەت بە نەوجەوانان دەنوسێت، بەمەش دەبێتە یەکەم ژنە نوسەری کورد رۆمان بۆ ئەم توێژە بنوسێت.

پەیام ئیبراهیم، خانمە نوسەرێکی دانیشتوی شاری سلێمانیە، ماوەی ١٣ ساڵە دەنوسێت، سەرەتا بە نوسینی شیعر دەستیپێکردوە و ئێستا چیرۆک و رۆمان دەنوسێت.

ئەو بۆ نەوژین وتی: لەساڵی ٢٠١٠ـوە دەستم بە نوسین بۆ مناڵان کردوە، لەسەرەتا دا تەنها شیعرم دەنوسی، دواتر دەستم بەنوسینی چیرۆک و رۆمان بۆ مناڵ و نەوجەوانان کرد، پێموایە کارکردن بۆ ئەم توێژانە زۆر پێویست و گرنگە، گرنگیشە لەو تەمەنەدا مناڵەکان بە ئەدەب و خوێندنەوە ئاشنا بکرێن.

ئەم خانمە نوسەرە خاوەنی پێنج چیرۆکی چاپکراوە کە دانەیەکیان وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئینگلیزی و دانەیەکیشیان بۆ سەر زمانی نەرویجی، هاوکات بەم دوایەش رۆمانێکی بەناوی (نازیلێی کورد و شازادەی خۆر) کە تایبەتە بە نەوجەوانان بڵاوکردەوە، وەکخۆیشی دەڵێت: چەند مێژونوسێک پێیان وتوم کەوا من یەکەم خانمە نوسەری کوردم رۆمانم بۆ نەوجەوانان نوسیوە.

رۆمانەکە باس لە خەونی کچێک دەکات کە دەیەوێت بفڕێت بەبێ هیچ هۆکارێکی فڕین، لە رۆمانەکەدا کچێکی بەهێز روبەڕوی چەندین روداو دەبێتەوە، بەڵام هێشتا بەهێزە و لەسەر پێی خۆی دەوەستێت. وەک پەیام ئاماژەی پێکرد: لە رۆمانەکەدا خەیاڵکردنی زانستیشم گرنگی پێداوە، چونکە سەرەتای هەمو داهێنانێکی مرۆڤ بۆ خەیاڵ دەگەڕێتەوە، بۆیە پێویستە گرنگی بە خەون و خەیاڵی مناڵ و لاوەکان بدرێت.

لەبارەی ئامانجی لە نوسینی چیرۆک و رۆمانی تایبەت بە مناڵ و نەوجەوان، پەیام وتی: ئامانج لە نوسینەکانم گرنگی دانە بەو توێژە، چونکە لەو قۆناغەدا دەتوانرێت کاری باش لەسەر مناڵ بکرێت و ئاڕاستە بکرێت و ئامادە بکرێت ئیش لەسەر بەهرە و تواناکانیان بکرێت.

پەیام، خەونی گەورەتری بۆ نوسینەکانی هەیە و دەیەوێت لە داهاتودا ببێتە نوسەرێکی جیهانی.

 وتی: خەونمە بتوانم لە داهاتودا بابەتی جیهانی بنوسم و بابەتە کوردیەکانم بۆ زمانەکانی تر وەربگێڕدرێت، تاکو مناڵانی جیهان سودی لێببینن، هەروەک چیرۆک و رۆمانەکانم  بکرێن بە فلیم کارتۆن و ئەنیمەیشن.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,723,280     ژمارەی میوان 474

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە