رێکخراوێک خەڵات دەبەخشێتە ئەو کەسانەی لەبواری مافەکانی ژنان دا کاریانکردوە

2022/11/01    466 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
رێکخراوی نوێ رایدەگەیەنێت، خەڵاتێک دەبەخشێتە ئەو کەسانەی لەماوەی ئەمساڵ دا لە بواری مافەکانی ژناندا کاریان کردوە، بەرێوبەری رێکخراوەکەش دەڵێت: ئامانجمان هاندانی ئەو کەسانەیە لەم بوارەدا کاردەکەن.
 
رێکخراوی نوێ رایدەگەیەنێت، خەڵاتێکی نوێی بەناوی (روناکی نوێ) ئامادەکردوە و دەیبەخشێتە ئەو کەسانەی لە ماوەی مانگی تشرینی دوەمی ساڵی رابردو تاکو تشرینی دوەمی ئەمساڵ لە بواری مافەکانی ژناندا کاریان کردوە وەک: ( نوسینی بابەت یان راپۆرت، بڵاوکردنەوەی راپۆرت و بەرنامەی تەلەفزێۆنی یان رادیۆیی، پێشکەشکردنی سیمینار و وۆرکشۆپ، دیاری کرابێت بە بەرپرسی بەشێک لە بواری مافەکانی ژنان).
 
لەبارەی ئامانج لە دابینکردنی خەڵاتێک بۆ ئامادەکارانی بابەتی تایبەت بە پرسی مافەکانی ژنان هێرۆ وەکیل، بەرێوبەری رێکخراوی نوێ بۆ نەوژین وتی: دەمانەوێت لەڕێگەی پێدانی خەڵاتەوە ئەو کەسانە هانبدەین تاکو بەردەوامبن لەکارەکەیان، چونکە تاکو ئێستاش خەڵکێکی زۆر هەن بە مافەکانی ژنان ئاشنانین.
 
خەڵاتەکە تایبەت بۆ رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی شاری هەڵەبجەیە و لەبارەی فراوانکردنی بۆ ساڵانی داهاتو، بەرێوبەری رێکخراوەکە وتی: لە پلانماندا هەیە بۆ ساڵانی داهاتو خوازاریان لە هەمو شارەکانی کوردستان بتوانن بەشداربن.
 
رێکخراوی نوێ رێکخراوێکی سەربەخۆ و قازانج نەویستی ناحکومیە، لە ساڵی 2012 لە پارێزگای هەڵەبجە دامەزراوە، کاردەکات لە بوارەکانی مافەکانی ژنان، پاراستنی ژینگە و گەشەپێدانی میدیا.
 
کلیک بکە بۆ خۆتۆمارکردن
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,336,641     ژمارەی میوان 183

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە