‘هەوری’ بەردەوامە لە ناساندی کلتوری کوردی

2022/06/27    1203 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
پرۆژەی ‘هەوری’ ماوەی دو ساڵە لەلایەن دو کچی شاری سلێمانیەوە دامەزراو و تاکو ئێستا دو ئیڤێنتی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی ئەنجامداوە.
 
هەوری مۆزەخانەیەکی جوڵاوە و پرۆژەیەکی کلتوریە بۆ زیندوکردنەوەی کلتوری کوردی و نەتەوەکانی دیکەی عێراق لە رێگەی دروستکردنی ئیڤێنت و چالاکی و سۆشیال میدیاوە، ئامانج لە پرۆژەکەش ئاشناکردنی زیاتری خەڵکە لەبارەی کلتوری کوردستان و عێراقەوە.
 
پرۆژەکە لەلایەن دو کچی دانیشتوی شاری سلێمانیەوە بەرێوەدەبرێت(بەهار عەبدولڕەحمان و رەوشت وەهاب).
 
لە بارەی چالاکیەکانی پرۆژەکەوە، بەهار عەبدولڕەحمان بۆ نەوژین وتی: لەماوەی ئەم دو ساڵەدا دو ئیڤێنتمان لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی ئەنجام داوە، لەگەڵ چەندین چالاکی دیکە، هەروەک بەردەوام لە سۆشیالمیدیاشەوە بابەتی تایبەت بە کلتوری کوردی بڵاودەکەینەوە.
 
ئیڤێنتی ئەمساڵی پرۆژەی هەوری ئیڤێنتی تایبەت بە رۆژ جیهانی فرەجۆری کلتور لە (٢١ـی ئایار) لە شاری هەولێر لە نێو قەڵای هەولێر بو، ئیڤێنتەکە تایبەت بو بە (دەرخستنی ژنان لە زیندوکردنەوەی کلتور و شارستانیەت).
 
بەهار، لەبارەیەوە وتی: ئیڤێنتەکە لەچەندین چالاکی پێکهاتبو وەکو : پێشانگای کتب، کاری دەستی و کلتوری، پێشانگای وێنە و ئەلبوم، پرۆژەی کاری بچوک و بواری تەکنەلۆجی، هەمو چالاکیەکانی نێو ئیڤێنتەکەش لەلایەن ژنانەوە ئەنجامدرا بون.
 
ئیڤێنتەکە بە ئامادەبونی  باڵیۆزی ئەمریکا لە کوردستان، ئینستیوتی کوردی و نوێنەری مۆزەخانەی سریانی بەرێوەچو بو.
 
هاوکات هەوری ساڵی رابردوش لە شاری سلێمانی ئیڤێنتی هاوشێوەیان ئەنجامدا و تیایدا دیبەیتێکیان بۆ ژنەسەرکەوتوەکان سازکرد تاکو باس لە ئەزمونی خۆیان بکەن، هەروەها پێشانگایەکی هاوشێوە کەباس لەچیرۆکی توانا و لێهاتوی ژنان لەکۆمەڵگادا دەکرد بەوێنە رێکخرابو.



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,723,438     ژمارەی میوان 622

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە