دو چالاکی بواری ژنان هەڵمەتی دروستکردنی کلتوری دور لە جنێو رادەگەیەنن

2022/07/21    390 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
دو چالاکی بواری ژنان لە رێگەی تۆمارکردنی سکاڵا و هەڵمەتێکەوە روبەڕوی ئەو پەیج و کەسانە دەبنەوە کەوا بەناوی ئەمان و کەسانی دیکەوە 'قسەی ناڕاست و بێبنەما' بڵاودەکەنەوە. 
 
هەریەک لە بەهار شوکریە مونزیر، چالاکی بواری ژنان و بەرێوبەری رێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، لەگەڵ د. چۆمان هەردی، نوسەر و مامۆستای زانکۆ، لە رێگەی هەڵمەتێکەوە داوادەکەن ئەو پەیجانەی کەوا 'ناوی کەسانی ئازادیخواز دەزڕێنن بدرێنە دادگا و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت'.
 
 لەبارەی هەڵمەتەکەوە، بەهار مونزیر، بۆ نەوژین وتی: دەمانەوێت لەرێگەی ئەم هەڵمەتەوە سۆشیاڵمیدیا لە جنێو و سوکایەتی پاک بکەینەوە و کلتورێکی دور لە جنێو دروستبکەین، بۆ ئەمەش سکاڵامان دژی ئەو پەیجانەی کەوا هەواڵ و قسەی ناڕاست بەناوی ئێمەوە بڵاودەکەنەوە، تۆمارکردوە.
 
ئاماژەی بەوەشدا: دڵنیاین ئەمە سودی دەبێت، چونکە لە رێگەی هەڵمەتەکەوە تاکو ئێستا واژۆی دەیان کەسمان کۆکردوەتەوە و لەرێگەی نامەیەکەوە دەیگەیەنینە دەستی داواکاری گشتی تاکو لێکۆڵینەوە لەبابەتەکە بکەن.
 
ئەو هەڵمەتە لەوەوە سەرچاوەی گرتوە کە زۆر پەیج و پەڕەی سۆسیالمیدیا، بەناوی چالاکوانانی ژنانەوە لێدوان و قسەی جۆراوجۆر لەسەر کەیس و بابەتی جۆراوجۆر بڵاودەکەنەوە، کە ئەو لێدوان و قسانە راست نین و لەلایەن ئەو چالاکوانانەوە نەکراون، بەڵکو بە مەرامی دیکە و لە نێوی دا لێدان لە کەسایەتی چالاکوانان و ناوزڕاندنیان و زیادکردنی رێژەی بینەری پەیجەکانیان، پەنای بۆ دەبەن.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,336,600     ژمارەی میوان 142

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە