بەشودانی پێشوەختە دیارترین ئالەنگاریی بەردەم کیژۆڵانە

2022/10/11    413 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
لەدوای تێپەڕینی ١٠ ساڵ بەسەر دیاریکردنی رۆژی جیهانی 'کیژۆڵان'، کیژان لە سەرانسەری جیهان روبەڕوی ئالەنگاریی جیاواز دەبنەوە، بەتایبەتیش بەشودانی پێشوەختە، کە لە کرردستانیش هێشتا ئامارەکان لە لوتکەدان.
 
رۆژی (١١ـی تشرینی یەکەم) لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١ بە رۆژی جیهانی کیژۆڵان (مناڵی کچ) دیاریکراوە، مەبەست لە دیاریکردنی ئەم رۆژە بۆ مناڵی کچ، هۆشیارکردنەوەیانە بەرامبەر بەو روداوانەی دێنە رێگەیان، گرنگیدانیان بە خوێندن، بڕوابون بە تواناکانیان، هەروەک مەبەستێکی سەرەکیش نەهێشتنی دیاردەی بەشودانی پێشوەختەیە.
 
دوای تێپەڕینی ١٠ ساڵ بەسەر دیاریکردنی ئەم رۆژە، ئەوەی جێگەی سەرنجە هێشتا لە زۆرینەی وڵاتان بەشودانی کچانی تەمەن مناڵ بەردەوامی هەیە، تەنانەت لە هەندێک وڵات بە یاساش رێگری لێناکرێت.
 
بەو پێیەی لە جیهاندا ساڵانە ١٤ ملیۆن ژن لە تەمەنی (١٤-١٩) ساڵیدا دەبن بە دایک و دایکانی تەمەن ١٥ ساڵیش زیاترین قوربانییەکانی ئەم دیاردەیەن کە لە کاتی مناڵبوندا گیان لەدەست دەدەن.
 
لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش بە هەمان شێوە دیاردەی بەشودانی پێشوەختە لە ئاستێکی بەرزدایە، بەپێی راپۆرتێکی سندوقی دانیشتوانی سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان کە لە مانگی (حوزەیران)ـی ئەمساڵ لەبارەی هاوسەرگیریی پێشوەختە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بڵاویکردەوە، رێژەی ئەو کچانەی لە کوردستان لەخوار تەمەنی ١٨ ساڵییەوە شویانکردوە ٢٢.٦٪ـە و لە عێراقیش ٢٥.٥٪ـە.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,342,218     ژمارەی میوان 4633

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە