براکەی 'ماریا سامی' بە ١٥ ساڵ زیندانی حوکم درا و مامی ئازاد کرا

2022/09/20    513 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
ئەمرۆ دوەم و کۆتا دانیشتنی دادگایکردنی کەیسی 'ماریا سامی' بەرێوەچو و دادگا بریاری دا بە سەپاندنی سزای ١٥ ساڵ زیندانی بەسەر بکوژی ماریادا دا کە براکەیەتی و مامیشی ئازاد کرد، پارێزەری کەیسەکەش لە بڕیارەکە نیگەرانە و دەڵێت: تانەی لێدەدەین.
 
ئەمرۆ(٢٠ـی ئەیلول) لە دادگای تاوانەکانی هەولێر، دوەم دانیشتنی دادگایی کەیسی 'ماریا سامی' بەرێوەچو و تیایدا دادوەر بریاری کۆتایی لەسەر دۆسیەکە دا، کە بریتی بو لە: زیندانی کردنی بکوژی سەرەکی ماریا کە براکەی بو بۆ ماوەی (١٥) ساڵ و ئازادکردنی مامی کە بە هاوبەشی براکەی لە کوشتنیدا ناسێندرا بو.
 
هەرێم رەفعەت، پارێزەری کەیسەکە، دوای دانیشتنی دادگا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنوسی دا و وتی: تانە لە بریارەکەی دادگا دەدەین، چونکە بەڵگەمان لایە کەوا کەسی دیکە جگە لە براکەی دەستیان لە کوشتنیدا هەبوە، هەروەک بەڵگەکان کە رادەستی دادگا کرابون کەموکورتیان تێدابو، هەرچەندە دادگامان ئاگادار کردەوە، بەڵام گوێی پێنەدا.
 
لەبارەی هۆکاری ئازادکردنی مامیشیەوە، هەرێم رەفعەت، وتی: براکەی ماریا لەکاتی وتەکانیدا لە بەرامبەر دادوەر وتویەتی: من خۆم ئەو تاوانەم ئەنجامداوە و مامم هیچ ئاگای لێنەبوە، بەڵکو ئەوم بە هۆکارێکی دیکە لەگەڵ خۆمم بردوە.
 
ئیمان سامی، ناسراو بە 'ماریا'، لە درەنگانێکی شەوی ٦ـی ئازاری ٢٠٢٢ لەلایەن برایەکیەوە و بە ھاوکاری مامێکی، بە یانزە فیشەک لەسەر سەقامی سەد مەتری لە هەولێر کوژرا.


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,305,409     ژمارەی میوان 270

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە