* نەوژین
ئینستیتیوتی پەی ئاماری ئەندامانی پارلەمان لەماوەی خولی بەهارەدا ئاشکرادەکات و بەپێی ئامارەکە لەکۆی (١٢٠٣) جار قسەکردن لە نێو پارلەماندا ژنە ئەندامەکان (٢٩٦) جار قسەیان کردوە.
ئەمرۆ(٢٤ـی ئەیلول) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسیدا ئینستیتیوتی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان بەهاوکاری رێکخراوی سندوقی پاڵپشتی دیموکراسی(NED)ـی ئەمریکی راپۆرتێکی تایبەت بە خولی بەهارەی پارلەمانی كوردستان (١ـی ئازار بۆ ٣١ـی ئاب) بڵاوکردەوە و و تیایدا ئاماری چالاکی و بەشداریی ئەندامانی پارلەمانی لە روی (رێژەی قسەکردنیان لە دانیشتنەکانی پارلەمان و ئامادەنەبونیان لە کۆبونەوەی لیژنەکانی پارلەمان) خستەڕو.
بەپێی ئامارەکانی ئینستیتیوتەکە لەماوەی خولی بەهارەی پارلەماندا ئەندامانی پارلەمان (١٢٠٣) جار لە پارلەماندا قسەیانکردوە، لەم رێژەیەش ژنانی نێو پارلەمان کە ژمارەیان (٣٣) ئەندامە (٢٩٦) جار قسەیان کردوە.
هەر بەپێی ئامارەکە، ژنە ئەندام پارلەمان 'سەرچنار ئەحمەد' لە فراکسیۆنی یەکگرتو زۆرترین قسەی کردوە کە (٣١) جار بوە، هاوکات 'مژدە مەحمود' لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ و 'گوڵستان محەمەد' لە فراکسیۆنی گۆڕان لە پلەی دوەم و سێیەمدان.
کەمترین قسەکردنیش لەلایەن هەردو ژنە ئەندام پارلەمان 'لەیلا عەبدولجەبار' لە فراکسیۆنی پارتی و 'سارا دڵشاد' لە گەشەپێدانی تورکمانییە کە هیچ قسەیەکیان نەکردوە.
هەر بەپێی راپۆرتەکەی رێکخراوی ئینستیتیوتی پەی،هەر یەک لە ژنە ئەندام پارلەمان 'كلاره عودیشو یعقوب' لە فراکسیۆنی كلدانى سریانى ئاشورى و 'جنان جەبار' لە هاوپەیمانی یەکیتی نەتەویی کەمترین بەشداریان لە کۆبونەوەی لیژنەکانی پارلەمان دا هەبوە.