سکرتێری یەکێتی ئافرەتان: ژنانی کوردستان کەمتر بەشداریی سیاسەت دەکەن

2022/10/31    416 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
سکرتێری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات ژنان لە هەرێم دا کەمتر مەیلی بەشدارییان لە بواری سیاسەت دا هەیە، خودی خۆیشیان بە هۆکار دەبینێت.
 
ڤیان سلێمان، سکرتێری گشتی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بە رادیۆی دەنگی وت: هۆکاری کەمی بەشداریی ئافرەتان لە سیاسەت دا خودی خۆیانن، چونکە ئەوان کەمتر دەست بۆ بەشدارییکردن لە سیاسەتدا دەبەن، هەروەک بەپێی توێژینەوەیەک کە لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دراوە تەنها (١٥٪)ـی ئافرەتان دەیانەوێت لەکاری سیاسیدا بەشداریی بکەن.
 
وتیشی: سەرباری ئەمە ئێمە بەردەوام لە رێگەی رێکخراوەکەمانەوە کارمان کردوە بۆ تواناسازی ژنان و برەوپێدانیان، بۆ ئەوەی بەشداری کاری سیاسی بکەن.
 
لە هەرێمی کوردستان بەشداریی ژنان ئەگەرچی زیاتر بوە لە چاو ساڵانی سەرەتای پێکهێنانی قەوارەکە، بەڵام هێشتا وەکپێویست نییە، ئەگەرچی ژنان لە پارلەماندا کۆتایەکیان هەیە کە ٣٠٪ـی کورسییەکانی پارلەمان پێکدێنێت، هەروەک بۆ یەکەمجاریش ژنێک لەم خولەدا توانی سەرۆکایەتی پارلەمان بگرێتەدەست، بەڵام لە ئاستەکانی تری سیاسەت و حوکمڕانی دا بەشدارییەکە لاوازە، بۆنمونە تائێستا هیچ ژنێک نەبوەتە سەرۆکی حزبێکی سیاسی و لە هیچ کابینەیەکیشدا ژنان پۆستی سەرۆک وەزیران یان جێگری سەرۆک وەزیرانیان وەرنەگرتوە، ئەمە بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێمیش بەهەمانشێوەیە.
 
هەروەک لە ئاستی خۆجێی دا، لە پارێزگاکانیشدا هیچ ژنێک پۆستی پارێزگاری بەدەستنەهێناوە، بەڵام توانیویانە پۆستی جێگری پارێزگا و قایمقام و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوبەری گشتی و بەڕێوبەر بەدەستبێنن.
 
 
 
* بەرهەمی پرۆژەی پەرەپێدان بە توانای ژنانی رۆژنامەنوس لەبواری سیاسی دا، بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,357,391     ژمارەی میوان 773

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە