ئەنجێلینا جولی پۆستی باڵیۆزی دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان بەجێدەهێڵێت

2022/12/17    426 جار بینراوە

 

* نەوژین

ئەنجێلینا جولی دەستی لە پۆستی باڵیۆزی تایبەتی دەزگای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان کێشایەوە.

دوای زیاتر لە دو دەیە كاركردن وەک باڵیۆزی تایبەتی کۆمیسیاری باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان، دوێنێ هەینی لە بەیاننامەیەکی هاوبەش دا خانمە ئەکتەر ئەنجێلینا و دەزگاکە  رایانگەیاند، کەوا ئەنجێلینا دەستی لەو پۆستە کێشاوەتەوە و چیتر وەک باڵیۆزی ئاژانسەکە بەردەوام نابێت. 

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوە هاوبەشەکەیاندا هاتوە: دەست لەکارکێشانەوەکەی ئەنجێلینا بۆ ئەوەیە تاکو بەشداری لە کۆمەڵێک بابەتی فراوانتری مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ بە پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ پەنابەران و رێکخراوە ناوخۆییەکان دا بکات.

جولی، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠١ دەستی بە کارکردن لەگەڵ دەزگای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان کردوە و لە ساڵی ٢٠١٢ وەک نێردەی تایبەتی دەزگایە دەستنیشانکراوە، لەمیانەی کارکردنی لەم دەزگایە سەردانی چەندین وڵات و ناوچەی شەڕ و ناسەقامگیری کردوە بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی ئەو وڵاتانە.

هاوکات ئەنجێلینا خانمە ئەكتەرێكی ناوداری هۆڵیودی ئەمریكییە و رۆڵی سەرەكی لە چەندین فیلمی سینەماییدا بینیوە، هەروەک براوەی خەڵاتی ئۆسكار و سێ خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب و چەندین خەڵاتی دیكەی بوارەكانی سینەما و تەلەڤیزیۆنە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,341,817     ژمارەی میوان 5115

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە