ئەگەرێک هەیە تەواوی دەستەی سەرۆکایەتی پارلەمان بە ژنان بسپێردرێت

2022/11/14    407 جار بینراوە

 

* نەوژین

بڕیارە جێگری سەرۆکی پارلەمانی کوردستان دەست لەکاربکێشێتەوە، لەشوێنیشی ژنێک کاندیدی سەرەکیە، بەم پێیەش تەواوی دەستەی سەرۆکایەتی پارلەمان بە ژنان دەسپێردرێت.

بڕیارە لەدوای بونی بە ئەندام مەکتەب سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، هێمن هەورامی، دەست لە پۆستی جێگری سەرۆکی پارلەمانی کوردستان بکێشێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی بەپێی بڕیاری حزبەکەی دەبێت دەستبەرداری پۆستە حکومیەکەی ببێت.

بۆ جێگرتنەوەی دو کاندید دیاریکراون کە بریتین لە: لیزا فەلەکەدین- ئەندامی پارلەمان و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی و زانا خالد- سەرۆک فراکسیۆنی حزبەکە لە پارلەمانی کوردستان.

لەمبارەیەوە بەهمەن کاکەعەبدوڵڵا، ئەندامی پارلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، بە نەوژینی وت: بڕیارەکە لای حزبە و هێشتا بڕیاری کۆتاییان لەبارەی ئەو کەسەی دەبێتە جێگری سەرۆکی پارلەمان نەداوە.

بەڵام بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانیەکان 'لیزا فەلەکەدین' کاندیدی سەرەکیە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی پارتی دیموکراتی کوردستانە.

لە ئەگەری بونی 'لیزا فەلەکەدین' بە جێگری سەرۆکی پارلەمان، بۆ یەکەمجار لە مێژودا 
 دەستەی سەرۆکایەتی پارلەمانی کوردستان کە بریتین لە: (سەرۆکی پارلەمان، جێگری سەرۆکی پارلەمان و سکرتێری پارلەمان) بە تەواوی لەلایەن ژنانەوە بەڕێوەدەبرێت.

 

 

* ئەم راپۆرتە لەچوارچێوەی پرۆژەی پەرەپێدان بە توانای ژنانی رۆژنامەنوس لەبواری سیاسی دا ئامادەکراوە، کە رادیۆی دەنگ بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق جێبەجێی دەکات.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,337,364     ژمارەی میوان 894

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە