لە پێشەنگایەکدا (٢٥) تابلۆی کچانی گەرمیان نمایشدەکرێن

2022/09/16    1464 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
رۆژ لە دوای رۆژ ژمارەی کچانی شێوەکار لە گەرمیان رو لەزیادبون دەکەن، بەشێوەیەک لە خولەکانی و پێشەنگاکانی تایبەت بە شێوەکاری ژمارەی کچان بە بەراورد بە کوران زیاترە، مامۆستایەکی شێوەکاریش دەڵێت: لە گەرمیان سەردەم سەردەمی دەرکەوتنی کچانی بەتوانایە.
 
ماوەی دو رۆژ لە (١٤-١٥ـی ئەیلول) پێشەنگایەکی هاوبەشی شێوەکاری و میوزیک بەناونیشانی (رەنگ و نۆتەکان لە بۆتەیەکدا) لە قەزای کەلاری سەربە ئیدارەی گەرمیان کرایەوە، ئەوەی جێگەی سەرنج بو لە پیشەنگاکەدا بەراورد بە ساڵانی پێشو رێژەی بەشداری کردنی کچان زۆر زیادی کردبو، بەشێوەیەک لەکۆی ٢٠ بەشداربوی پیشەنگاکە ١٥ بەشداربویان کچ بون بەرێژەی (٧٥٪).
 
پێشەنگاکە بەرهەمی خولێکی هاوینەیی سێ مانگی شێوەکاری بو لە سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلارە کە لە ساڵی 2002ـەوە لەلایەن رێکخراوی مناڵپارێزی  کوردستانەوە دامەزراوە و لە رێگەی خول و چالاکییەکانیەوە پەرە بەتوانای گەنجان دەدات.
لەو خولەی سەنتەرەکەدا، (٤٥-٥٠) فێرخواز بەشدار بوبون، لەم رێژەیەش ٨٠٪ـیان کچ بون.
 
زەینەب عوسمان، تەمەن ٢٥ ساڵ، تەنها دوای یەک مانگ لە بەشداریکردنی لە خولەکە، توانیویەتی بە تابلۆیەک بەشداری پێشەنگاکە بکات، ئەو بۆ نەوژین وتی: لە مناڵیەوە هەستمکردبو بەهرەی وێنەکێشانم تێدایە، ئێستاش کە هاتومەتە ئێرە سودێکی زۆرم وەرگرتوە و دەمەوێت بەردەوام بم و خەونی گەورەم بۆ کارەکەم هەیە.
 

 

لەبارەی تابلۆکەشیەوە کە وێنەی چرایەکە، وتی: وێنەکە بە ویستی خۆم هەڵمبژاردوە، هەروەک وێنەکە کلاسیکە و بە بینینی مناڵی بەبیری هەموان دەهێنێتەوە.
 
کچە بەشداربویەک باس لەوەدەکات بە وێنەکێشان هەست بە ئاسودەی دەکات، بۆیە دەستی بەم کارە کردوە.
 
جیلان مەجید، تەمەن ٢٥ ساڵ، هەرچەندە خۆی دەرچوی بەشی کارگێری کارە بەڵام خۆشەویستی بۆ هونەر وایکردوە ئێستا لە خوێندنگەیەکی ئەهلی وانەی هونەر بڵێتەوە.
 
ئەو بۆ نەوژین وتی: ماوەی چوار ساڵە بەشداری خولی شێوەکاری دەکەم، ئەمساڵیش بە دو تابلۆ بەشداری پێشەنگاکە بوم، تابلۆکانم باس لە ژینگە و خۆشەویستی دەکەن.
 
وتیشی: من هەرکات بێتاقەت بم یاخود توشی کێشەیەک بم بە وێنەکێشان دڵی خۆم دەدەمەوە و ئاسودە دەبم.

 

بەشداربوان تابلۆکانیان بە شێوەی جیا و بە بیرۆکە و بواری جیاوە کێشابو، باسیان لەوەشکرد دەتوانن لە هەربوارێک بێت وێنە بکێشن.

سارا قاسم، تەمەن ٣٠ ساڵ، بەشداربویەکی دیکەی پێشەنگاکە بو، چیرۆکی سارا جیاواز لەوانی دیکە بو، کاتێک لە پۆلی ١٢ بوە وازی لە خوێندن هێناوە و نەیتوانیەوە برواتە زانکۆ، بەڵام دوای بەشداریکردنی لە خولی شێوەکاری بریاردەدات بروات دوبارە پۆلی ١٢ بخوێنێتەوە، تاکو بتوانێت برواتە بەشی هونەر و شێوەکاری بخوێنێت.
 
سارا، هاوشێوەی هاورێکانی بە دو تابلۆ بەشدار بو، وتی: دو هاوینە بەشداری خولی شێوەکاری لە سەنتەری گەنجانی کەلار دەکەم، زۆر شت فێربوم و بەردەوام دەبم، حەزم بە وێنەکێشانە و هەر وێنەیەک لە هەر بوارێک بێت دەیکێشم.

 
لە پێشەنگاکەدا ٣٦ تابلۆ نمایشکران، کە تیایدا (٢٥) تابلۆیان لەلایەن کچانی بەشداربوی خولەکەوە کێشرابون.
 
لەبارەی بەشداری کچان بەم شێوە زۆرە لە خولەکە و پێشەنگاکەدا، سەردار نۆڕێ، مامۆستا لە بەشی شێوەکاری سەنتەری چالاکی گەنجانی کەلار، بۆ نەوژین وتی: لە گەرمیان سەردەم سەردەمی دەرکەوتنی کچانە، بەخۆشحاڵیەوە ئێمە بوین بە هۆکارێک تاکو کچان لەجیاتی دەرکەوتنی لابەلا گرنگی بە توانا و بەهرەکانیان بدەن.
 
وتیشی: لێرە فێرخوازە کچەکان بەراورد بە کوڕەکان زوتر فێردەبن و قۆناغەکان دەبرن، هۆکارەکەشی ئەوەیە کچان کات بەفیرۆ نادەن و بەردەوام راهێنان ئەنجامدەدەن.
 
هاتنە پێشەوەی کچان بۆ کاری شێوەکاری لە گەرمیان نوێیە، لەم چەند ساڵەی دوایدا رێژەکە زیادی کردوە و بەردەوامیش لە زیادبوندایە، لەکاتێکدا پێشوتر تەنانەت کوڕانیش شەرمیان دەکرد لەوەی دەست بۆ ئەم هونەرە ببەن.
 
"سەرەتا کە خولی شێوەکاریمان دەکردەوە بەشداربوی کچمان زۆر کەم بو، تەنانەت کوڕانیش شەرمیان دەکرد کە دەهاتنە خولەکە، بەڵام ئێستا دایکان و باوکان خۆیان کچەکانیان دەهێننە ئێرە تاکو بەشداری خولی شێوەکاری بکەن"، مامۆستا سەردار نۆڕێ وای وت.
 
تابلۆکانی پێشەنگاکە بەشێوەی هێڵکاری، بۆیەی قەڵەمدار، بۆیەی پاستیل و بۆیەی رۆنی-زەیتی- کێشرا بون، هاوکات (١٠) لە تابلۆکان تایبەت بون بە کێشەی ژینگە وەکو: وشکانی، پیسی ئاویی دارستانەکان، گرفتی زەوی بەدەست پیسبون و لەناوچونی سەوزایی و وشکەساڵی و مەترسیی لەسەر ژیانی زیندەوەران.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,341,900     ژمارەی میوان 5157

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە