سنور کتێبێکی زانستی لەبواری کۆمپیوتەردا دەنوسێت

2022/11/19    802 جار بینراوە

 

* نەوژین، ژاڵە عوبێد

سنور، کتێبێکی زانستی لەبواری کۆمپیوتەردا ئامادەکردوە و بڵاویکردوەتەوە و دەڵێت: دەمەوێت لە داهاتودا کتێبی زانستی زیاتر بنوسم.

سنور مادیح مەجید، دانیشتوی ناحیەی رزگاری سەر بە ئیدارەی گەرمیانە و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە ئەندازیاری کارەبا و کۆمپیتەر، هاوکات بەڕێوبەری پەیمانگایەکی ناحکومیە لە کەلار.

ئەو کتێبێکی زانستی بەناونیشانی (جیهانی ئاردوینۆ) نوسیوە، کتێبەکە باس لە ئاردوینۆ دەکات (ئاردوینۆ: ئامێرێکی ئەلیکترۆنیە کە توانا بە کەسی بەرامبەر دەدات کەوا کۆنترۆڵی چەندین ئامێری ئەلیکترۆنی دیکە بکات، جا ئەو کۆنترۆڵکردنە لەرێگەی کۆمپیوتەرەکە خۆی بێت یان ئامێرێکی دیکە یاخود هەر لەلایەن ئاردوینۆکە خۆی بێت بەشێوەیەکی سەربەخۆ لەدوای پڕۆگرامکردنی).

لەبارەی بیرۆکەی نوسینی کتێبەکەیەوە سنور بۆ نەوژین وتی: زۆر حەزم بە خوێندنەوە دەکرد، بەتایبەت بابەتە زانستیەکان، بۆیە بڕیارم دا کتێبێک بنوسم کە لە بواری خۆم واتا کۆمپیوتەر نزیک بێت، هەروەک دەمەوێت لە داهاتودا کتێبی زانستی زیاتر بنوسم، بۆ ئەوەی کتێبخانەی کوردی لە بواری زانستی پڕ بێت لە کتێب و سەرچاوە.

ئاماژەی بەوەشکرد لەکاتی نوسین و چاپکردنی کتێبەکەدا توشی چەند ئاستەنگیەک بوە، بەڵام ئاستەنگیەکان نەبونەتەهۆی ئەوەی بوەستێت لە نوسینی کتێبەکە.

"لەسەرەتادا ئاستەنگی ئەوەم هەبو نەمدەتوانی بە ئاسانی سەردانی شوێنە دورەکان بکەم و سود لە پڕۆژەکان وەربگرم لەبواری نوسین و زانیاری وەرگرتن، دواتریش لەکاتی چاپکردنیدا دوبارە توشی ئاستەنگ بومەوە، چونکە کتێبەکە زانستی بو تێچوی زیاتر بو بەراورد بە کتێبە ئاساییەکان" سنور وای وت.

ئەو پێی وایە گەر ژنان ببنە نوسەر دەتوانن لە پیاوان سەرکەوتوتر بن

وتی: گەر ژنان لەبواری چیرۆک و رۆمان و ئەدەبیاتدا بنوسن دەتوانن زۆر لە پیاوان سەرکەوتوتر بن، چونکە ژنان لایەنی هەست و سۆزیان بەهێزترە.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,360,039     ژمارەی میوان 2225

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە