چەندین ژن لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کوژراون و دەیانی تریش بێسەروشوێن

2022/10/02    362 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
خۆپیشاندانەکانی وڵاتی ئێران بە دروشمی 'ژن ژیان ئازادی' لە ١٦٤ شاری ئەو وڵاتە بەردەوامیان هەیە، بەهۆیەوە تاکو ئێستا چەندین ژن و کچی ئەو وڵاتە بەشێوەی دڕندانە لەلایەن پۆلیسەوە کوژراون یاخود دەستگیرکراون و بێسەروشوێن کراون.
 
بۆ ١٧ هەمین رۆژی لەسەریەک، خۆپیشاندانەکانی وڵاتی ئێران سەرەڕای رێگریە توندەکان بەردەوامیان هەیە، خۆپیشاندان تاکو ئیستا ١٦٤ شاری وڵاتەکەی گرتوەتەوە، بەپێی ئامارە نافەرمیەکان لەم ماوەیەدا نزیکەی (٣٠٠) کەس کوژراون، هەروەک زیاتر لە (١٥ هەزار) کەسیش لەلایەن پۆلیسەوە دەسگیرکراون، هیچ ئامارێکیش دەربارەی ژمارەی بریندارەکان نیە.
 
ئەوانەی کە کوژراون زۆریان ژن و کچی گەنجن، بەتایبەت ئەوانەن کەوا رێکخەری خۆپیشاندانەکانن، هەروەک بەشێوەیەکی ئاسایی ناکوژرێن، بەڵکو هەندێکیان پێش کوژرانیان دەستگیردەکرێن و ئازارێکی زۆردەدرێن، دوای کوژرانیشیان هەڕەشە لە خێزانەکانیان دەکرێت کەوا نابێت پرسەیان بۆ دابنێن.
 
یەکێک لە کچە کوژراوەکان نیگا شاکارامی، تەمەن ١٧ ساڵە، کاتێک لە هەفتەی سەرەتایی خۆپیشاندانەکان لەنێو خۆپیشاندەراندا دەرکەوت و بەردەوام دروشمەکانی بەدەنگی بەرز دەوتەوە، بەڵام دوای هەفتەی یەکەم بێ سەروشوێن بو، چەند رۆژ خێزانەکەی هەمو بەندیخانەکان و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن و بنکەکانی پۆلیس و تەنانەت فەرمانگەی پزیشکی دادوەری بەدوادا گەڕان، بەڵام بێسود بو.
 

نیگا شاکارامی، ١٧ ساڵ، لەپاش بەشدارییکردن لە خۆپیشاندانەکان کوژراوە

 
تاکو لە کۆتایدا لە (٢٩ـی ئەلول) لە بنکەی پۆلیس بە بنەماڵەی نیگا رادەگەیەنرێت کە کەسێکی تایبەتمەندی هاوشێوەی لە پزیشکی دادوەری دۆزراوەتەوە، بەڵام کاتێک دەڕۆن تەرمی کچەکەیان ببینن رێگری دەکرێت لەوەی بیبینن، تەنها چەند وێنیەکی تەرمەکەیان پیشاندەدەن و پێیان دەڵێن کچەکەتان لە بەرزاییەکی بەرز کەوتوەتە خوارەوە و گیانی لەدەستداوە.
 
بەڵام خاڵی نیگا لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی BBC دەڵێت: سەرچاوەیەک پێی وتین نیگار هەفتەیەکی تەواو لە ژێر چاودێری IRGC بوە، لەوکاتەدا بە توندی لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە و بەپێی پشکنینەکانیش دەرکەوتوە چەندینجار بە کەرەستەی قورس لەسەری دراوە و لوتیشی شكێندراوە.
 
نیگا، یەکەم و کۆتا کچ نیە کە لەم خۆپیشاندانانەی ئێران بە شێوەی دڕندانە کوژرابێت، سارینا ئیسماعیل زادە، تەمەن ١٦ ساڵ، هاوشێوەی نیگا بەشداربوی خۆپیشاندانەکان بو لە شاری کەرەج، بەڵام لە (٢٣ـی ئەیلول) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا، لەکاتی دەستگیرکردنیدا بە توندی بە چەقۆ لەسەری درا و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
 

سارینا ئیسماعیل زادە، ١٦ ساڵ، پاش بەشداریی لە خۆپیشاندانەکان کوژراوە

 

دەستگیرکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران تاکە کار نیە کە ئێران دەیکات بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان، پۆلیسی ئەو وڵاتە تاکو ئێستا چەندین رۆژنامەنوسی ژنیشی بەبیانوی بڵاوکردنەوەی هەواڵی شێوازی گیانلەدەستدانی 'ژینا ئەمینی' دەستگیرکردوە، بەڵام سەربارەی هەمو ئەمانە هێشتا خۆپیشاندانەکان لەژێر دروشمی 'ژن ژیان ئازادی' بەردەوامن، داواکاری سەرەکیشیان ئازادییە.

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,361,293     ژمارەی میوان 2819

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە