پەیمان عیزەدین: ناشارەزایانە گفتوگۆی هەمواری یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی کرا

2022/09/28    893 جار بینراوە
 
* نەوژین، سروە کەریم
 
پرسی هەموارکردنەوەی پرۆژە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی كوردستان بوەتە جێی مشتومری لایەنە سیاسیەکان و هەمویان پێکەوە دەڵێن دژی هەموارکردنەوەکەن، لەکاتێکدا پرۆژە یاساکە لەلایەن فراکسیۆنەکانی خۆیانەوە هەموارکراوەتەوە یاخود دەنگ لەسەر هەموارکردنەوەی دراوە.
 
پەیمان عیزەدین، پارێزەر و چالاکی بواری ژنان، هاوکات ئەندامی خولی پێشوی پارلەمانی کوردستان، لەم دیدارەی نەوژیندا باس لە پرۆژە یاساکە و هۆکارەکانی دروستبونی ئەم مشتومرانە لەسەر پرۆژەیاساکە دەکات.
 
+ هۆکار چی بو هەموارکردنەوەی پرۆژە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی كوردستان، مشتومری زۆری لە نێو لایەنەکان دروستکرد؟
 
- هەموارەکە بەجۆرێکی ناشارەزا و نەزانانە و نایاسایی گفتوگۆی لەبارەوە کرا، لەکاتێکدا هیچیش پێویستی بەم هەرایە نەبو، چونکە ئەم یاسایە خۆی ئێستا لە هەرێم بەرکارە، تەنها چەند بڕگەیەکی بچوکی بۆ زیادکراوە، کەچی ئەو گفتوگۆیانەی لە نێو پارلەمان کرا وەک ئەوە بو یەکەم جاربێت یاسای لەوجۆرە دەربکرێت.
 
 
+ زیادکردنی ناوی ئافرەت بۆ پرۆژە یاساکە کاردانەوەی زۆری دروستکرد، ئەمە بۆچی بوە جێی کێشە؟
 
- لە راستیدا ئەم بابەتە لەساڵی 2011 گفتوگۆی لەسەرکرا، من خۆشم ئەوکات سەرنجم هەبو لەسەری، چونکە بەشێکی زۆری یاساکە لەکاتی خوێندنەوەیدا تایبەتە بەژنان کەچی ناوی یاساکە خێزانە، بۆیە بەوشێوەیە بێت دەبێت ناوەڕۆکی زیاتر لەسەر خێزان بێت، چونکە بەم شێوەیە گونجاندن نیە لەڕوی ناو ناوەڕۆکەوە.
 
+ ئێوە وەکو چالاکێکی بواری ژنان، بە پێویستی دەزان کە یاسای تایبەت بۆ ژن هەبێت و جیابکرێتەوە لە خێزان؟
 
- نەخێر پێویست نیە، بەڵام دەکرێت یاساکە تێهەڵکێش بێت، واتا بۆ ژن و بۆ خێزانیش بێت، چونکە خێزان تەنها پێک نەهاتوە لە ژن و مناڵ بۆیە دەبێت یاساکە بۆ پیاوانیش بێت، چونکە هاوشێوە لەئاستی جیادا توندوتیژی خێزانی بەرامبەر ئەوانیش دەکرێت.
لەگەڵ ئەوەدا لە بەشێک لە خێزانەکانی ئێمەدا نەک تەنها دایک و باوک و مناڵ بەڵکو کەسانی دیکەش دەژین.
 
+ پێتان وایە لە داهاتودا هەموارنەکردنەوەی یاساکە لێکەوتەی خراپی ببێت؟
 
- نەخێر، هەموارنەکرێتەوە هەمان یاسایی پێشوتر جێبەجێ دەکرێت.
 
 
+ بریارە پرۆژە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی بنێردرێتە ئەنجومەنی باڵای فەتوا، ئەمە تاکو چەند یاسایی و ئاساییە؟
 
- ئێمە کێشەی تێکەڵکردنی حزبمان هەبو بە دەسەڵاتی حکومەت وباڵادەستیان بەسەر دامەزراوە فەرمیەکاندا لە دەسەڵاتی (جێبەجێکردن، یاسادانان و دادوەری)، بەڵام ئەمە بەڕاستی کارەساتە وەک ئەوەی ئاماژەی پێدراوە لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە، کە یاساکە بنێردرێتە ئەنجومەنی فەتوا.
 
چونکە دەچینە قۆناغێکی دیکەی مەترسیدارەوە کەتەنها حزب نیە دەستوەردان لەکارەحکومیەکاندا دەکات بەڵکو شوێنە ئاینیەکانیش هەیمەنەیان بەسەریانەوە دەبێت، ئەمەش خۆی پێشینەیەکی خراپە بۆیاسادانان، هەروەک بۆ زیاتر نابوت کردنی پارلەمانە وەک دامەزراوەیەکی سەربەخۆ.
 
+ دەوترێت پرسەکە بەحزبی کراوە، بۆچی ئەمە دەوترێت و ئایا وایە بە راستی بە حزبی کراوە؟
 
- لەڕاستیدا بەپێچەوانەوەیە بەدژایەتی حزب شکاوەتەوە، ئەم هەموارکردنەوەیە بەهاوپەیمانی نێوان وەزارەتی ناوخۆ و لیژنەی داکۆکیکردن لەمافی ژنان لە پارلەمان بوە، بەجۆرێک حکومەت کە پێکدێت لە هەردو حزبی یەکێتی و پارتی رەزامەند بو و ئەم ڕۆژانەش زیاتر ئەوە بەدی دەکەین جێگری سەرۆکی حکومەت جەخت لەمافی ژنان دەکاتەوە.
 
بەڵام لەگەڵ ئەوەدا رونە کە حزب ئێستا دەیەوێت پارلەمان بەتەواوی کۆنترۆڵ بکات، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک گوێڕایەڵی خۆی ناردوەتە پارلەمان، ئەم گوێڕایەڵیەش ئەنجامی ئاواشی دەبێت کە حزب ڕوبەڕوی فراکسیۆنێکی خۆی دەبێتەوە یان ئەندام پارلەمانانێک کە هێندە کوالێتی هەڵبژاردنیان خراپە ناتوانرێت پشتیان پێببەسترێت کە یاسایەک بۆ بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگاکەی دەربچوێنێت.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,356,608     ژمارەی میوان 249

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە