ژنە پزیشکێک کتێبێک لەبارەی خۆسوتاندنی ژنان دەنوسێت و داهاتەکەی دەبەخشێت

2022/08/15    1344 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
ژنە پزیشکێکی نەخۆشخانەی سوتاوی سلێمانی بە کتێبێک باس لە چیرۆک و ئازاری ئەو ژنانە دەکات کەوا خۆیان دەسوتێنن، داهاتی کتێبەکەش دەبەخشێتە نەخۆشخانەکە.
 
د.هاڤین کەمال، کەماوەی ٢١ ساڵە پزیشکە و لە نەخۆشخانەی سوتاوی سلێمانی خزمەت دەکات، کتێبێکی بەناوی (لوب دوب)ـەوە نوسیوە، لەبارەیەوە بۆ نەوژین وتی: کتێبەکە گێرانەوەی پزیشکێکە و باس لەو ژنانە  دەکات کەوا بەهۆی کێشەکانیانەوە پەنا دەبەنە بەر خۆ سوتاندن، هەروەک بە وردی باس لەو ئازارانە دەکات کەوا ژنان لەدوای خۆ سوتاندن 'گەر بێت و نەمرن' توشی دەبن وەکو: سوتانی دەموچاو و لەدەستدانی ئەندامەکانی جەستە.
 
ناوی کتیبەکە (لوب دوب)ـە کە مەبەست لێی دەنگی لێدانی دڵە، بەو هۆکارە ناوی کتێبەکە کراوە بەم ناوە، چونکە چیرۆکەکانی نێو کتێبەکە بە ئازارن وەکو ئەو کاتەی کەسێک گوێ لە دوا لێدانی دڵی ئازیزێکی بگرێت.
 
لەبارەی ئەوەشی کەوا چۆن پزیشکێک بیری لە نوسینی کتێبێک کردوەتەوە، د.هاڤین، وتی: من پزیشکێکی خوێنەرم، بۆیە پێموایە گونجاوە نوسەری کتێبێک بم، بەتایبەت کتێبێکی لەم شێوەیە، چونکە نوسەرەکان لە نەخۆشخانەکان دەوام ناکەن و ئەو روداوانە نابینن کە ئێمەی پزیشک دەیبینین.
 
کتێبەکە لە حەوت چیرۆکی راستەقینە پێکدێت، لە ئێستادا لە زۆرینەی کتێبخانەکانی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بەردەستە، هەروەک نوسەر داهاتی کتێبەکەی بەخشیوە بە نەخۆشخانەی سوتاویی سلێمانی.
 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,361,461     ژمارەی میوان 18

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە