قوباد تاڵەبانی: زۆر توڕە بوم کە بیستم تۆمەتبارێک بە کوشتنی دو کچەکەی ئازادکراوە

2022/09/12    184 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئازادکردنی بکوژی دو خوشکەکەی چەمچەماڵ راگەیەندراوێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت: زۆر توڕە بوم کە بیستم تۆمەتبارێک بە کوشتنی دو کچەکەی بە هۆکارێکی لاوازو بە ناوی "نەبونی بەڵگەی شایستە" ئازاد کراوە. 
 
قوباد تاڵەبانی، لە راگەیەنراوەکەدا دەڵێت: زۆر توڕە بوم کە بیستم تۆمەتبارێک بە کوشتنی دو کچەکەی بە هۆکارێکی لاوازو بە ناوی "نەبونی بەڵگەی شایستە" ئازاد کراوە.
 
دەشڵێت: "ئەمە چ پەیامێک دەدات بەو بێ شەرەفانەی ژن دەکوژن؟ پێیان دەڵێت: ئەگەر کچی خۆتت کوشت بڵێ من نەبوم، کوڕە بچوکەکەم بو و دوایی ئازاد ئەکرێت، تا ئەو کاتەش، کورەکەتت ناردوەتە ماڵە کۆنە جاشێک کە دور بێت لە دەستی هێزە ئەمنییەکان و دامەزراوەکانی دەوڵەت".
 
نیگەرانی خۆیشی دەردەبڕێت لەوەی "تاکو ئێستاش هەندێک دادوەرمان خەمساردن لەمامەڵەکردن لەگەڵ کەیسی توندوتیژی دژی ژنان".
 
جێگری سەرۆکی حکومەت لەبارەی باوکی دو خوشکەکەشەوە دەڵێت: دڵنیام وەک بە ناو باوکێک، هەمو شەوێک کە دەچیت بخەویت و دور کەوتیتەوە لە دیوەخانەکەت و دور کەوتیتەوە لەوانەی کە هانتان دەدەن ئەم بێ شەرەفیە ئەنجام بدەن، مەجبور دەبی ئەو رۆژانەت بێتە بیر کە ئەو کچە نازدارانەت لە باوەش بو و بە زەردەخەنەیەکیان لە خۆشیدا وات دەزانی هەموو دونیا هی خۆت بو.
 
"دڵنیاشم دوا دیمەن کە دێتە بەرچاوت دەموچاوی خوێناوی ئەو جەرگانەت دەبێ کە لە ئەنجامی بێشەرەفی خۆتان یان کورەکانتان دەیانکوژن. ئەزانم کە تەنها دەبیت، ویژدانت پێت دەڵێت کە تۆ نە ئازایت، نە مەردیت، نە کەرامەتی خێزانی خۆتت پاراست، نەشەرەفی خێزانت پاراست دڵنیام خۆت بەو چاوە تەماشای خۆت دەکەیت کە خوای گەورە تەماشات دەکات، وەک بکوژێک، وەک موجرمێک، وەک بێشەرەفێک". قوباد تاڵەبانی وای وتوە.
 
لەبارەی هەڵمەتەکەشی کە بە بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ژنان ئەنجامیداوە، جێگری سەرۆکی حکومەت دەڵێت: "ئەم شەڕەی دەستمان بۆ بردوە وەک یاری مار و پەیژە وایە، کەی وا دەزانیت بە پەیژەیەک چەند هەنگاوێک سەرکەوتیت، مارێک ئەتهێنێتەوە خوارێ، بەڵام هەر بەو پەیژانەدا سەر دەکەوینەوە، ناهێڵین بکوژەکان بە ئازادی و بە ئیستراحەتی بێن و بڕۆن، هەرگیزیش ناهێڵم خەڵک لە بیری بچێت کە چەندە بێ شەرەفن، ئەگەر بە تاقی تەنهاش بم هەر بەدواتانەوە دەبم"
 
ئەم پەیامەی جێگری سەرۆکی حکومەت لەکاتێکدایە کە دوێنێ دادگایی کەیسی کوشتنی دو خوشکەکەی چەمچەماڵ بەرێوچو و تیایدا باوکیان کە تۆمەتباری سەرەکی کوشتنیان بو ئازادکرا، لەلێدوانێکیدا بۆ نەوژین شۆخان ئەحمەد ،پارێزەری کەیسەکە وتی: باوکی و کەسوکاری دو خوشکەکە لە دادگادا تۆمەتەکەیان خستوەتە پاڵ برایەکی ئەو دو کچە کە تەمەنی لەخوار ١٨ ساڵیەوەیە و لە ئێستادا هەڵهاتوە.


Newjin.net - 2022
ژمارەی سەردان 768,877     ژمارەی میوان 35

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە