پارتی رێژەی ژنان بۆ کۆمیتەی ناوەندیی دەکاتە ١٥٪

2022/11/05    450 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
پارتی لە کۆنگرەی ١٤ دا بڕیاریداوە رێژەی ژنان بۆ کۆمیتەی ناوەندیی بە ١٥٪ جێگیربکات، کە دەکاتە (٩) ئەندام لەکۆی (٥١) ئەندام.
 
ڤیان سەبری، ئەندامی کۆنگرەی پارتی و کاندید بۆ کۆمیتەی ناوەندیی لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی کوردستان ٢٤ وتی: لە کۆنگرەی ١٤ـی پارتی بڕیاردراوە رێژەی ژنان بۆ ئەنجومەنی سەرکردایەتی کە ئێستا ناوەکەی گۆڕدراوە بۆ  کۆمیتەی ناوەندی (١٥٪) یان زیاتر بێت.
 
ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ژمارەیان 51 ئەندام و نۆ ئەندامی یەدەگ دەبێت، 10 ئەندامیان پیشوەختە لەسەر داوای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەنگدانی ئاشکرا و لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە بونە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی، بەڵام لەم ١٠ کەسە هیچیان ژن نەبون.
 
هاوکات پارتی بۆ یەکەم جار لە کۆنگرەی ١٤ـدا بڕیاریدا بۆ دیاریکردنی ئەندامانی کۆنگرە پشت بە رێژەی کۆتا ببەستێت و ٢٥٪ـی کورسیەکانی کۆنگرەی بۆ ژنان دیاریکرد.
 
لە یەکەم رۆژی کۆنگرەشدا نێچیرڤان بارزانی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، وتی: ژنانی کوردستان زیرەک و لێهاتون و ژنانی نێو پارتی لەو بوارانەدا کە کار و بەرپرسیاریەتییان گرتوەتە ئەستۆ، ئەرکی خۆیان بە باشی بەجێگەیاندوە.
 
 


Newjin.net - 2023
ژمارەی سەردان 1,114,087     ژمارەی میوان 59

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە