دلۆڤان، فەرهەنگێک بۆ وشە زانستیەکان دروستدەکات

2022/10/02    1032 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
کچە وانەبێژێکی زانکۆی گەرمیان فەرهەنگێکی تایبەت بە وەرگێڕانی وشە زانستیەکان بۆ هەردو زمانی کوردی و ئینگلیزی ئامادە کردوە و بڵاوی کردوەتەوە، لەبارەی کارەکەیشییەوە دەڵێت: ئامانجم لەدروستکردنی خزمەتکردنی فێرخوازانی بایلۆجیە لە هەمو زانکۆکان.
 
دلۆڤان جەلال، سێ ساڵە بەشی بایلۆجی کۆلێژی پەروەردەی لە زانکۆی گەرمیان تەواوکردوە و ماوەی دو ساڵە وەکو توێژەری وانەبێژ لە هەمان کۆلێژ خزمەت دەکات، لە ئێستادا فەرهەنگێکی بەناوی 'فەرهەنگی زانست (Zanst Dictionary)' کە تایبەتە بە وەرگێڕانی وشە زانستیەکانی بایلۆجی بۆ هەردو مانی کوردی و ئینگلیزی دروست و بڵاوکردوەتەوە.
 
دلۆڤان، لەبارەی بیرۆکەی دروستکردنی 'فەرهەنگی زانست'ـەوە بۆ نەوژین وتی: ئەو کاتەی کە فێرخواز بوم ھیچ فەرھەنگێکم دەست نەدەکەوت وشە زانستییەکان وەرگێڕێتە سەر زمانی کوردی تاکو زیاتر لەبابەتەکە تێبگەم، بۆیە بڕیارمدا ئەم بۆشایی نەبونی فەرهەنگە پڕبکەمەوە، هەروەک ئامانجی سەرەکیشم لەدروستکردنی خزمەتکردنی فێرخوازانی بایەلۆجیە لە هەمو زانکۆکان دا.
 

دلۆڤان لە پای دروستکردنی فەرهەنگەکەی لەلایەن زانکۆی گەرمیانەوە رێزلێنانی بۆ کراوە

 
بۆ دروستکردنی فەرهەنگەکە دلۆڤان ماندوبونی زۆری بینیوە، ماوەی ساڵێکی تەواو بەبەردەوامی خەریکی کۆکردنەوەی وشە بوە، وەک خۆیشی دەڵێت: "رۆژ ھەبو ھەشت بۆ دە کاتژمێر بەسەریەکەوە کارم لێدەکرد، ھەندێکجار تەنھا بۆ یەک وشە دە سەرچاوەی جیاواز دەگەڕام تاکو دەمدۆزیەوە".
 
فەرهەنگەکە تایبەت بۆ ئاستی سەرەتایە، لە (هەزار و پێنج سەد) وشە پێکدێت و لەگەڵ هەر وشەیەکدا بەمەبەستی زیاتر رونکردنەوە پێناسە و وێنەی لەگەڵدا دانراوە، هاوکات فەرهەنگەکە بە هەردو شێوەی چاپکراو و ئەپڵیکەیشن بەردەستە.
 
دلۆڤان، دەڵێت: لەپلانمدا ھەیە لەدوای تەواوکردنی ھەر قۆناغێکی خوێندنی خۆم ئاستێکی بەرزتری فەرهەنگەکە دروست بکەم، تاکو فێرخوازانی بایلۆجی لە هەمو ئاستەکان سودمەندبن لێی.
 
بۆ دابەزاندنی ئەپلیکەیشنەکە کلیک بکە 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,357,472     ژمارەی میوان 815

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە