تۆمەتباری سوتاندنی دەموچاوی کچێک بە تیزاب دادگایی دەکرێت

2022/05/30    416 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
دوای تێپەرینی نزیکەی ساڵێک بەسەر دۆسیەی سوتاندنی دەموچاوی بە تیزاب، ئەمڕۆ دوشەممە لە دادگای تاوانەکانی رەسافە لە بەغدا پرۆسەی دادگایکردنی تۆمەتباری دۆسیەی مەریەم روکابی بەڕێوەدەچێت، رێکخراوەکانی ژنانیش داوا دەکەن دادگا توندترین سزای تۆمەتبارەکە بدات.
 
رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ساڵی رابردو، مەریەم روکابی تەمەن ١٧ ساڵ، لە بەغدا لە لایەن کوڕێکەوە دەموچاوی بە تیزاب سوتێنرا، هۆکارەکەشی وەک دایکی مریەم باسی لێوەکردبو، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کچەکەی رەتیکردوەتەوە ھاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کوڕەدا بکات، چونکە کچەکەی هەمو ئاواتی ئەوە بوە خوێندن تەواو بکات.
 
هاوکات هەر ئەمرۆ دامەزراوەی مافەکانی ژنان لە عێراق لەراگەیەنراوێکدا رایانگەیاند: "داوا دەکەین سەرجەم داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان ئەمڕۆ لەبەردەم دادگای رەسافە ئامادە بن بۆ ئەوەی پێکەوە فشار بکەینە سەر دادگا تاکو لەسەر دۆسیەکەی مەریەم بڕیارێکی دادپەروەرانە بدرێت".
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,356,103     ژمارەی میوان 546

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە